لە رۆژئاوا کارگەی فێرکاری سینەما دەستپێدەکات

تەڤ-چاند لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کارگەی راهێنانی سینەما ساز دەکات. خولی پەروەردەکە ماوەی ٤٥ رۆژ دەخایەنێت. فێرخوازان دەتوانن تا ٥ ی نیسان ناوەکانیان تۆمار بکەن و لە ٨ی ئەو مانگەدا کارگەکە دەستپێدەکات.

بزوتنەوەی کولتور و هونەری دیموکراتیک (تەڤ-چاند) لە پرۆژەی کارگەی سینەمادا کە پێشەنگایەتی دەکات، کۆمۆنی فیلمی سینەما، شانۆی چیا و سینەشانۆ بە شێوەیەکی چالاکانە کارەکانی بەڕێوە دەبات. کۆمۆنی سینەما و شانۆی سەر بە تەڤ- چاند وەک هەموو جارێک بۆ ئەم پرۆژەیەش هەوڵەکانی خستە گەڕ.

وانەکانی کارگەی سینەما بریتین لە: مێژووی سینەما، خوێندنی فیلم، دەنگ، کورد و سینەمای شۆڕشگێڕی، دیکۆر، رێژی، رووناکی، مۆنتاژ و دەرهێنان. خەباتکارانی کولتور و هونەر شێرۆ هند، هاشم ئایدەمیر، نوعمان ییگیت، دیرۆک ئارتۆس و ئەکین رۆنی وانەکان دەڵێنەوە.

داواکاری بۆ ناوتۆمارکردن لە کارگەکە لە ٢٣ی ئادارەوە دەستیپێکردووە. تەمەنی فێرخوازان دەبێت لە نێوان ١٦-٢٥ ساڵدا بێت. ئەو کەسانەی ناو تۆمار دەکەن چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ساز دەکرێت و مەرجیش نییە کە پێشتر لە خواری کولتور و هونەردا بەشداربووبن. لە پەروەردەدا ئەوەی گرنگە حەز و ئارەزووە بۆ بوارەکە. ٨ی نیسان دەست بە کارگەکە دەکرێت و ماوەی ٤٥ رۆژ بەردەوام دەبێت.

دوای خولی پەروەردە بڕوانامە بە خوێندکاران دەدرێت. خوێندکارە باش و ئارەزومەندەکان دەتوانن بەشداری لە کۆمۆنی فیلمی رۆژئاوادا بکەن. ناوەندی کارگەکە لە قامیشلۆیە، بەڵام لە شارەکانی دیکەشەوە فێرخوازان بەشدار دەبن.

خوێندکاران دوای بەشداری لە پەروەر بەشداری لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی کورتە فیلمدا دەکەن کە لە هاویندا دەست بە کاری وێنەگرتنیان دەکرێن.

لەم ساڵانەی دواییدا زۆر فیلم سازکراون. کۆمۆنی فیلمی رۆژئاوا ١٤ی تەموزی ساڵی ٢٠١٥ دامەزرا و پێشەنگایەتی زۆر خەباتی هونەری کردووە. فیلمەکانی بۆ ئازادی و کۆبانێ، زنجیرە دراماکانی ئەڤینی کورد و خۆری سوریشیان تۆمار کردووە. لە پێناو بەرەوپێشبردنی هونەردا زۆریان هەوڵداوە. لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا چەندین خولی پەروەردە لەلایەن کۆمۆنی فیلمی رۆژئاواوە کراونەتەوە.

کارگەی سینەما کە قۆناغی پێش ئەکادیمیای کولتور و هونەرە، سینەماکاران بۆ ئایندە و بۆ ئەو ئاکادیمیایەی دەکرێتەوە پێدەگەیەنێت. ئەکادیمیای شەهید یەکتا کە لەلایەن تەڤ-چاندەوە کرایەوە ماوەی دوو ساڵ کاری پەروەردەی کولتوری ئەنجامدا. زۆرینەی ئەو گەنجانەی لەو ئەکادیمیایە پەروەردەبوون، لە چالاکییەکانی تەڤ-چاند لە رۆژئاوا، لە خەباتەکانی کولتور و هونەردا رۆڵی گرنگ دەگێڕن. بە تایبەتی لە فیلمی بۆ ئازادی، کۆبانێ و زنجیرە دراماکانی ئەڤینی کورد و خۆری سور رۆڵیان نواندووە.

هـ . ب