نووسەر و رۆشنبیری کورد کەرەمێ سەیاد کۆچی دوایی کرد

نووسەر و رۆشنبیری کورد کەرەمێ سەیاد لە ئەرمینیا کۆچی دوایی کرد.

کەرەمێ سەیاد رۆشنبیر و نووسەری ناسراوی کورد و یەکێک لە پێشکەشکاران و بەڕێوەبەرانی رادیۆ کوردیی ئێریڤان و رۆژنامەى رییا تازە، لە دوای تەمەنێکی زۆر لە خزمەت بە کولتور و رۆشنبیرییی گەلی کورد لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بنەماڵەى کەرەمێ سەیاد لە ساڵی ١٩١٨ بەهۆی زوڵم و چەوساندنەوەى دەسەڵاتی تورکی لە قەرسی باکووری کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەرمینیا. کەرەمێ سەیاد لە ساڵی ١٩٣٨ لە گوندی هاککۆ لە ناوچەى تالین لە ئەرمینیا دایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی یەک لە دوای یەک تەواو کردووە.

لە دوای تەواوکردنی زانکۆ، لە رۆژنامە ناودارەکانی ئەو سەردەمی ئەرمینیا وەک ئاوانگار، سۆڤیەت هایستان، بۆلشڤیکیان درۆشۆڤ و کۆمۆنیست بابەتی بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی ١٩٦٠ لە دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی رادیۆ کوردیی ئێریڤان چووەتە ئەو رادیۆیە و بووەتە یەکێک لە پێشکەشکارە سەرەکییەکانی رادیۆکە و دواتریش بووە بەڕێوەبەری رادیۆکە.

کەرەمێ سەیاد لەگەڵ تیتال کەرەمی کوڕی و لەیلا کەرەمی کچیدا سەردەمێکی زێڕین و گرنگیان لە رادیۆ کوردیی ئێریڤان بە پێشکەشکاری و ئامادەکردنی بەرنامە تۆمار کرد.

کەرەمێ سەیاد تاوەکو ساڵی ٢٠١٧ لە رادیۆ کوردیی ئەرمینیا کاریکرد و لە دوای ئەوە لە رۆژنامەى رییا تازە (رێگای تازە) کاریکرد و رۆژنامەکەى بەڕێوەدەبرد. رۆژنامەى رییا تازە یەکێکە لە کۆنترین رۆژنامەکانی کورد و لە ساڵی ١٩٣٠ تاوەکو ئێستا دەردەچێت. ئێستا تیتالێ کەرەمێ بەڕێوەبەری رۆژنامەکەیە.

بڕیارە رۆژی سێشەممە (٣٠ی ئاداری ٢٠٢١) تەرمی کەرەمێ سەیاد لە گوندی هاککۆ لە ناوچەى تالین بە خاکبسپێردرێت.

ژ.ت