بوڵدان: هەدەپە چۆکی دانەدا، سەردەکەوێت

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە بانگێکی ئاڕاستەی ئۆپۆزسیۆنەکان کرد و وتی،"پێویستە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لە دەوری یەکتری کۆببینەوە. بوڵدان ڕایگەیاند، هەدەپە چۆکی دانەدا، سەردەکەوێت.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گستی هەدەپە لە ناوەندی گشتی هەدەپە لەبارەی ئۆپەڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی کە بەهۆی چالاکیەکانی کۆبانێ لە ٦-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لەدژی پارتەکەی ئەنجامدراوە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

پارتەکانی تری پێکهاتەی هەدەپە بەشداریان لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسیەکەدا کرد. پەروین بوڵدان قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی پارتەکەیاندا کە دوێنێ ئەنجامدراوە بە فراوانی ئۆپەڕاسیۆنەکەیان تاوتوێ کردووە.

بوڵدان ڕایگەیاند کە ئەوان لە کۆبوونەوەکەدا پلانسازیەکیان ئامادە کردوو و وتی،"هەڤاڵانمان دوێنی دەستگیرکران و بە زوترین کات ڕەوانەی ئەنقەرە کران. لە ساتی ئۆپەڕاسیۆنەکەدا ئێمە و پشتیوانەکانمان خاوەنداریمان لە هەڤاڵانمان کرد. جارێکیتر سوپاسی هەموو پارت و دەزگاکان دەکەین کە پشتگیری ئێمەیان کردووە.

بولدان ئۆپەراسیۆنەکەی وەک 'ئۆپەراسیۆنێکی سیاسی' لەقەڵەمدا و وتی،"دەسەڵات کە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی بەدڵ نەبوو، دەیەوێت ئەمڕۆ تۆڵە لە هەدەپە بکاتەوە.

بەم شێوەیە قسەی کرد:

"٤ ساڵە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکی شارەوانیەکانمان و بە هەزاران هەڤاڵمان لە زینداندان. لەو ڕۆژەوە ئۆپەڕاسیۆنەکان لەدژی پارتەکەمان بەردەوامن. هیچ کاتێک رانەگیراون. دەیانەوێت دەست بە سەر هەموو دەستکەوتەکانی کورددا بگرن و بەڕێوەبەرە ناوەندیەکانمان، شارەکان و ناوچەکان دەستگیر بکەن. هەموو ڕۆژێک ئۆپەڕاسیۆن لەسەر ئۆپەڕاسیۆن ئەنجام دەدرێن. دەیانەوێت لە سیاسەت دوورمان بخەنەوە. ئۆپەڕاسیۆنەکان تا دوێنێش بەردەوام بوون. هەدەپە ڕووبەڕووی ئۆپەڕاسیۆنێکی نوێ بووەتەوە. ئەم ئۆپەڕاسیۆنە بەردەوامی ئۆپەڕاسیۆنەکانی ترە. ئەمە هەوڵدانە بۆ کودەتا. لە هەمانکاتدا بەردەوامی کودەتای سیاسی ئاکەپەیە.

کاتێک سەیری ناوی ئەو هەڤاڵانەمان دەکەین کە دوێنێ دەستگیرکراون، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بە ئاشکرایی دەردەکەوێت. هەڤاڵانمان هەمووان بۆ ئاشتی، دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشن.

ئایهان بیلگەن ئیرادەی گەلی قەرسە. جگە لە خزمەت بۆ گەلی قەرس هیچ تاوانێکی نییە. سری سورەیا ئۆندەر لە قۆناغی ئاشتی و دانوستاندا جێی خۆی گرت و هەڤاڵێکمانە کە هاوکاری جێگیرکردنی ئاشتی کردووە. ئایلا ئاکات ئاتا جگە لە خەباتی ژنان هیچ شتێکی تری نەکردووە و تێکۆشان بۆ ژن تاوان نییە و نابێتە تاوان. ئالتان تان و ئەمینە ئاینا، نەزمی گور، عەلی ئورکوت و بەیاز ئوستون ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی هەدەپە، هەڤاڵانی ترمان جگە لە تێکۆشان بۆ ئاشتی، دیموکراسی و ئاشتی هیچ شتێکی تریان نەکردووە. هەموو ئەندامانی ئێستا و پێشوومان پێویستە بە زوترین کات ئازاد بکرێن.

