دەزگای دادی ئەڵمانیا بەرامبەر بە کولتوری کوردی لە ژێر تاقیکردنەوەدایە!

لە ئەڵمانیا دۆسیەی دژ بە قەدەغەکردنی دەزگاکانی چاپ و پەخشی میزۆپۆتامیا و میر موزیک، کە دوو دەزگای گرنگی رۆشنبیری و هونەریی کوردین، ڕۆژی چوارشەممە لە دادگای کارگێڕیی فیدراڵ دەستپێدەکات.

دەزگای چاپ و پەخشتی میزۆپۆتامیا لە ساڵی ١٩٩٥ەوە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە زمانەکانی کوردی، تورکی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، فەرەنسی، عەرەبی و فارسی بەرهەمەکانی چاپ و بڵاو دەکاتەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوە، کە کوردستانیان لە ئەڵمانیا کولتور و زمان و ئەدەب و رۆشنبیریی خۆی بناسێت و فێری ببێت.

میر میوزیک (MIR Multimedia GmbH) بە هەمان شێوە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە، دەیان سی دیی موزیکی کوردیی بڵاو کردووەتەوە و خزمەتێکی گرنگی بە هونەری کوردی کردووە.

بەڵام لە ١ی شوباتی ٢٠١٩دا لەلایەن هۆرست سیهۆفێر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیاوە، ئەو دوو دەزگایە قەدەغەکران و داخران. لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٩دا پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ئەو دوو دەزگایە و کەلوپەلی ئەو دەزگایانەی زەوت کرد و دەرگاکەیانی کڵۆم کرد.

پۆلیس لە هەڵکوتانەکەیدا بۆ سەر ئەو دامەزراوانەدا دەستی بەسەر هەزاران کتێب و سی دی دا گرت، لەوانە کتێب و سی دیی فێربوونی زمانی کوردی و کتێبی منداڵان بە کوردی و کتێبەکانی مێژووی کوردیان تیادا بوو. وەزارەتی ناوخۆ، قەدەغەکردنی سەر پەکەکەی لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئەڵمانیا کردووە بە پاساو بۆ قەدەغەکردنی ئەو دەزگا ئەدەبی و هونەریی و رۆشنبیرییانە.

ئەو قەدەغەکارییە لە ئەنجامی مامەڵەی نێوان حکومەتی مێرکل لەگەڵ دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دا ئەنجام دراوە، بۆیە کوردان ماوەی ٣ ساڵە لە دژی قەدەغەکردنی ئەو دەزگا کولتوری و رۆشنبیری و هونەرییانە لە جەنگ و تێکۆشانێکی یاسایدان. دوای تۆمارکردنی سکاڵای پارێزەرانی ئەو دوو دەزگایە، پرۆسەی دادگایکردن لە مانگی ئازار لە بەرزترین دادگادا لە دادگای کارگێڕیی فیدڕاڵ دەستپێدەکات، کە ئەو دادگایە بە زۆری و بە شێوەیەکی سەرەکی کێشەکانی نێوان هاوڵاتیان و دەوڵەت چارەسەر دەکات.

دادگا بە دانیشتنێک بڕیار دەدات

دانیشتنی دادگا بۆ ئەو سکاڵایە، کە لەلایەن پارێزەرانی دەزگا کوردییەکانەوە تۆمار کراوە، ڕۆژی چوارشەممە لە دادگای کارگێڕیی  فیدڕاڵ لە لایپزیگ بەڕێوەدەچێت.

ئەو دادگایە لە ئەڵمانیا تاکە ناوبژیوان و بەردەنگە لە خەبات و تێکۆشانی یاسایی کولتوری کوردی، دژ بەتاوانبارانکردن، دادگاکە لەو دانیشتنەدا بڕیاری خۆی ڕادەگەیەنێت، بۆیە نەک هەر کوردستانیان، بەڵکو هێزە چەپ و دێموکراتەکانی چاودێر بەسەر سانسۆری دەوڵەتی ئەڵمانیاوە، لە ئێستاوە چاوەڕێی بڕیارەکەى رۆژی چوارشەممەى دادگاکەن.

پارێزەرانی دەزگای چاپ و پەخشی میزۆپۆتامیا و و دەزگای بڵاوکەرەوە  و بەرهەمی هونەریی میر میوزیک دکتۆر پیر ستۆل، دکتۆر لۆکاس تیون و بێرتهۆڵد فریسنیوس لە سکاڵاکەیاندا ڕایانگەیاندووە، گرنگترین دەنگی کولتوری کورد لە ئەڵمانیا لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٩ەوە لەلایەن وەزاەرتی ناوخۆ داخراوە و دەیانەوێت ئەو قەدەغەکارییە هەڵبوەشێتەوە.

 پارێزەران ڕاشیانگەیاندووە، ئەو دوو دەزگایە ساڵانێکە خزمەتی کولتور و مۆسیقای کوردییان کردووە و ئەو قەدەغەکارییە لە ئەڵمانیا لە ژێر گوشاری دەوڵەتی تورک و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دیکەی سەر کوردستاندا ئەنجامدراوە. پارێزەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەبێت کتێبەکان و ئەرشیڤی مۆسیقا و سیدیەکان، کە دەستیان بەسەردا گیراون، ڕادەستی ئەو دەزگایانە بکرێنەوە.

کورد لەبەردەم بینای دادگاکەدا ئامادە دەبێت

لە ڕۆژی دانیشتنی دادگاکەدا، کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە کاتژمێر ١٠:٠٠ دا لە بەردەم بینای دادگای "سیمپسۆنپلاتز ١" دا  خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام دەدەن.

چاوەڕوان دەکرێت زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندان و موزیکژەنانی کورد ئامادەی خۆپیشاندانەکە بن و داوا لە دادگا بکەن، کە قەدەغەی سەر چاپ و پەخشی میزوپۆتامیا و میر موزیک هەموار بکاتەوە.

پێش ئەو کەیسە نزیکەی ١٠٠ نووسەر، ڕۆژنامەنووس، ئەکادیمی، دەزگای چاپ و پەخش و دەزگا میدیاییەکان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پشتیوانییان لە خەباتی یاسایی دەزگای چاپ و پەخشی میزۆپۆتامیا و میر موزیک کرد.

 لەو راگەیاندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، ئەو قەدەغەکارییە لە ئەڵمانیا هاوشێوەی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکە لەسەر گەل و کولتور و رۆشنبیریی کورد و ڕایانگەیاند، "پێویستە ئازادیی فکر و هونەر، کە لە ئەڵمانیا بە دەستوور مسۆگەرکراوە، بۆ کوردانیش لەم وڵاتەدا پەیڕەو بکرێت".

ژ.ت