دیداری سینەمایی کەرکووک بۆ کورتەفیلم ڕاگه‌یه‌نرا

لە شاری کەرکووکی باشووری کوردستان «دیداری سینەمایی کەرکووک بۆ کورتەفیلم» ڕاگه‌یه‌نرا.

ئێوارەی ئه‌مڕۆ لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە سەنتەری ڕۆشنبیریی کەرکووک «دیداری سینەمایی کەرکووک بۆ کورتەفیلم» ڕاگه‌یه‌نرا. بڕیاره‌ له‌ دیدارەکەدا فیلمی جیاجیا بە هەموو زمانەكان وه‌رگیرێن.

سەردار زەنگەنە سەرۆکی دیداری کورتەفیلم دەربارەی ئەم دیدارە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، «زیاتر لە ساڵێکە کار بۆ ئه‌م دیداره‌ دەکەین. لە دەرئەنجام گەیشتین بەو ئه‌نجامه. ماوەی دیدارەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و کۆمەڵێك فیلم وەردەگرین پاشان بەشێک لەو فیلمانە پەسەند دەکرێن و نمایش دەکرێن. هەروەها گفتوگۆ لەسەر فیلمەکان دەکرێت لەو دوو ڕۆژه‌ و خاوەن فیلمەکان خەڵات دەکرێن.»

دەربارەی مەرجی بەشداربوون لە دیدارەکە سەردار زەنگەنە گوتی، «پێویستە ئەو فیلمانەی کە بەشداری دیدارەکە دەبن دوور بن لە تووندوتیژی و تایه‌فه‌گه‌ری و هێرش کردنە سەر ئاین و نەتەوە. پێویسته‌ ماوەی فیلمه‌كان له‌ ١٥ خولەک زیاتر نەبێت. دەبێت فیلمەکان بە كوالیته‌یه‌كی بەرز بێت و فیلمەکان لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨  دروست کرابن.»

s.m