پەنابەرێکی کورد کە بە فڵچەی ددان وێنەی دروست کرد پلەی یەکەمی بەدەستهێنا

مستەفا ئازیمیتاباری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ٨ ساڵە لە کەمپێکی ئوۆستوڕالیادا ماوەتەوە، بە فڵچەی ددان وێنەی خۆی دروست کرد و لە پێشبڕکێی شێوەکاریدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

مستەفا ئازیمیتاباری کە بەهۆی فشارەکانی رژێمی ئێران رووی کردە ئۆستوڕالیا، لە کەمپێکی ئەو وڵاتەدا پەرەی بە بەهرەکەیداوە.

ئازیمیتاباری بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە کاتێک بیستی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لە پێشبڕکێکەدا زۆر خۆشحاڵ بووە.

ئازیمیتاباری ساڵی ٢٠١٤ کاتێک بۆ کەمپی پەنابەرانی دوورگەی مانوسی پاپوای گینەی نوێی ئۆستوڕالیا گواستراوەتەوە، بە فڵچەی ددان شۆردن دەستی بە دروستکردنی وێنە کردووە.

بەپێی قسەکانی ئازیمیتاباری، پاسەوانەکانی کەمپەکە بۆیەیان بۆ نەهێناوە بە بیانوی ئەوەی دەتوانێت بیخوات و زیان بە خۆی بگەیەنێت. بۆیەش بیری لە قاوە و فڵچەی ددان کردووە.

ئەو پەنابەرە کوردە دەڵێت، " نازانم چۆن روویدا... ساتێکی زۆر تایبەت بوو. دەستم دایە فڵچەی ددان و خستمە نێو قاوە و لەسەر کاغەزێک دەستم پێکرد و ئەو ساتەی وەک ' سەرکەوتن' پێناسە کرد.

ئازیمیتاباری خاوەنی کۆدی KNS088ی کەمپەکە بوو و وێنەکەشی بەو کۆدە ناوناوە. پەنابەرە کوردەکە دەشڵێت، ویستویەتی بەم کارە ئێش و ئازاری ژیانی پەنابەری بخاتەڕوو."

ئازیمیتاباری وتی، " هونەر و وێنە وایکرد کە بە بەهێزی بمێنمەوە و بەردەوام بم. لەبەرئەوەی کاتێک وێنە دروست دەکەم، هەست بە ئازار ناکەم."

پەنابەری کورد لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا بێ ئەوەی پێی بگۆترێت، ئازادکرا و لە ئۆستوڕالیا هەوڵ دەدات، سەرلەنوێ ژیان دروست بکاتەوە.

ئازیمیتاباری ئێستا وەک ڕێکخراوێکی مرۆیی بە خۆبەخش کار دەکات.

خەڵاتی پێشبڕکێکە ١٠٠.٠٠٠ دۆلاری ئۆستوڕالیە (٦٨٠٠) یۆرۆ. و ١٣ی ئایار خەڵاتەکە ئاشکرا دەکرێت.

ف.ق