کۆمیتەی کولتور و هونەری پەکەکە یادی خەلیل داغی بەرزڕاگرت

کۆمیتەی کولتور و هونەری پەکەکە لە ١٥هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا یادی شەهید خەلیل داغی بەرزڕاگرت.

قارەمانی پێشەنگ، هونەرمەندی گەورە و هەڤاڵی خۆشەویست خەلیل داغ لە رۆژێکی وەک ئەمرۆدا ساڵی ٢٠٠٨ لە بۆسەیەکی سوپای تورکدا ژیانی لەدەستدا.

بەڵام ئەو ژیانی خۆی لە پاش خۆی وەک میراتێکی گرانبەها جێهێشت. بە وزەیەکی زۆر و خۆشەویستییەکی بێکۆتایی، لە سەر لوتکەی شاخەکان ١٣ ساڵ رەنجی بێهاوتای کێشا. ئەو بووە خەلیلی نوسەر، وێنەگر، سینەماکار، خەلیلی شۆڕشگێڕ، گەریلا، هاوڕێی رێبەر ئاپۆ؛ خەلیلی چیا؛ دۆستی چیاکان. خۆی لە خۆیدا خەلیل لە زمانی عەرەبیدا بە واتای نزیکترین هاورێ دێت، راستترین و خۆشەویستترین هاوڕێی چیاکان بوو.

هاوڕێ خەلیل ژیانێکی شایەنی ناوەکەی بەسەر برد. دەیگوت، 'کامێرایەکمان هەیە، هەڤاڵێتیەکمان هەیە'. هەر ئەوانەش بەس بوون بۆ ئەوەی هەموو چیرۆکەکانی ناو دڵی و ناو دڵی چیاکان بگێڕێتەوە. لە رادەبەدەر گەرمای ژیان، چری شەڕ، ماڵئاوایی لەناکاو، خەندە و خرۆشی گەریلاکان و یادەوەرییان نوسرایەوە. لە گەرمترین ساتەکانی شەڕدا ئامادەبوو. دیمەن و هەواڵی بەو جۆرەی گەیاند کە لەبیرناکرێن؛ بەرەیەکی نوێی شەڕی کردەوە. وێنەی گەریلاکانی بە دڵی خۆی تۆمار کرد. نیگاکانی چیا، یادەکانی ئەوان، هەست، بڕوا و خەون، دۆز و بەڵێنیانی بۆ ئێمە جێهێشت. بە فیلمەکانی چیرۆکانەی روویاندابوو، زیندووی کردنەوە، هۆنراوەی نوسی، بە هەستی ناسکی خۆی، بە قوڵایی هزر و بیردۆزی خۆی، ستاتیکای ژیانی گەریلای کردە وێژە.

هاوڕێ خەلیل چیاکانی خۆشدەویست، چیا و چیاییەکانیش، ئەویان خۆشدەویست. لە چیا ئاسێکان، دۆڵە قوڵەکان، لوتکە سەرکەشەکان، لە داوێن و زۆزانی چیاکان سوڕایەوە، بە هەموو چیرۆکە شاراوەکان و بەنیوەناچڵ ماوەکان سوڕایەوە. ساتەکانی لەدەستدان، ساتەکانی خەم و پەژارەی بە وردی بینی، تیایدا ژیا و دیمەنەکانی تۆمار کرد، بە نەمری هێشتنیەوە. لە ساتەکانی شەڕ، چالاکی، سەرکەوتنیشدا ئامادەبوو؛ لە رێپێوان، شەونشینی، ڤەند و گۆرانی گەریلاکانیشدا ئامادەبوو. لەگەڵ ئاو، خاک و ئاگری چیاکان ژیا و ژینگەی ئەوانی خۆشویست. بەهەموو شێوەیەک بووە خەلیلی چیاکان. بەم جۆرە دەیتوانی سینەمایەکی چیاکان ساز بکات. سەرباری هەموو دۆخە دژوارەکان و 'نەبوونی دەرفەت و کەلوپەلی پێویست' دەیتوانی کاری مێژوویی بخوڵقێنێت. سینەمای چیایی، سینەمای خەلیلی چیا بوو. سینەمای هەڤاڵ خەلیلیش سینەمای چیاکانی کوردستان بوو، سینەمای قارەمانێتی و ناوازەیی کوردان، سینەمای ئازادیی کوردان، کوردی ئازادبوو. سینەمای کوردی نوێی قارەمان کە خۆی لە دۆخی 'ئۆبژەی' مێژوویی رزگارکردووە و بووەتە بکەری ژیانی خۆی، گەیشتووەتە خودبوونی خۆی.

هاوڕێ خەلیل لە ژیانیدا نمونەی هەڤاڵێتی بوو. لە نوسین و فیلمەکانیدا بەردەوام جێگەی تایبەتی بە ژنی کوردی ئازاد و بزوتنەوەی ائزادی ژنان دەدا. بەڵام لەو گرنگیپێدانە زیاتر بووە روانگەی ئەو و دەیگوت، "دەبێت ژنی کورد بە هزری خۆیەوە بتوانێت بێتە ناو سینەماوە و بەچاوی خۆی لەم جیهانە بڕوانێت. ئەو چاوە گەورە، جوان و ئاگرینانەی کە ئۆبژێیەتی رووخاندووە، شێوازی تێگەیشتنی ئەو لە مرۆڤ و جیهان دەتوانێت پێشەنگایەتی بۆ سینەمای کوردان بکات".

خەلیل ژیانی خۆش دەویست، ژیانی ئازاد. گەریلا، چیا و رێبەر ئاپۆی خۆشدەویست. هەموو کات هەوڵی دەدا کە شایەنی ئەو بەڵێنە بێت کە بە رێبەر ئاپۆی دابوو. لە نوسینەکانیدا باس لە جۆش و خرۆشی ئەو ساتانە دەکات کەلەگەڵ رێبەر ئاپۆ تێیپەڕاندوون. بە شێوەی ئاپۆیی تێکۆشان و رێپێوانی بۆ چەندین ساڵ لە چیا درێژە پێدا.

ئەوەندە حەزی لە رێپێوان و باکور بوو. "رێپێوان لە چیای ئارارات" ناوی کۆتا پرۆژەکەی بوو. لەگەڵ گەریلاکاندا پەڕیەوە بۆ باکوری کوردستان و بەرەو بەرزایی هەڵکشا. بەو جۆرە هەر بەرزتر و بەرزتر دەچێت.

بەڵێن و ئەرکی ئێمە درێژەدان بەو رێپێوانەیە؛ رێپێوان بەرەو چیاکان، رێبەر ئاپۆ و ئازادی. رێپێوان بەرەو سینەمای خۆبەڕێوەبەر، جۆخێیی، چالاک و ئازاد. رێپێوان بەرەو ژیان، خۆشەویستی و هاوڕێیەتی.

وەک هەڤاڵ و رێبوارانی رێگەی هەڤاڵ خەلیل داغ، دەڵێین هەڤاڵ خەلیل داغ نەمرە".

هـ . ب