هونەرمەندانی کورد: ئەو دراما تورکییانەی نمایش دەکرێت پێچەوانەی کلتور و ئەخلاقی کۆمەلگای کوردییە

هونەرمەندانی باشوری کوردستان دەڵێن: " نەریتی خراپی دراما تورکییەکان گواستراونەتەوە بۆ نێو کۆمەڵگاکەمان، بەزەقی هەست بە کەمتەرخەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەین لە سانسۆرنەکردنی هەندێک درامای بیانی دا".

هونەرمەندانی دەرهێنەر و شانۆکارانی کوردی باشوری کوردستان، نیگەرانن لە پەخشکردنی دراما بیانیەکان بەگشتی و درامای تورکی بەتایبەتی و دەڵێن، لە ڕێگەی فیلم و زنجیرە دراماکان، کۆمەڵگای کوردی ڕێگە دەدات کلتوری ووڵاتانی دیکەی وەکو تورک زاڵ بێت بەسەر کلتوری کوردی.

هەروەها هونەرمەندانی کورد ڕەخنە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان دەگرن کە کەمتەرخەمە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە پاراستنی کۆمەلگا لە کاریگەرە خراپەکانی ئەو فیلمە بیانیانەی کە نمایش دەکرێن بەبێ هیچ پشکنین سانسۆرێک، هەروەها وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان تاوانبار دەکەن بەوەی کە هونەرمەندانی پشتگوێ خستووە و پشتیوانی بەرهەمی هونەری ناوخۆ ناکات.

تێکدانی کۆمەڵگایەی لەڕێگەی فیلمی بیانی

نەژاد نەجم شانۆکاری دیاری شاری کەرکوک باشوری کوردستان، سەبارەت بەزیانی فیلم و زنجیرە دراما بیانییەکان لەسەر کۆمەلگای کوردی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئێمە وەکو هونەرمەندان هەمیشە باسمان لەوە گرفت و زیاننانە کردووە کە بەر کۆمەڵگای کوردی کەوتووە بەهۆی فیلم و زنجیرە بیانیانەکان بەتایبەتی فیلمی تورکی کە زیانێکی زۆری لەنیو ماڵی کورد داوە، ئەمە تێکدانی کۆمەڵگایەی لەڕێگەی فیلمی بیانی لەڕێگەی کەناڵەکانەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها وەزارەتی رۆشنبیریش بەرپرسیارە لەوەی کە هیچ جۆرە سەنسۆڕێک ناخاتە سەر ئەو فیلم و زنجیرە بیانیانەی کە زیان بە کۆمەڵگای کوردی دەگەینن".

کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر پەروەردەکردنی منداڵانی کورد

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی کاریگەرییە خارپەکانی فیلمی بیانی لەسەر تاکەکانی خێزانی کۆمەڵگای کوردی، نەژاد نەجم ووتیشی: " کاریگەری خراپی ئەم فیلم و دراما بیانیانە لەسەر منداڵ و گەورەی نێو خێزان دەبێت و دەبینین لاسایی ڕووداوەکانی نێو فیلمەکان دەکرێتەوە، ئەو کارەساتانەی کە رۆژانە ڕوودەدەن وەکو بابەتی خیانەتی هاوسەری، کوشتن، دزیکرد و هەڵهاتن لە زیندان...هتد، هەموو ئەمانە کاریگەریی خراپیان دەبێت لەسەر پەروەردەکردنی منداڵانی کورد چونکە منداڵانی کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی لاسایکەرەوەیە ".

ئەتوانین جێگەرەوەمان هەبێت

هەروەها سەبارەت بەجێگرەوەی ئەو فیلم و زنجیرە درامایانەی کاریگەری خاپیان هەیە لەسەر کۆمەلگاکەمان، ئەو شانۆکارە ووتی: " ئێمەی هونەرمەندان هەمیشە ووتوومانە کە ئەو دراما و فیلمانە لێبدەین کە نزیکترە لە کۆمەڵگاکەمان کە بۆ نموونە فیلم و زنجیرە درامای ئێران زیاتر نزیکترن و بەرهەمە هونەرییەکانیان زیاتر نەرمترن بەشێوەیەک کە خێزان بتوانێت تەمەشای بکات، ئەگەر نەتوانین تەواوی فیلم و زنجیرە دراماکان ڕەتکەینەوە ئەتوانین جێگەرەوەمان هەبێت".

کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەلگا دروستکردووە

هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستیان وەکو هونەرمەندان لەسەر ئەو فیلم و زنجیرە درامایانەی کە شیرزەی کۆمەڵگایان تێکداوە ناوبراو ووتی: "ئێمە وەکو هەنەرمەندان هەمیشە داوامان لە وەزارەتی رۆشنبیری کردووە کە سەنسۆڕێک لەسەر ئەو فیلم و زنجیرە درامایانە دابنێت کە کاریگەری خراپیان لەسەر پەروەردە و خێزانی نێو کۆمەلگا دروستکردووە".

فیلمە تورکییەکان جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ کۆمەڵگاکەمان نیە

سەبارەت بە بەربەست و ئەو هۆکارانەی کە هونەر و بەرهەمی کوردی نەیتەوانیوە ببێتە جێگرەوەی فیلم و دراما بیانییەکان، نەژاد نەجم ووتی: " یەکەم هۆکار ئەوەیە کە وەزارەتی رۆشنبیری و کەناڵەکەکان ئەو بڕە پارە زۆرەی کە تەرخان دەکرێت بۆ دۆبلاژکردنی فیلم و زنجیرە دراما بیانییەکان، ئەگەر ئەو بوودجەیە تەرخانکرایە بۆ بەرهەمێنانی بەرهەمی کوردی ئەوە دەکرا کاری جوانتر پێشکەش بکەین بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری و کەنالەکان هەوڵدەدەن کەمترین بڕە پارە خەرج بکەن لەبری ئەوەی پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆ بکەن دەچن لە زنجیرە فیلمێکی تورکی ٩٠٠ ئەڵقەیی تورکی دۆبلاژ دەکەن کە ئەو زنجیرە فیلمە تورکیانە جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ کۆمەڵگاکەمان نیە".

ببینە جێگرەوە بۆ فیلم و زنجیرە دراما بیانییەکان

لە کۆتایدا سەبارەت بە پەیامی خۆی وەکو هونەرمەندێک، نەژاد نەجم شانۆکاری دیاری شاری کەرکوک و باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " کۆتا پەیامم ئەوەیە کە ئێمە وەکو هونەرمەندانی کوردستان بتوانین بەرهەمی خۆماڵی زیاتر بەرهەم بهێنن بۆئەوەی ببینە جێگرەوە بۆ فیلم و زنجیرە دراما بیانییەکان، پێویستیشە لەسەر وەزارەتی رۆشنبیری بە ئەرکی خۆی هەلبستێت و پشتیوانی هونەرمەندانی ناوخۆی کوردستان بکات و ئەو بڕە پارەیەی دەدرێت بە دۆبلاژ و کڕینی بەرهەمی بیانی، تەرخان بکرێت بۆ هونەرمەندانی کوردستان تا بتوانین بەرهەمی هونەری ناوخۆی بەرهەم بهێنین".

لەگیرفانی خۆمان پارە دەدەین بۆ پیشکەش کردنی بەرهەمی کوردی

عادل چاوشین نووسەری شانۆیی و شانۆکاری دیاری شاری کەرکوک، ووتی: "بەگشتی لە باشوری کوردستان کاری هەنەری لاوازە بەتایبەتی کاری سینەما و شانۆ، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە زۆربەی هونەرمەندانی کوردستان لەگیرفانی خۆمان پارە تەرخان دەکەین بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی کوردی، بەپێچەوانەی هونەرمەندەکانی ووڵاتانی دەرەوە کە تەواوی بەشداربووانی بەرهەمە هونەرییەکان قازانج دەکەن بەڵام لە کوردستان تەنانەت بەرهەمە هونەرییەکان لە پارەی خۆمان خەرج دەکەین، هۆکاری سەرەکی لاوازی بەرهەمی ناوخۆیی بی پشتیوانی لایەنی پەیوەندیداری حکومەتە".

ئەوەی لە فیلم و دراما تورکییەکان نمایش دەکرێت پێچەوانەی کلتور و ئەخلاقی کۆمەلگای کوردییە

دەربارەی کاریگەری فیلم و زنجیرە درامای تورکی لەسەر کۆمەڵگای کوردی، هونەرمەند عادل چاوشین، ووتی: "لە کوردستان هونەری بەتوانامان زۆرە و پیویستمان بە فیلم و زنجیرە درامای تورکی نیە بەڵام خەرج نەکردنی پارە بۆ بەرهەمی کوردی وایکردووە نەتەوانین بەرهەمی زۆر جوان پێشکەش بکەین، ئەو فیلم و زنجیرە دراما تورکییانە کاریگەری و زیانی خراپیان هەیە لەسەر کۆمەڵگای کوردی، ئەوەی لە زنجیرە فیلمە تورکییەکان نمایش دەکرێت پێچەوانەی کلتور و ئەخلاقی کۆمەلگای کوردییە، بۆ نموونە دەبینین لەو زنجیرە درامانە کچێک پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکات سگپرە، ئەمەش دژی داب ونەرێتی کلتوری کوردی و بیروباوەری ئاینی کۆمەلگاکەمانە، ئەوە کەناڵانەی کە فیلم و زنجیرە درامای تورکی پەخش دەکەن ئامانجان تێکدانی گەنجانی کوردە".

