بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هێرشی نەژادپەرەستی دەکرێتە سەر ئەڵمانەکان

وەزارەتی دەرەوەى ئەڵمانیا رایگەیاند، لە چەند وڵاتێک بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە هێرشی نەژادپەرەستانە بۆ سەر ئەڵمانییەکان زیادیکردووە.

قوربانیانی پێشووی هێرشی نەژادپەرەستی هاووڵاتییانی چینی بوون و ئێستاش هاووڵاتییانى ئەوروپی دەبنە ئامانجی هێرشی نەژادپەرەستی.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە وڵاتانی هندستان، کامیرۆن و ئەرژەنتین لە دژی گەشتیارانی ئەڵمانی هێرشی زارەکی و جەستەیی ئەنجامدراون.

رایجا کرامێر لە زانکۆی هامبورگ رایگەیاند، دەستەیەکى بچووکی لێکۆڵینەوەیان کاتێک لە شاری یائوندەى پایتەختى کامیرۆن لە ئوتێلەکەیان چوونەتە دەرەوە خەڵکانێک بە وتنەوەی 'ڤایرۆس، ڤایرۆس' هێرشیان کردوونەتە سەر.

هەروەها لە ویلایەتی سالتای لە ئەرژەنتین فرۆشتنی خواردن و خواردنەوە بە ئەڵمانییەکان قەدەغە کراوە. هەر لەو ناوچەیەدا پۆلیس ئەڵمانییەکان رادەوەستێنێت و پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکەن.

ژ.ت