قائیمقامی دەوڵەتی تورک لە جزیری شرنەخ شانۆی کوردیی "مەم و زین" ی قەدەغە کرد

قائیمقامی دەوڵەتی تورک لە شاری جزیری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان نمایشکردنی شانۆگەرییەکی کوردی بە ناوی "مەم و زین" قەدەغە کرد.

قائیمقامی دەوڵەتی تورک لە شاری جزیری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەبێ خستنەڕووی هیچ هۆکارێک شانۆگەریی کوردیی "مەم و زین"، کە بڕیاربوو لە ١٢ی ئازاردا لە چالاکیی هونەریی "شەرمۆلا پێرفۆرمانس / شەرمەزاریی نواندن" دا  نمایش بکرێت، قەدەغەی کرد.

رێکخەرانی چالاکییەکە لەبارەی قەدەغەکارییەکەی قائیمقامەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، قائیمقام هیچ هۆکارێکی بۆ ئەو قەدەغەکارییەکە نەخستووەتەڕوو.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بەبێ هیچ هۆکارێک نواندنی شانۆیی مەم و زین لەلایەن قائیمقامەوە قەدەغە کرا. شانۆیی مەم و زین ڕۆژی شەممە (١٢ی ئازار) لە سەنتەری ڕۆشنبیری شارەوانیی جزیر نمایش دەکرا، بۆ ئەوەش پۆستەر، برۆشۆر و بانگێشتنامە  نێردرابوون، بە هاوکاریی ژمارەیەکی زۆر لە میدیا دیجیتاڵییەکانی رێکخراوە جۆراوجۆرەکان دەستکرابوو بە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری  لەبارەی شانۆییەکە و کاتى نواندنەکەی. لە ٤ی ئازاریشدا کرێی هۆڵەکە لەسەر حسابی شارەوانی درابوو، بەڵام دوای دوو ڕۆژ، واتە ٦ی ٣ی ٢٠٢٢ قائیمقامی جزیر بە تەلەفۆن پێی ڕاگەیاندین، نمایشی شانۆیەکە پوچەڵکراوەتەوە".

شانۆییەکە بە دەرهێنانی میرزا مەتینی لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ەوە تاوەکو ئێستا ١٣ جار لە شارەکانی ئێلح، ئامەد، رحا و قۆسەر نمایشکراوە.

ژ.ت