كۆنگرەی گەل: پێویستە گەلی ئەرمینیا لە بەرامبەر خیانەتدا بوەستێتەوە

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی - گەل ئیدانەی ڕادەستکردنی دوو شەڕڤانی کورد لە لایەن یەریڤانەوە بە دەوڵەتی تورکیا کرد و ڕایگەیاند، "پێویستە گەلی ئەرمینیا لەبەردەم هەموواندا بەرامبەر ئەم خیانەتە بوەستێتەوە، گرنگە کەس بێدەنگ نەبێت".

دیوانی هاوسەرۆکی کۆنگرەی - گەل راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "دوو شۆڕشگێڕی کورد بە ناوەکانی ئاتیلا چیچەک (لەهەنگ) و حسێن یڵدرم (عەلیشێر) کە بۆ تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردستان چوون بۆ ئەرمینیا، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەرمەنەوە دەستگیرکران. لە ئەنجامی دادگاییکردنەکەدا دادگای پەیوەندیدار بڕیاری ئازادکردنی هەردوو کەسی دەرکرد. بەڵام سەرەڕای بڕیاری دادگا، ئەو دوو شۆڕشگێڕە کوردە ئازاد نەکران. هەردوو شۆڕشگێڕی کورد بە نهێنی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرانەوە”.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە؛

"دەسەڵاتدارانی وەزارەتی دادی ئەرمینیاش دامودەزگا كوردییەكانیان هەڵدەخەڵەتاند کە بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەكە دەکرد و راستیەکانیان دەشاردەوە. تا ئەو كاتەی هەواڵێك لە میدیاکانی تورکدا بڵاوكرایەوە، كە تیایدا بانگەشەی ئەوە دەكرا كە گوایە دوو شۆڕشگێڕی كورد لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە دەرەوەی سنوور دەستگیرکراون و بەم شێوەیە ڕووخساری ڕاستەقینەی حکومەتی پاشینیان بەدیارکەوت.

حكومه‌تی پاشینیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فاشیستی ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ رێككه‌وتنێكی گڵاوی كرد و له‌ ئه‌نجامدا دوو شۆڕشگێڕی كوردی به‌ ناوه‌كانی لەهه‌نگ و عەلیشێر راده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك كرد. ئه‌مه‌ ته‌نها خیانه‌ت له‌ گه‌لی كورد نییه‌، به‌ڵكو خیانه‌ته‌ له‌ گه‌لی ئه‌رمینیاش. سووکایەتییەکی گەورەیە بە گەلی ئەرمینیا.

هەرچەندە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردنی گەلی کورد و ئەرمینیا هێشتا بەردەوامە، بەڵام حکومەتی پاشینیان ئەم هاوکارییە پیسەی کرد. پێویستە رۆشنبیران و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی ئەرمینیا ئەم هاوکارییە قێزەونە شەرمەزار بکەن.

بۆ ژیانێکی پێکەوە لەسەر بنەمای ئازادی و ئارامی و یەکسانی خەڵکی کوردستان و خەڵکی جیهان، لاوانی شۆڕشگێڕی گەلی کوردستان بە باجێکی زۆرەوە خەبات دەکەن. تەسلیم کردنی ئەم گەنجە شۆڕشگێڕانە خیانەت و بێشەرەفیەکی گەورەیە بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە.

هاوکاری حکومەتی ئەردۆغان و پاشینیان جگە لە دڕندەیی و مەرگ بۆ گەلی ئەرمینیا و ناوچەکە هیچ مانایەکی تری نییە. وەستانەوە لەبەرامبەر ئەم خیانەت و گەندەڵی و قێزەونیە زۆر گرنگە بۆ ئایندەی ئازادی خەڵکی هەرێمەکە.

پێش هەموو شتێک پێویستە گەلی ئەرمینیا لە بەرامبەر ئەم خیانەتە بوەستێتەوە و کەس بێدەنگ نەبێت. داوا لە هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن بۆ بنیاتنانی سیستەم و کلتورێک کە پشت بە ئازادی و دیموکراسی ببەستێت لە پێناو لەناوبردنی سیاسەت و مێشکی تاوانباران و فاشیست و قڕکەرەکان."

ف.ق