وەزارەتی رۆشبیری هەرێم کەمتەرخەمە لە سەنسۆرکردن

هەروەها سەبارەت بەرۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان لە پشتیوانی بەرهەمی هونەرمەندانی ناوخۆ و سەنسۆڕکردنی ئەو زنجیرە فیلمانەی کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەلگاکەمان هەیە، ئەو هونەرمەندە ووتی: " وەزارەتی رۆشنبیری زۆر کەمتەرخەمە و هونەرمەندانی کوردستانی پشتگوێ خستووە، ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و پارە بۆ بەرهەمی ناوخۆی دابین بکات، ئەوەی ئێمەی هونەرمەندانی کوردستان دەتوانین بەرهەمی جوان و بەهێز پێشکەش بکەین، هەروەها وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر پاراستنی داب و نەریتی کۆمەلگای کوردی کەمتەرخەمە چونکە کاتێک فیلمێکی بیانی وەکو فیلمی تورکی پەخش دەکرێت، بەبێ پشکنین ئەو زنجیرە فیلمانە لە سارچاوەکانەوە بەبێ هیچ سەنسۆرێک لەڕێگەی کەناڵەکانەوە دێتە ناو کۆمەڵگاکەمانەوە".

وەزارەتی رۆشبیری هەرێم هونەرمەندانی پشتگوێ خستووە

لە کۆتایدا عادل چاوشین هونەرمەندی شاری کەرکوک، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات-ەوە پەیامێکی پێشکەش کرد و ووتی: "داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان دەکەم کە پشتیونای هونەرمەندانی باشوری کوردستان بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی بکات، شاری کەرکوک هونەرمەندی زۆر بەتوانای تێدایە بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هونەرمەندانی شارەکەی پشتگوێ خستووە".

نەریتی خراپی دراما تورکییەکان گواستراونەتەوە بۆ نێو کۆمەڵگاکەمان

هونەر تاهیر دەرهێنەر و شانۆکاری دیاری قەزای کۆیە، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی فیلم و زنجیرە درامای تورکی لەسەر کۆمەلگای باشوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "لەسەدا سەد زنجیرە دراما تورکییەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر کۆمەلگای کوردی لە باشوری کوردستان، ٩٩٪ی کاریگەرییەکانی فیلمی تورکی کاریگەری خراپ و نەرێنیە، کۆمەڵێک نەریتی خراپی ئەو فیلم و زنجیرە درامای تورکیانە گواستراونەتەوە بۆ نێو کۆمەڵگاکەمان، چونکە ئەو ژیانەی لە فیلمە تورکییەکان نمایش دەکرێت دوورە لە ڕاستیەوە و تەنانەت خودی ئاکتەرە تورکییەکان ئەو ژیانە ناژێن کە نمایش دەکرێت".

بەرهەمی ناوخۆ زیاتر ڕەچاوی داب و نەرێتی دەکات

سەبارەت بە بەرهەمی ناوخۆی کوردی، هونەرمەند هونەر تاهیر ووتی: "دراماکانی وەکو دراماکانی حوسێن میسری و چەند درامایەکی کوردی کە ئەمساڵ پەخش کراون، جێگای گەشبینی و خۆشحاڵی بۆ من وەکو هونەرمەندێک کە دەبینم ئاکتەر و دەرهێنەری خۆمان بەرهەمی خۆماڵی بەرهەم دەهێنن، بەرهەمی ناوخۆی وا دەکات دەرهێنەر زیاتر ڕەچاوی ئەو داب و نەریتیە قیزەونانەی نێو کۆمەڵگا بکەن و هەوڵی چارەسەری بدەن بەپێچەوانەی فیلم و زنجیرە درامای تورکی و بیانی دیکە کە کاریگەری خراپ بکەنە سەر کۆمەلگای کوردی".

