کۆمیتەی تەڤ چاندی پەکەکە ئیدانەی رێگریەکانی سەر فیلمی 'بۆ ئازادی' کرد

کۆمیتەی (تەڤ چاند /  TEV-CAND)ی پەکەکە ئیدانەی رێگرییەکانی سەر فیلمی 'بۆ ئازادی' لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی دا کرد و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە قەدەغەکارانەیە زیان بە رۆشنبیری و دۆزی ئازادیی کورد دەگەیەنێت.

کۆمیتەی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی هەرچەندە بانگهێشتی فیلمی 'بۆ ئازادی'یی کردبوو، بەڵام رۆژێک پێش نمایشکردنی فیلمەکە، بەبێ هۆکارێکی روون و هیچ پاساوێک بڕیاری دا، کە ئەو فیلمە لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی نمایش نەکرێت.

کۆمیتەی بزووتنەوەى رۆشنبیری و هونەری (تەڤ – چاند / TEV-ÇAND)ی پەکەکە کاردانەوەی بەرامبەر رێگرییەکانی سەر فیلمی "بۆ ئازادی" نیشاندا و رایگەیاند: "فیلمی 'بۆ ئازادی' بۆ پێنجەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی بانگهێشت کرابوو، بەڵام ڕۆژێک پێش نمایشکردنی فیلمەکە، راگەیاندرا فیلمەکە بۆ فیستیڤاڵەکە قبوڵ نەکراوە. دیارە هۆکارەکانی قەدەغەکردنی فیلمەکە بێبنچینە  و بێ بنەمان و هۆکاری سەرەکیی قەدەغەکارییەکە سیاسی و ماددییە. ڕای گشتیی کورد دەزانێت، کە ئەو  دەستێوەردانە لە کۆتا خولەکدا بەهۆی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە ئەنجامدراوە".

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دوو ساڵ پێش ئێستا دەوڵەتی فاشیستی تورک ڕێگەی نەدا فیلمی 'بۆ ئازادی' لە سینەماکانی شاری سلێمانی دا نمایش بکرێت. لە شارێکی کوردی وەک سلێمانی، کە بە رۆشنبیری و هونەرەکەی ناسراوە، جێگەی داخە ئەم جۆرە شتانە بەسەر فیلمێکی کوردیدا دەهێنرێت. ئەوە لە هەمان کاتدا تووڕەیی لێدەکەوێتەوە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوژمنی گەلی کوردە. بەهەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد و هێرشیش دەکاتە سەر ئەو فیلمە. هەرچۆنێک بێت نزیکایەتی و رەفتاری ئەوانەی دەبنە ئامرازێک بۆ ئەو هێرشانە ئەوە نیشان دەدات، کە لە نۆکەرایەتیدا هیچ سنوورێکیان نییە، ئەوە شتێکە لە تێگەیشتن بەدەرە و قبوڵ ناکرێت.

بۆچی دەوڵەتی تورک وەک گایەک، کە هێرش دەکاتە سەر شاڵێکی سوور، بەو شێوەیە هێرش دەکاتە سەر ئەو فیلمە؟ چونکە ئەو فیلمە ڕووی راستەقینەى کۆمەڵکوژکاربوون و بەربەریەت و بێبەشبوونی مرۆڤایەتیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ریسوا دەکات. دەمامکی ڕووی دەوڵەتی تورک هەڵدەماڵێت و رووە پیس و قێزەونەکەى ئاشکرا دەکات. فیلمەکە باس لە مافی خۆبەڕێوەبەری و تێکۆشانی خۆپاراستنی گەلی کورد دەکات. ئەو فیلمە باس لە بەرخۆدانی گەلی کورد دەکات بۆ ئازادی، باس لە قارەمانانی ئەو بەرخۆدان و بەرەنگارییە دەکات، بۆیە دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات لە هەموو شوێنێک ئەو فیلمە قەدەغە بکات و ڕێگە نەدات لە وڵاتانی تریش دا نمایش بکرێت.