ئەم ئۆپەڕاسیۆنەکە خەنجەرێکە کە لە تێکۆشانی دیموکراسی دراوە. لە تورکیا دیموکراسی، دادپەروەری و یاساکان پێشێل دەکرێن. لە بناغەدا ئامانجی ئەم ئۆپەڕاسیۆنە دیارە. لەبەرئەوەی ئاکەپە ناتوانێت وڵات بەڕێوەببات دەستی بەم ئۆپەراسیۆنانە کردووە. لەناو ئاڵۆزی و قەیراندایە. ناتوانێت قەیرانەکان چارەسەر بکات، هەدەپە دەکاتە ئامانج و دەیەوێت خەباتمان ئاستەنگ بکات. ئاکەپە ئەمڕۆ هەرچەند هەوڵ دەدات سیاسەتەکەی سەرناکەوێت. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەدژی هەموو گەلانی تورکیایە.

واتای خۆپیشاندەکانی ٦ – ٨ ی تشرینی یەکەمیش ئەوە بوو کە گەلان تورکیا لەدژی دڕندەیی داعش بوون. لەو چالاکیانەدا ٥٣ کەس کوژران. ٤٧ کەسیان لایەنگری هەدەپە بوون. هیچ لێپرسینەوەیەک نەکرا. بە تەنها کەسێکیان وەک تاوانبار پیشاندا و بەو پێیەش دەیانەوێت ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن. لەگەڵ ئەوەی زۆر جار پێشنیازنامەمان لەبارەی ڕووداوەکانی ٦-٨ی تشرینی یەکەم پیشکەشی پەرلەمان کرد کە لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت بەڵام ئاکەپە بە دەنگەکانی ڕەتیکردەوە.

٦ ساڵ تێپەڕی. وەک ئەوەی شتێکی نوێ کرابێت دەجووڵێنەوە. ئێمە ڕاستی چالاکیەکانی کۆبانێ کە ئاکەپە دەیەوێت بۆ خۆی بکاتە ئامێرێکی سیاسەت، بە گەلانی تورکیا دەڵێین.

ئێمە وەک هەدەپە ، ئێمە وەک گەلی کورد، وەک ژن، وەک ئۆپۆزسین زۆر شتی ترمان بینیەوە. ئێمە دەزانین لەسەر ئەم خاکە زوڵم و ئەشکەنجەی چۆن بەرانبەر کورد کراوە. ئێمە دەزانین سەردەمەکانی پێشوو چی ڕوویداوە. ئێمە کەنان ئەڤرەن و تانسوو چیلەر باش دەناسین. کورد چەندین ساڵە ڕووبەڕووی ئەم زوڵمە بووەتەوە. بەڵام هیچ کاتێک سەری دانەنەواندووە. ئەمڕۆش بە هەمان بڕیار و هەمان شێوە لیرە رایدەگەیەنین کە ئێمە هیچ کاتێک لەبەرانبەر درۆ و یاریەکان سەرمان دانانەوێنین. ئێمە پارتێکی بەم شێوەیەین. پارتێکی جەماوەرین و سەرمان بەرانبەریان دانانەوێنین. ئەم پارتە خاوەنی ملیۆنان کەسە. زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگی هێناوە. هیوامان لە هەموو کاتێک زیاتر. ئێوە لە هەڵبژاردنەکاندا خوێن لەدەست دەدەن و ئیستاش بۆ هەڵبژاردنێکی پێشبینیکراو دەستیان بە ڕێ و رێبازی سازتەکاری و هێرش کردووە.

هەموو شتێک ئاشکرایە. وەک پێشوو نییە. کۆمەڵگا و گەلانی تورکیا دەزانن و ئێوە باش دەناسن. ئێوە شکست دەهێنن، هەر کە هێرش دەکەن زیاتر دەشکێن. کۆمەڵگای تورکیا بە تەئکیدی لە هەڵبژاردنەکاندا حسابتان لێدەپرسێت. کۆمەڵگا، پارتە سیاسیەکان، ژن و ئەو لایەنانەی کە زوڵمیان لێدەکەن، لە چوارچێوەیەکی یاسایی دا و لە سندوقەکاندا وڵامتان دەدەنەوە. هیچ گۆمانێکتان نەبێت.

ئەگەر ئاکەپە هێرش بکات، پێویستە ئۆپۆزسیۆنیش تێکۆشان بکات. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر کاتی یەکگرتنە. کاتی ئەوەیە پێکەوە بن و ڕێ و ڕێبازی تێکۆشان پێکەوە بدۆزرێنەوە. من دەمەوێت ڕابگەیەنم کە گەلانی تورکیا هەمووان پێکەوە سەردەکەون. ئێمە سەردەکەوین. کەس گۆمانی نەبێت. ئەوانەی هەوڵی ژێردەستەکردنیان دەدرێت لەم قۆناغەدا سەردەکەون. هەدەپە لەم قۆناغەدا سەردەکەوێت. هەدەپە سەری دانەنواندووە. چۆکی دانەداوە و با ئەوەش ببێتە دەردێک بۆ ئێوە، بانگەوازیم بۆ ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کە لەدژی هێرشەکان یەکگرتوو بن."

ف.ق