"دیپلۆماسیی رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتووە"

یاریدەدەری پرۆفیسۆر و دکتۆر عوسمان ئایتار دەلێت، بەرێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ساتەوەخستی دەستپێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکەوە تا ئێستا، خەباتێکی سەرکەوتووی دیپلۆماسیی بەڕێوە بردووە.

یاریدەدەری پرۆفیسۆر و دکتۆر عوسمان ئایتار کە لە هەمان کاتدا مامۆستاو ئەندامی دەستەی خوێندنی باڵایە لە سوید لە بارەی رەوشی رۆژئاوای کوردستان و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەەڵەتی تورک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

ئایتار تیشکی خستە سەر ئەوەی دوای دەستپێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد لە هەموو جێگایەک کەوتە جموجۆڵ و لە دژی داگیرکەرییەکە وەستایەوەو وتی:" رێکخستن و پارتە کوردییەکان لە سوید کەوا ٣٠-٤٠ ساڵە نەیانتوانیوە لە سەر یەک مێز کۆ ببنەوە، بۆ رۆژئاوا کۆ بوونەوە و سەکۆیەکیان دروست کرد. ئەم هەنگاوە بۆ کورد شتێکی نوێ و زۆر گرنگ بوو. بێگومان ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی رۆژئاوایە."

ئایتار هەروەها ئاشکرای کرد، ئەوانەی بە چاوێکی رەخنە ئامێزەوە تەماشای قەسەدەو یەپەگەو یەپەژەیان دەکرد، پشتیوانیان لە رۆژئاوا کرد و هەموو کەس لەگەڵ رۆژئاوا جوڵایەوە و وتی:" لە رۆژئاوا هەنگاوی گرنگ نران. ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید بە مەبەستی شەرمەزارکردنی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، بەشداری لە خۆپیشاندانی کوردان کرد و لە پەیامەکانیدا وتی، 'من شاخم بۆ کورد'. پەیامێکی روون و ئاشکرای ئاڕاستەی دەوڵەتی تورک کرد. نوێنەرانی رۆژئاوای کوردستان کە دێن بۆ ئێرە، دەتوانن بە ئاسانی لەگەڵ پەرلەمان و ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. ئەمانە هەمووی بۆ گەلی کورد بارودۆخێکی ئەرێنییە."

ئایتار هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی دوای دەستپێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک، هێزە کوردییەکان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان بەرفراوانتر کرد و بەم شێوەیە نەیانهێشت کۆمەڵکوژی گەورە ئەنجام بدرێن و وتی:" هێزەکانی سوپای تورک داگیرکەرن. ئەگەر لەو ناوچانەی داگیریشی دەکەن، خەلکی عەرەبی تێدا جێگیر بکەن، دواجار ناچارن دوای ماوەیەک بکشێنەوە."

ئامەد ترسی ناو دڵی تورکیایە
ئایتار تیشکی خستە سەرە کاریگەرییەکان لەسەر باکوری کوردستان و وتی، ترسە سەرەکییەکەی تورکیا، ئامەدە نەک رۆژئاوا. ئەوەی دەوڵەتی تورک دەترسێنێت هەنگاوە ئەرێنییەکانی ناو رۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو تورکیا لەو کاریگەرییانە دەترسێت کە لە ئامەد و وان و جۆلەمێرگ، واتە لە باکوری کوردستان دروستی دەکات. هەموو کەس ئەوە باش دەزانێت کە لە رۆژئاواوە تەنانەت بەردێکیش بە رووی تورکیا دا هەڵنەدراوە،  تورکیا درۆ دەکات کە لەوێوە هێرشیان کردووەتە سەریان. دڵێت "رۆژئاوا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانم'. لە راستیدا ترسە گەورەکەی تورکیا و ئەردۆغان باکوری کوردستان و بەتایبەت ئامەدە."

ئایتار لە کۆتایی قسەکانیشیدا تیشکی خستە سەر بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی رۆژئاوای کوردستان لەگەل روسیا و ئەمریکاو چین و وڵاتانی دیکەو وتی:" تورکیا کە خاوەنی دووهەم گەورەترین سوپایە لە ناو ناتۆدا، بە هەموو توانایەکیەوە هەوڵدەدات، بەڵام ناتوانێت داواکانی خۆی لە جیهان پەسەند بکات. ئەمەش بۆ رۆژئاواو گەلی کورد سەرکەوتنێکی گرنگە."

ز.ش