"ڕێژەی خوێنەر رۆژ لەدوای رۆژ ڕوو لەکەمبوونە"

رۆژنامەنووسێك دەڵێت: "وەزارەتی رۆشنبیری کەمتەرخەم بووە و نەیتوانیوە ڕێگری لەکەمبوونەوەی ئاست و ڕێژەی خوێندنەران بکات."

 

کەرکوکییەکان ئاماژە بە دابەزینی ئاستی خوێندنەوە دەکەن لەشارەکە بە تایبەت لەناو گەنجان-دا، هونەرمەندێکی شانۆکاریش بەپێویستی دەزانێت، کە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە لە قۆناغەکانی باخچەی ساوایان تا زانکۆ، وانەی هۆشیاریی بۆ خوێندنەوەی کتێب بوترێتەوە.

هەتا ئێستا لە تەواوی عێراق خوێندنەوەی کتیب نەبووە بە کلتور، بە پێچەوانەوە ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی خوینەر کەم دەکات.

ئاماژەیەکە بۆ خراپ بوونی ئاستی خویندنەوە

کاردۆ محەمەد هونەرمەندێکی شانۆکارە لەشاری کەرکوک، سەبارەت بە ئاستی خوێندنەوە لەشارەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "بۆ زانینی ئاستی خویندنەوە پێویستمان بە ئامارە هەرچەندە ئیمە ئاماری فەرمیمان لانیە، بەڵام لەبرچاومانە و دەبینین کە ئاستی خوێندنەوە لە ئاستێکی زۆر خراپە، سادەترین نموونەش لەسەر خراپی ئاستی خوێندنەوە لەڕێگەی تەمەشا کردنمانە بۆ ژمارەی سەردانیکەرانی پێشەنگا و کتێبخانەکان کە رۆژ بەرۆژ سەردانی کردنی خوێنەران کەمتر دەبن ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ خراپ بوونی ئاستی خویندنەوە."

تا بتوانین کۆمەڵگایەکی هۆشیار و ڕۆشنبیر بنیادبنین

سەبارەت بەچارەسەرکردنی کێشەی خراپ بوونی ئاستی خوێندنەوە تاکی کۆمەڵگا، ئەو شانۆکارە ووتی: " پێویستە لەسەر وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ ڕێگری کردن لە دابزینی ئاستی خوێندنەوەی تاکت نێو کۆمەڵگا، پێویستە ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە دەستبکەن بە ئەنجامدانی توێژینەوە بۆ زانینی هۆکاری تۆرانی خەڵک لە خویندنەوە و گرنگی نەدانیان بە خوێندنەوەی کتێب، پاشان کار لەسەر چارەسەرکردن بکەن و بایەخ بە کتێبخانە و ناوەندەکانی خوێندن بدرێت، پێویستە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندن تاک لەم کۆمەلگایە فێربکەین، کە ئاشنا و دۆستی کتێب بێت تا بتوانین کۆمەڵگایەکی هۆشیار و ڕۆشنبیر بنیادبنین."

خۆمان پەروەردە بکەین

لەکۆتایدا هونەرمەندی شانۆکار کاردۆ محەمەد پەیامێکی ئاڕاستە کرد و ووتیشی: "دایکان و باوکان پێویستە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیان منداڵەکانیان فێری گرنگی دان بە خوێندن و خویندنەوە بکەن بۆئەوەی تاکێکی هۆشیار و سەرکەوتیی لی دەربچێت، پەیامیشم بۆ ئەو گەنجانە هەیە کە بەداخەوە کاتێکی زۆر ئەکوژن بەدیار تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەمووان خۆیان بە فەیلەسوف دەزانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ ئەوەی هیچ پێشینەیەکی زانستییان هەبێت، هیوادارم جارێکی دیکە هەمووان بتوانین گەرموگوڕی بە کتێبخانەکان ببەخشین و خۆمان پەروەردە بکەین."

ژینگەیەک نەڕەخساوە بۆ ئەوەی بکرێت بە فەرهەنگ

هەڤاڵ دارا چالاکوانێکی مەدەنیە، سەبارەت بە ڕێژەی و ئاستی خوێنەر لەشارەکەدا ووتی: "لە هەموو بەشەکانی خوێندنەوە تا ئاستێک خوێنەر بوونی هەیە، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی لەوێنەکە بڕوانین دەبینین کە ئاستی خوێندنەوە وەکو پێویست نیە، کەرکوک وەکو تەواوی ناوچەکانی عێراق ژینگەیەک نەڕەخساوە بۆ ئەوەی خویندنەوە و خۆ پەروەردە کردن بکرێت بە فەرهەنگ بۆ هەموو خێزانەکان."

