کۆبانێ: لەبەرانبەر هێرشەکانی سەر عەین عیسا بێدەنگ نابین

بارین کۆبانێ فەرماندە لەناو ریزەکانی یەپەژەدا نارەزایی لەبەرانبەر هێرشەکانی سەر عەین عیسا پیشاندا و وتی، "ئێمە وەک یەپەژە، لەبەرانبەر هێرشەکان بێدەنگ نابین."

ماوەیەکی زۆرە بێوەستان هێرش لەبەرانبەر هەرێمەکانی سەر بە عەین عیسای رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدرێت. بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنی دەکرێنە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیدا خەڵکی مەدەنی شەهید و بریندار دەبن.

لەگەڵ ئەوەی رێککەوتن لەنێوان رووسیا و تورکیا کراوە، بەڵام دەوڵەتی تورک ٢ کیلۆمەتر لە عەین عیسا نزیک بووەتەوە و بارەگای سەربازی و ئامێری تەرمالی جێگیر کردووە.

'رژێمی سوریا و رووسیا لەبەرانبەر هێرشەکان بێدەنگن'

باری  کۆبانێ فەرماندە لەناو ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دا لەمبارەیەوە وتی، "هێرش لەبەرانبەر عەین عیسا هەیە. لە دەڤەرەکە بە هەزاران کەس دەژین. زیانی مادی بەر ناوچەکە دەکەوێت، خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن و بریندار دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا وابەستەی خاک و زێدی خۆیانن و دەڵێت؟ 'تا کۆتایی دەمێننەوە و بەرخۆدان دەکەن'."

کۆبانێ ئاماژەی بەوەکرد، "هیچ کاتێک دەست لە زێدی خۆیان هەڵناگرن و گەل لە هەڵوێست و بێدەنگی رووسیا و رژێم نارازیە. لەم هێرشەی دواییدا گەل بە شێوەیەکی جددی، نارەزایی لەبەرانبەر هێرش و هەڵویستەکان پیشاندا و رایەنگەیاند، ئەوان تا کۆتایی لە زێدی خۆیان دەمێننەوە و خاکی خۆیان دەپارێزن."

'بێ وڵام نامێنێتەوە'

فەرماندە بارین کۆبانێ وتی، "ئێمە وەک یەپەژە لەبەرانبەر هێرشەکان بێدەنگ نابین. هەرچیەک ببێت، لە بەرانبەر هێرشەکان ئامادە دەبین. هێرش ناکەینە سەر هیچ کەسێک. سوپای داگیرکەری تورک هێرش دەکات. بێدەنگی ناتۆش لەبەرانبەر هێرشەکان نیشانی رێککەوتنێکە. ئێمە شەڕڤانی ئەم گەلەین. ئەگەر وڵامی هێرشەکان نەدەینەوە، مێژوو لێمان نابورێت. یەک گولە لەم خاکە بکەوێت، وڵام دەدەینەوە، سەرمان دانانەوێنین. ئێمە قەرزاری گەلی خۆمانین. لە سەر هەر بستێکی ئەم خاکە، خوێنی شەهیدێک هەیە. ئێمە لەسەر ئەم خاکە لەدایک و گەورەبووین. شەرەف، بەها و میراسێک بۆ ئێمە جێهێڵراوە. ئێمە تا کۆتایی خاوەنداری لەم میراسە دەکەین. باجماندا، پێویست بکات باجی زیاتر دەدەین. گەلی ژێردەستە و هەژار لە کوێ بێت، ئێمە لەوێ دەبین."

ف.ق