تیپی مۆسیقای بەرخودان: مەهەپە موزیکێکى تیپەکەمانی دزیوە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن

تیپی مۆسیقایى بەرخودان (کۆما بەرخودان) ناڕەزایەتیى بەرامبەر بە پارتى نەتەوەپەرستى تورک (مەهەپە) نیشاندا، چونکە مەهەپە موزیکى سرودێکى تیپی بەرخودانی بە ناوی "کوردستان" دزیوە و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنێت.

تیپی مۆسیقای بەرخودان لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە هەر یەک لە هەڵبژاردنەکاندا هاوپەیمانیى فاشیستى ئاکەپە – مەهەپە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەنگى کورد و ئۆپۆزسیۆن پەنا دەبەنە بەر هەموو جۆرە گوشار و فرتوفێڵێک و هەوڵ دەدەن بە ساختەکاری درێژە بە دەسەڵاتەکەیان بدەن.

لە راگەیاندراوەکەى تیپی مۆسیقای بەرخودان دا هاتوووە، مەهەپەی نەژادپەرستی هاوبەشی هاوپەیمانییە فاشیستییەکە ئەمجارە بە رووداوێکى نوێى تری دزیکردن هاتەوە ناوباسەکان.

تیپی مۆسیقای بەرخودان راشیگەیاندووە "مەهەپەی فاشیستى نەژادپەرست سرودی 'کوردستان بەهەشتى جیهان'ی لە ئەلبومی 'ئامەد'ی تیپەکەماندا دزیوە. ئەو سرودە و خوێندنەوە و دیکلەمە و موزیکەکەی ساڵی ١٩٩١ لەلایەن سەید خانی هەڤاڵمانەوە وتراوە و تۆمار کراوە و بڵاوکراوەتەوە. مەهەپە سرودی 'کوردستان بەهەشتی جیهان'ی بەرهەمی تیپەکەمانى دزیوە و لەلایەن گۆرانیبێژێکەوە، کە پەڵەى رەش و روورەشیی هونەرمەندانە، ئەو سرودەى بۆ هەڵبژاردن تۆمار کردووە و بەکاری دەهێنێت. گەلەکەمان و دۆستان و شەیدایانى موزیک ئەو دزییەى مەپەیە ئاشکرا کردووە.

ئەو کەسە کە دزییەکەى ئەنجامداوە لەلایەن گەلەکەمان و رای گشتییەوە دەناسرێت. سرودی (Olurum Turkiyem)ی بۆ بانگەشەی پێشووی مەهەپە بەکار هێنابوو، کە ئەویشی لە گۆرانیى "دایە دایەی" هونەرمەندێکى جزیر بۆتان دزیبوو، کە ئەو گۆرانییە لە ساڵی ١٩٨٧ دا لەلایەن ئەو هونەرمەندە کوردەوە تۆمار و بڵاوکرابوویەوە.

سرودی 'کوردستان بەهەشتی جیهانی' تیپی مۆسیقای بەرخودان، کە ساڵی ١٩٩١ تۆماریکردووە و بڵاویکردووەتەوە:

ر.م