بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی سووری ئامەد لە سینەما سالمی سڵێمانی نمایش دەکرێت

فیلمی بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی سووری ئامەد ڕۆژی ٣١ی ئەم مانگە، لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی نمایش دەکرێت.

بڕیارە ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەم کە کۆتا ڕۆژی ساڵی ٢٠١٩یە، فیلمی سینەمایی 'لە پێناو ئازادیی دا'، کە گێڕانەوەی بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی سووری ئامەد لە باکووری کوردستانە، لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی لە دوو کاتی جیاواز کاتژمێر (٠٦:٠٠ و ٠٩:٠٠)ی ئێوارە نمایش بکرێت.

فیلمی لە پێناو ئازادی، کە بە شێوەزاری کرمانجی ژوورووە و ژێرنووسی سۆرانی بۆکراوە، لە دەرهێنانی دەرهێنەر ئەرسین چەلیک-ە، باس لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی گەلی کورد لە شارۆچکەی سووری پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دەکات، کە لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ گەل، ڕووبەرووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بوونەوە.

فیلمەکە لە کەسایەتی و ڕووداوی ڕاستەقینەی ئەو تێکۆشانە وەرگیراوە و خۆی دەسپێرێتە چیرۆکە ڕاستەقینەکانی ناو سووری ئامەد، کە چیرۆکی بەرخۆدانی کۆمەڵیک گەنج دەگێڕێتەوە کە لە دژی سوپایەک کۆڵانەکەی خۆیان دەپارێزن.

ئەم فیلمە سینەماییە لە ڕۆڵی گیانبەختکردووان و گێڕانەوەی ڕزگاربووانی ڕووداوەکە وەرگیراوە و ئەو کەسانەی کە ڕۆڵ دەبنین تێیدا، کەسانی هەرێمی و خەڵکی ئاسایین کە هیچ کاری نواندنیان نەکردووە، هەروەها لە شاری کوبانێی ڕۆژئاوای کوردستان و لە کاتی شەڕی سەختی ڕەقە و لە چەند شوێنێکی دیکەی ڕۆژئاوا بەرهەم هاتووە کە نزیکەی سێ ساڵی خایاندووە.

ناوەرۆکی فیلمەکە باسی بەرخۆدان، خۆڕاگری، هەبوونی کورد و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی ئەوکاتە، کە لە میدیاکانی جیهان کەس باسی سووری ئامەد و ئەو تێکۆشانە و زوڵمی دەوڵەتی تورکیان نەکرد، فیلمەکە دەیەوێت ئەو تێکۆشان و قارەمانیەتییە بە دونیا بگەیەنێت.

فیلمی سینەمایی لە پێناو ئازادی، لە مانگی ١١ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هند بۆ جاری یەکەم نمایش کرا، بڕیاریشە کۆتایی ئەم مانگەش لە شاری سلێمانی لە سینەما سالم لە کاتژمێر ٠٦:٠٠و ٠٩:٠٠ی ئێوارە نیشان بدرێت، هەروەها بریارە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆتێردامی وڵاتی هۆڵەنداش نمایش بکرێت.

ز.ش