تەڤ-چاند: هۆزانڤان سەرحەد هۆنەرمەندێکی دڵسۆزی گەلەکەی بوو

تەڤ-چاند بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی هۆزانڤان سەرحەد لێدوانێکی بڵاو کردەوە و وتی:"هۆزان سەرحەد هونەرمەندێکی بیرمەند و دڵسۆزی گەلەکەی بوو.ئەو هونەرمەندانەی لە راستی گەلیان تێدەگەن، راستیی گەلەکەیان لە گۆرانیەکانیاندا رەنگ دەداتەوە.

تەڤ-چاند ئەوروپا، بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی هۆزانڤان سەرحەد لێدوانێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ئەم قۆناغە کە شۆڕشی ئازادی بە هەموو گڕوتینێکەوە، لە قوڕسترین بارودۆخدا تێدەپەڕێت، بە قوربانیدانێکی گەورە و بە بڕوایەکی گەورەوە، ئازادی گەلان مسۆگەر دەکات. دۆزی ئەم قارەمانانە، جارێکی دیکە ئەرکە ویژدانیەکەمان دێنێتەوە یاد.

هونەرمەند سەرحەد، شۆڕشگێر و قوڵقێنەرێک بوو کە بە بەردەوامی بەدوای بووندا دەگەڕا، دڵی دا بە شاخەکانی وڵاتەکەی و لە ناو کاروانی کلتور و هونەر و ریزی هونەرمەندانی وەکو سەفکان، مزگین، ساریا و چەندین هونەرمەندی تری شۆڕشگێری ناسکراودا جێگەی خۆی کردەوە و بوو بە هەڵگری ئاڵای دۆزەکەیان.

سەرحەد لە تەمەنی منداڵیدا، بە جیهانی گۆرانی و ئاواز و موزیک ئاشنا بوو، بەڵام دوای قۆناغی تێگەیشتن، مەترسیەکانی سەر موزیک و کلتور و فۆلکلوری کوردی بینی و هەستی بەو جیاوازیە کرد. هەمیشە دەیوت:"سەرچاوەیەکی بەهێزمان هەیە. ئەمە ئەرکی هونەرمەندە کە شکۆمەندیەکان بپارێزێت و هاوکات تێبکۆشێت."  

بەڵی، لە مێژوودا گەلان، هەمیشە هۆزانڤانیان پێشکەش کردووە. چونکە کلتوری هۆزانڤانی، لە رووی جەوهەریەوە لە ناو کۆمەڵگاوە هەڵقوڵاوە. بە گشتی بوون بە دەنگ و هەناسەی کۆمەڵگا. بە واتایەکی تر، هۆزانڤانی، ئیرادەی دانوستان و شیرۆڤەکردن و گۆڕانکاری و هێزی گۆڕینە. ئەو هونەرمەندانەی راستی گەلەکەیان لە ناو هەست و هزر و دڵی خۆیاندا هەست پێدەکەن و لەگەڵیدا دەژین، کەسانی خولقێنەرن و سوور دەبن لەسەر راستیەکان. لە ناو گۆرانی و خولقاندنی بەرهەمەکانیاندا، راستیی گەل دەخەنە روو.

ئەوانەی بۆ ئازادی دەکەونەڕێ، خۆیان لەگەڵ زانست و هزری شۆڕشدا هاوتەریب دەکەن. ئەوان باش دەزانن رێبازەکانی هونەر چۆن بخولقێنن. بۆیە ناوەڕۆکی هونەرەکەیان لێوانلێوە لە پێداهەڵدان و هیوا. کاریگەری لەسەر هەست و فکری گەل دروست دەکەن. گەلیش ئەو جۆرە هۆزانڤانانە لێهاتووانەیان خۆش دەوێت.  

بەڵی هۆزانڤان سەرحەد لە چوارچێوەی ئەو زانابوونەدا بەڕێکەوت. ئەو باش لەو ئێش و ئازارەی کە گەلی کورد بینیویەتی، تێگەیشت. هاوکات، دەبوایا چۆن و بە چی رێبازێک ببێت بە وڵامیش بۆ ئێش و ئازارەکانی گەل، ئەوەشی باش دەزانی.

چونکە هۆزانڤان سەرحەد بە باشی خۆی هاوتەریب کردبوو لەگەڵ رامانی تێکۆشانی ئازادیدا. هۆزانڤان سەرحەد لە گۆرانیبێژێک زیاتر، هونەرمەندێکی زانا و دڵسۆزی گۆرانی و ئاوازی گەل بوو. لەگەڵ کار و چالاکیەکانیدا، گەنجانی فێری رێگای خوڵقاندنی هونەری راستەقینە کرد. ئەوانیان فێری گرنگیی تێکۆشانی هونەر کرد.

لە راستیدا هۆزانڤان سەرحەد لە گۆرانیەکانیدا ئەم راستیەی بە باشی خستە روو. لە ناوەڕۆکی گۆرانیەکانیشیدا ئەمە ئاشکرایە و پێداهەڵدانی بۆ گەریلا و قارەمانەکان و شەهیدان و شکۆ و پیرۆزیەکانی شۆڕشی کردووە. هونەرمەند سەرحەد راستە ئێستا لە ناومان نەماوە، بەڵام ئەو بە خەبات و گۆرانی و ئاوازەکانی، هەمیشە زیندووە. ئێمە بە رێز و خۆشەویستیەوە یادی دەکەینەوە. لە کەسایەتی شەهید سەرحەددا، هەموو هونەرمەندە شەهیدەکانی تر بەبیر دێنینەوە. ئەوان بوون بە ویژدانی کۆمەڵگا. ئەوان نەمرن. هیچ کات لە یادیان ناکەین."

ز.ش