نەریت و کولتور بەرامبەر ئاڵنگارییەکانی سەردەمی نوێ خۆڕاگری دەکەن

کولتور و بەرهەمە کەلەپوریی و نەریتیە کوردییەکان سەرباری بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیایی و سەردەمی نوێ هێشتاش بە شکۆوە خۆیان دەپارێزن و بوونە یەک لەو بەرهەمانەی سەرنجی مرۆڤەکان رادەکێشن.

لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و تەکنیکدا رەنگە زۆر کەس پێیانوابێت رۆڵ و کاریگەری بەرهەمە کولتوری و نەریتییە هەزاران ساڵەکان کە هێمای کوردبوون و نەتەوەیی بوون بەرگەیان نەگرتووە و لەناوچوون و چیتر سەرنجی کەس راناکێشن. بەڵام کاتێک مرۆڤ سەردانی بازاڕی سلێمانی دەکات دەبینێت هێشتاش ئەو کولتور و نەریتە کوردییە بەرامبەر ئاڵنگاریە سەردەمی تەکنەلۆژیا خۆڕاگری دەکات.

شوان مەحمود کە خەڵکی سلێمانیە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستی بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بەرهەمی کولتوری و هونەری کوردی و هەروەها وڵاتانی دیکە کردووە کە سەرنجی مرۆڤ بۆ لای خۆیان رادەکێشن.

دوکانەکە وەک مۆزەخانەیە

کاتێک بە شەقامی مەولەویدا دەڕۆیشم دوکانێک کەوتە بەرچاوم. لەبەردەم دوکانەکەیدا ئەو جانتایانەی بە نەخشی جیاجیا و بە بەن و بە دەست دروست کرابوون سەرنجی راکێشام. لەناو دوکانەکەش چەندین جۆرە گۆزە، جانتا، خەنجەر، چەقۆ، تەسبیح و جۆرە بڕنەوێک کە ١١ تیری بەریتانی و زۆر بەرهەمی کولتوری کوردی و هەروەها وڵاتانی دیکە هەڵواسرابوون.

بەردی وزە و بەرەکەت و چاوەزار

لەناو دوکانەکەدا یەک لەو بەرهەمانەی زۆر سەرنجی راکێشام بەردی رەنگاو رەنگ و جیاجیابوون. کاتێک لە شوان مەحمود-ی دوکاندارم پرسی ئەو بەردانە چین، وتی، "ئەمانە بەردی کانزایین. پێشتریش لە ناو کورددا ئەو بڕوایە هەبووە کە بەرد وزەی خراپ لادەبات و وزەی باش دەبەخشێت. هەروەها بەردی چاوەزار و وزەدەریش هەبوون. ئەو بەردانەم لە چین، تایلاند، مسر، وڵاتانی عەرەبی هێناوە، هەروەها هەندێک شاری ئەمریکاش لەو بڕوایەدان ئەو بەردانە وزەی ئەرێنی دەبەخشن و لەماڵەکانیاندا دایاندەنێن".

ئەوەشی خستەڕوو کە نزیکەی ٥٠ جۆر بەرد لەناو دوکانەکەیدا هەیە و گەنجان زۆرترین کڕیاری ئەو بەردانەن.

کاتێک کەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ شوان مەحموددا پرسیم کەی دەستت بەم کارە کردوە، چی پاڵنەرت بوو، ئەویش وتی، "لەراستیدا خەونی لەمێژینەم بوو. پێشتر دوکانی پەڕاوگەم هەبوو. دواتر من وردە وردە ئەو بەرهەمانەم کۆکردەوە و ئەم دوکانەم دانا. بۆ هێنانی بەرهەم جیاجیا بەرەو چین و زۆر وڵاتی دیکە گەشتم کرد و ئێستا ئەوانەم لەم دوکانەدا داناوە".

ئەو دوکاندارە ئەوەشی خستەڕوو کە خۆیان بەو بەردانە چەند جۆرێک تەسبیح و بازنە دروست دەکەن.

ئەوشی خستەڕوو، "بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە گەنجان ناتوانن زۆر لە بەردانە بکرن، زۆر کەسیش دێن و ئەو بەرهەمانە بەمەبەستی خۆڕازاندنەوە و هەروەها رازاندنەوەی ماڵەکانیان دەکرن".

پڕە لە بەرهەمی رەسەن و مێژوویی

هەروەها لە دوکانەکەدا دوو جۆر بڕنەو هەبوو و مێژوویی بوون، جیالەوە خەنجەریش هەبوون. لەوبارەوە شوان مەحمود وتی کە ئەو بڕنەوانە بە ١١ تیری بەریتانی ناسراون و وتی، "ئەو بڕنەوانە لە شۆڕشی کوردی و بەتایبەتی لەلایەن پێشمەرگەکان بەکارهێنراون. ئەم جۆرە خەنجەرانەش کە دەیانبینی رەسەن و مێژوویین و تەمەنیان دەگاتە ٩٠ ساڵ و جۆری عەرەبیش هەیە. هەندێکیشیان لە باکور و رۆژهەڵاتەوە هێنراون".

تەسبیحی بەردی جیاجیا

لە دوکانەکەدا موروو و بازن و چەندین جۆر تەسبیح رەنگاو رەنگیش هەڵواسراوە. خاوەن دوکانەکە باسی لەوە کرد ٢٠بۆ ٢٥ جۆر تەسبیحی بەردیان هەیە.

نەریت و کولتور بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکانی سەردەمی نوێ خۆڕاگری دەکەن

کاتێک مرۆڤ لەم دوکانە بچوکە دەڕوانێت، دەبینێت کە نەریت و کولتوری کۆمەڵگاکان تا چ رادەیەک بەرمبەر ئاڵنگارییەکانی سەردەمی تەکنەلۆژیا خۆڕاگری دەکەن. سەرباری هەموو شتێکیش کڕیاری خۆیان هەیە و سەرنجی کۆمەڵگا بۆلای خۆین رادەکێشن و دەیانکەنە بەشێک لە ژیانی خۆیان.

تەکنەلۆژیا چەندەس بەرەوپێشچووبێت ناتوانێت مرۆڤەکان لە کولتور و نەریتی خۆیان داببڕێت. ئەمەش وادەکات ئەو کولتور و نەریتە بەرامبەر سەردەمەکە بەرگە بگرێت و خۆی بپارێزێت.

هـ . ب