کایە سیاسیەکە هۆکارە بۆ دروستبوونی ئەم دۆخە

هەروەها ئەو چالاکوانە مەدەنیە، سەبارەت بەهۆکارەکان ووتیشی: "چەندین هۆکار هەیە کە یەکێکیان هۆکاری سیاسیە کە کایە سیاسیەکە هۆکارە بۆ دروستبوونی ئەم دۆخە، بەڵام سەرەڕای بوونی ئەم ژینگە خراپە دەتوانین لەخێزانەکانی خۆمانەوە پەروەردە دەستپێبکەین و منداڵەکانی خۆمان هانبدەین بۆ گرنگی دانی زیاتر لەسەر خوێندنەوە بۆئەوەی هۆشیاربن."

لەگەل ئەوەشدا پێویستە گرنگی بەخوێندنەوە بدرێت

هەروەها سەبارەت بەدوورکەوتنەوەی گەنجان لە خوێندنەوە و خۆ پەروەردە کردن، هەڤاڵ دارا چالاکوانی مەدەنی ئەوەشی ووت: "لەئێستادا بابەتە ئەلیکترۆنیەکان کۆنترۆڵی خۆی سەپاندووە بەسەر گەنجانەوە، ڕاستە گەنجان لەلایەنی تەکنەلۆژیادا پێشکەوتوونە، بەڵام لەگەڵ گرنگی دان بە تەکنەلۆژیا پێویستە گرنگی بەخوێندنەوە بدرێت، چونکە گەنجان دەتوانن لەڕێگەی خویندنەوەی سەرچاوەکان پەرە بەخۆیان بدەن بۆ پێشکەوتن لەبواری کارەکانیان."

لەتەواوی ناوچەکە ئەو کێشەیە هەیە

لەکۆتایدا سەبارەت بە وەسفکرنی ڕێژەی خوێندنەوە ووتی: "نەک تەنها لە شارەکەی ئێمە و عێراق بەڵکو لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی عەرەبی رێژەی خوێندنەوە زۆر کەمبۆتەوە، بۆیە ئەتوانم بڵێم، وەکو ڕێژەی ئاستی خوێندنەوە زۆر کەمە."

خوێنەری جدی نەماوە

محەمە تاهیر رۆژنامەنووسێکی شاری کەرکوکە، دەربارەی ئاستی خوێندنەوەی تاک بەراورد بە ساڵانی پێشوو ووتی: "ئاستی خوێندنەوە لە تەواوی جیهان وەکو پێویست نیە و وەکو جاران نەماوە، چونکە جاران خوینەر زۆر جدی بوو و بەدوای سەرچاوە دەگەڕا، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا هەرچەندە تەکنەلۆژیا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وە لەنێو ئەو پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایە بابەتی بەسوود هەیە کە خوێنەر دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام دەتوانین بلین خوێندنی جدی لەسەرانسەری جیهان وەکو پێویست نەماوە."

بژێوی خەڵکی شەکەت کردووە کە ناتوانن بخوێننەوە

هەروەها ئەو رۆژنامەنووسە سەبارەت بەدوورکەوتنەوەی خەڵکی لە خوێندنەوە ووتی: "لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لەشارەکەی خۆمانیش هۆکاری دوورکەوتنەوەی خەڵکی لە خویندنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بژێوی خەڵکی شەکەت کردووە کە ناتوانن وەکو پێویست بخوێننەوە و بەدوای سەرچاوە بکەون و لە ڕێگەی خوێندنەوە بگەن بەمەرام و ئاواتەکانیان، بەداخەوە خوینەری جدی وەکو جاران نەماوە کە جاران خوێنەر هەبووە کتێبی بەقەرز هێناوە تا بتوانێت بخوێنێتەوە و پانتایی هزر و مێشکیان فراوانتر بکەن، بەڵام سەڕەڕای هەبوونی خەڵکی لەئێستادا هەرچەندە توانای ئابوریان باشتربێت زیاتر لە کتێب خوێندنەوە دووردەکەونەوە."

وەزارەتی ڕۆشنبیری کەمتەرخەم بووە

لەکۆتایدا رۆژنامەنووس محەمەد تاهیر، سەربارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێنەر ووتی: "ئەرکە لەسەر وەزارەتی رۆشنبیری کە کۆڕ و سیمینار ئەنجام بدات لەپێناو ئەوەی تاکی کۆمەلگا هۆشیار بێت بۆئەوەی بزانێت گرنگی خوێندنەوە چیە، بەڵام بەداخەوە ئەو هەنگاوانەمان نەبینیوە بۆ ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە، وە پێویستە هەموو ڕۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ، نووسەر، رۆمان نووس و هەرکەسێکی دیکە لەلای خۆیەوە گرنگی خوێندنەوە بە هەموو ئەو تاکانە ئاشنا بکات کە دەکرێت زەمینەیان بۆ خۆشبکرێت بۆ خویندنەوە."

ژ.ت