ئەم فیلمە چۆن لە شارێکی کوردیی وەک شاری سلێمانیدا لەلایەن هێزێکەوە قەدەغەکراوە، کە خۆی بە هێزێکی کوردستانی وێنا دەکات، بەڵام  بە پێی داخوازییەکانی دەوڵەتی دوژمنی کوردان و فاشیست رێگری لەو فیلمە دەکات؟ جگە لەوەی ئێوە پشتیوانیتان لە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریی لە باکووری کوردستان نەکرد، بەشداریی بەرە و ریزەکانی گەلیش نەبویت، بەڵام وەک ئەوەی ئەوە بە کەم بزانیت هاتوویت رێگاش نادەیت فیلمێک لەسەر ئەو بەرخۆدانە بگاتە گەل و بەهۆی لاوازی و خۆپێنەگیرانتان بەرامبەر بە دوژمن ڕێگەی نمایشی پێنادەن! ئایا ئەمە پەسەندە؟ ئایا ئەو هەڵسوکەوت و رەفتارە لایەنێکی وەهای هەیە، کە بە هۆشمەندیی نەتەوەیی، بە تێگەیشتنی دیموکراسی و هونەری روون بکرێتەوە؟

ئەوانەی بەهۆی گوشارەوە نەیانهێشت فیلمەکە بەشداری فێستیڤاڵەکە بکات، ئەوەیان سەلماند، کە چەند بێ ئیرادەن و نۆکەرن و چەند  هەڵگری رۆحی کۆیلایەتین. ئەگەر لەبەر هۆکاری سیاسی و لە بەرامبەر هەلی دارایی و ماددیدا هەڵوێستێکی وەهایان هەبێت، ئەوا دۆخەکە زۆر مەترسیدارترە. ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە ئەو هێزە چەندە لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە دوورە و بەپێی بەرژەوەندییە سووکەکان هەڵسوکەوت دەکات.

ئەو قارەمانی و پاڵەوانێتییە، کە لەو فیلمەدا باسی دەکرێت، مایەی شانازی و شکۆیە بۆ هەموو گەلی کورد. ئەوە کەلەپوورێکی رۆشنبیری و مێژوویی گەورەیە. سەرچاوەی شەرەف و شکۆیە بۆ هەموو کوردێکی ئازاد، بۆیە پێویستە هەموو ئەو کوردانەی پشتگیری لە ئازادی دەکەن، پشتیوانی لەو بەرخۆدان و بەرەنگارییە و لەو فیلمە بکەن، کە ئەو فیلمە لەسەر ئەو بەرخودانە دروستکراوە.

هەروەها بۆ ئەو کەسانەش مایەی شەرمەزارییە، کە ڕێگریان لەبەشداریکردنی ئەو فیلمە لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی دا کردووە. دەبێت ئەو شەرمە پەردەپۆش نەکرێت. پێویستە رای گشتیی کورد ئەو هەڵوێستە نۆکەرانە و بێ کارەکتەرە ریسوا بکات و هەڵوێستیان لە دژی هەبێت. ئەگەر رای گشتیی کورد لەو بوار و بابەتەدا بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە و لەکاتی خۆیدا کاردانەوەی هەبێت و  ڕەخنەی لێ بگرێت، ئەوا دەتوانێت لەداهاتودا ڕێگری لەو جۆرە هەڵوێستانە بکات، کە زیان بە دۆزی ئازادیی گەلی کورد دەگەیەنێت.

ئێمە بە توڕەییەوە ئیدانەی ئەو هەڵوێستە دەکەین، کە رێگریی لە فیلمی 'بۆ ئازادی' کردووە و رایدەگەیەنین، کە ئەوە زیان بە رۆشنبیری و هونەری کوردی دەگەیەنێت، زیان بە دۆزی ئازادیی کورد دەگەیەنێت. داوا لە گەلەکەمان و رای گشتیی دیموکراتیک  دەکەین، کە بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە".

ژ.ت