تورک لەڕیگەی فیلمەکانیانەوە کلتوری خۆیان دەسەپێنن بەسەرماندا

هەروەها ئەو هونەرمەندە دەربارەی کاریگەری خراپی زنجیر دراما تورکییەکانووتی: "لە زۆربەی فیلم و زنجیرە دراما تورکییەکان مافیا کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات، لە باشوری کوردستانیش هاووڵاتیان بەئاسانی دەتوانن دەستیان بەچەک بگات، لەوانەیە کەسانێک هەوڵبدەن لاسایی ڕووداوەکانی نێو فیلمە تورکییەکان لە (واقیع) بدەن کە ئەمەش بە زیان بەسەر تاکەکانی نیو کۆمەڵگادا دەشکێتەوە، تورکەکان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی نمایشی زنجیرە فیلمەکانیان کلتوری خویان جوان نیشان بدەن و کلتوری خۆیان بسەپینن بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا".

خەریکە نەریتەکانی خۆمان لەناودەبین

هەروەها لە درێژەی قسەکانی دەربارەی کاریگەرییە خراپەکانی فیلم و زنجیرە درامای تورکی، هونەر تاهیر دەرهینەر و شانۆکار، ووتیشی: "دەبین لەئیستادا لە ئاهەنگی هاوسەرگیری لە باشوری کوردستان لاسایی ئاهەنگی تورکەکان دەکرێتەوە لەکاتێکدا لە کوردەواری مەرسیمی جوانمان هەیە بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری مارەکردن و تەواوی ئەو بابەتانە، هەستدەکەین کۆمەڵگاکەمان بەرەو کۆمەلگای دەرەوەبوون دەچێت، بەهۆی ئەوەی کە وا خەریکە خۆمان نەریتەکانی خۆمان لەناودەبین و نەریتی کۆمەلگایەکی دیکە بەسەر خۆماندا زاڵ دەکەین".

بەزەقی هەست بە کەمتەرخەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەین

هەروەها سەبارەت بە نەبوونی سەنسۆڕ لەسەر فیلمە بیانیەکان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، ناوبراو ووتی: "نەبوونی سەنسۆر لەلایەن وەزارەتی رۆشنبری بەسەر فیلم و زنجیرە دراما بیانییەکان زۆر بەزەقی دەبینین، دەبینین لەکاتی دۆبلاژکردنی فیلمە بیانییەکان جنێوو قسەیەکی ناشرینی زۆر هەیە، کە منداڵانی کۆمەلگاکەمان ئەو جنێوانە لە ژیانی رۆژانە لە ماڵ و قوتابخانە و شەقامەکان بەکاری دەهێنن، پیویستە سەنسۆڕ هەبێت بەڵام ئازادی پێشەڵکردن نەبێت، هەندێک دراما هەیە بەکەلکی بەخش کردن نایات بەڵام پەخش دەکرێت وە بەزەقی هەست بە کەمتەرخەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان دەکەین لە نەبوونی سەنسۆر".

هۆکاری سەرەکییە بۆ نەبوونی بەرهەمی هونەری ناوخۆیی

سەبارەت بەهۆکاری ئەوەی کە بۆچی هونەرو بەرهەمی کوردی نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی بەرهەمە بیانییەکان، هەروەها ئەو دەرهێنەر و شانۆکارە، ڕایگەیاند: " نەبوونی پاڵپشتی کردنی بەرهەمی هونەری کوردی لەلایەنی دارایی هۆکاری سەرەکی بۆ نەبوونی بەرهەمی هونەری ناوخۆیی، چونکە بەبێ جەرجکردنی پارە و دابین نەکردنی بوودجەی پێویست ناتوانرێت بەرهەمی باش بەرهەم بهێنرێت و پەخش بکرێت".

خاوەنی کەناڵەکان بەخۆیانەوە بچنەوە

لەکۆتایدا هونەر تاهیر وەکو هونەرمەندێک، پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و ووتی: "حکومەتی هەرێم پاڵپشتی دارایی هونەرمەندە بەتواناکان بکات، نەک تەنها پاڵپشتی هەندێک هونەرمەند بەبڕە پارەیەکی خەیاڵی کە سەدان ملیۆن دینارە کە بەرهەمەکانیشیان هیچ بوونی نەبێت، پێویستە ساڵانە پاڵپشتی ژمارەیەک هونەرمەند بکەن بۆ بەرهەمهێنانی دراما وە لێپرسینەوەش هەبێت تا بەرهەمە هونەرییەکان بەرهەم بهێنن، هەروەها خاوەنی کەناڵەکان بەخۆیانەوە بچنەوە چونکە هەر منداڵەکانی خۆیان لەم کۆمەلگایە تەمەشای ئەو بابەتانە دەکەن کە پەخشی دەکەن، بەلایەنی کەمەوە ئەگەر لەپێناو پاراستنی بەها کۆمەڵایەتیەکانی ئێمە نەبێت ئاگاداری منداڵەکانی خۆیان بن لەو بابەتانەی کە دۆبلاژی دەکەن".

ژ.ت