"هەوڵدەدەم ئازارەکانی ژنان پیشانی کۆمەڵگا بدەم"

ژنە شێوەکارێک کە ژمارەیەک وێنەی توندوتیژی دژی ژنانی نیمایش کردووە، دەلێت: "وێنەکانم گوزارشت لەخۆم دەکات و ڕەنگدانەوەی خۆمە وەکو ژنێک کە جۆرەها توندوتیژی بەرامبەرمان کراوە".

سوعاد عەبود کە ژنێکی بە نەتەوە عەرەبە لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان دەژێت، سوعاد لەماوەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرنگارابوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەبازاری مۆڵی کەرکوک هەستاوە بە نمایش کردنی ژمارەیەک وێنە کە باس لە ئازار و جۆرەکانی توندوتیژی دەکەن دژی ژنان، وەکو خۆی دەلێت بەردەوام دەستپێشخەری دەکەم لە نمایشکردنی ئەم کارانە تا کۆمەڵگاکەم هۆشیار بکەمەوە لەو توندوتیژیەی کە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت بە هەموو جۆرەکانیەوە، سوعاد هەر وەکو خۆی دەلێت"خۆمیش قوربانی توندوتیژی بوومە کە لە وێنەکانمەوە ڕەنگی داوەتەوە".

بۆ زیاتر تیشک خستنەرسەر وێنەکانی سوعاد عەبود، ئاژانسی هەواڵی فورات چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ئەو ژنە شێوەکارە ئەنجامدا و ناوبراو بەم شیوەیە باسی لە وێنەکانی و ئامانج لە نمایش کردنی کرد:-

هەوڵدەدەم ئازارەکانی ژنان پیشانی کۆمەڵگا بدەم

لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکدا خۆی ناساند و باسی هۆکاری نیمایشکردنی وێنەکانی کردوو ووتی: "من ناوەم (سوعاد عەبود)ە هونەرمەندی شیوەکاری وێنەکێشانم، ماوەی ٢٥ ساڵە حەزم لە وێنەکێشانە و دەسپێشخەری دەکەم بۆ نمایشکردنی تابلۆکانم چونکە زۆر حەزم بەم کارە هونەریانەیە کە بەدەستی خۆم ئەنجامم داوە و هەوڵدەدەم ئازارەکانی ژنان پیشانی کۆمەڵگا بدەم".

وێنەکانم ڕەنگدانەوەی خۆمە وەکو ژنێک

سەبارەت بە ناوەڕۆکی وێنەکانی و ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی ژیانی لەسەر وێنەکان، ئەو ژنە شیوەکارە ئاشکرای کرد: "ئەم وێنانەی نمایشم کردووە گوزارشت لەخۆم دەکات و ڕەنگدانەوەی خۆمە وەکو ژنێک، بەداخەوە لە کۆمەڵگاکەمان ژنان هەن کە قوربانی توندوتیژین کە لەم وێنانەدا وێنەم کردووە کە جۆرەها توندوتیژی بەرامبەرمان دەکرێت بۆ نموونە یەکێک لە وێنەکانم دەلێت کاتێك کە کۆمەڵگا و کەسوکار بە ژنان دەلێن (بێ دەنگ بە و قسە مەکە تۆ ژنی) نابێت هیچ دەنگت هەبێت و هیچ بیروڕێکت هەبێت، وێنەیەکی دیکەم باسی ئەوە دەکات کە ژنان زیندانی کراون لە ماڵەوە بۆیە ژنان لە دەرەوەی ماڵ و لەناو ماڵ هەر ئازار دەدرێن و زیندانی دەکرێن، وێنەیەکی دیکەم وێنەی ژنێکە کە بێ دەنگ کراوە، بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژنان بەردەوام دەکوژرێن کە بێ دەنگی ڕەتدەکەنەوە کە ئەمەشم لە وێنەیەکی دیکە نمایش کردووە".

ناکرێت توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەردەوام بێت

سەبارەت بە نمایش کردنی ئەم وێنانە لەماوەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سوعاد عەبود ڕایگەیاند: "من لەم کاتەدا وێنەکانم نمایش کرد تا تاکەکانی نێو کۆمەڵگا ئازار و قوربانییەکانی ژنان ببینێت و بزانێت کە ژنان چییان دەوێت و چی پێویستە تێبگەن لەو توندوتیژیەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، ناکرێت توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەردەوام بێت چونکە ژنانیش بیروەڕی تایبەت بەخۆیان هەیە کە پێویستە دەریببڕن بەبێ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەریان بکرێت".

ڕۆڵی ژنان بەرز ڕابگرن

لەکۆتایدا سوعاد عەبود هونەرمەندی شیوەکار پەیامێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگاکەی کرد و ووتی: " پێویستە هاوژینەکان لە یەکتر تێبگەن تا توندوتیژی پەیدا نەبێت، چونکە لەپێناو ژیانێکی بەختەوەر پێویستە لەسەر پیاوان ڕۆڵی ژنان بەرز ڕابگرن و هاوژینەکانیان هاوبەشیان بکەن لە تەواوی بڕیارەکانیان تا بگەنە ئاستی هاوڕێ ژیانی یەکتر نەک بگەنە ئاستی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر یەکتر".

هـ . ب