دەوڵەت سروشتی جۆلەمێرگ وێران دەکات

محاویلەکانى ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا "هایدرۆئەلیکتریک" (HES)ی دەوڵەتى تورکیا بوونەتە سەرچاوەى زیانێکى گەورە بۆ سروشت و ئاو هەواى جۆلەمێرگ.

محاویلەکانى ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا "هایدرۆئەلیکتریک" (HES)ی دەوڵەتى تورکیا بوونەتە سەرچاوەى زیانێکى گەورە بۆ سروشت و ئاو هەواى جۆلەمێرگ. ناوەندی وێستگەى کارەبا لە گوندی ئۆتلوجا، زیانێکى گەورەى بە سروشت، باخ و رەزەکان و ژینگە و گیانەوەران گەیاندووە.  

سروشتی جۆلەمێرگ بە دەوڵەمەندی و جۆراجۆربوونى سەوزایی و ناوچەی دارستان و لەوەڕگەکانی، شوێنى ژیانى دەیان جۆر بوونەوەرە و ئەوەش سروشتێکی زۆر جوان و دڵرففێنى خوڵقاندووە. ناوەندی شارەکە و ناوچەکانی جۆلەمێرگ خاوەنى ئەو تایبەتمەندییەن، کە دەتوانیت هەر چوار وەرزی ساڵ لەیەک کاتدا ببینیت. بەهۆی نەخشەی جوان و تایبەت و ئاو و هەواکەیەوە، سروشتی جولەمێرگ یەک پارچە سەوزاییە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دەوڵەمەندیی شارەکە بە سیاسەتی کاولکارانەی لەناوببات.

دەوڵەتی تورکیا چەند شێوازێک بۆ وێرانکردنى ژینگەى جۆلەمێرگ پەیڕەو دەکات. یەکێک لەو ڕێگایانە، دانانى وێستگەى کارەبایە بە بێ رەچاوکردنى دۆخى ژینگەى ناوچەکە و لەو رێگەیەوە دەیەوێت سروشتی جۆلەمێرگ لەناو بەرێت و ئاو و خاکی باکووری کوردستانیش بەکاربهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ ناوچەکانی تر.

زیندەوەرانی هەرێمی زاپ لەناو دەچن

دەوڵەتی تورکیا سەرچاوەکانى ئاوی ئەو سروشتە جوانە بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی وزەی کارەبا و لە تەواوی ئەو شوێنانەی شارەکە کە ئاویان لێیە، دەوڵەت ناوەندی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای دروستکردووە. ئەوەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی زیندەوەران و لەناوچوونی سروشت.

لە سەر دەریاچەی زاپ، ژمارەیەکی زۆر ناوەندی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دروستکراون. بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی هەرێمی زاپ و دوورگەى ناو دەریاچەکە بێ ئاو بوون و وشکیان کردووە. لەهەمان کاتدا هەزاران شوێنی سەوزایی وشک بوون و چەندین جۆری زیندەوەرانیش لەناوچوون.

وێستگەکانی کارەبا زیانیان بە ژینگە و سروشت گەیاندووە

دەوڵەت بەشێکی زۆر لە سروشت و ژینگەی هەرێمی زاپ'ی کاولکردووە. ئیستاش لەسەر خاکی بەپیتی جولەمێرگ سەرقاڵی دروستکردنی ناوەندی تری بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و ناوەندی کۆکردنەوەى وزەی کارەبایە.

لە ئێستادا لەسەر رێگای گەڤەر-شەمزینان و لە گوندی ئۆتلوجای جولەمیرگ، خەریکی دروستکردنی ئەو محاویلانەن، کە بۆ پاشەکەوتی وزەی کارەبا بەکاردەهێنرێن. جگە لە ناڕەزایەتیی گوندنشینان، دروستکردنی ئەو هەموو ناوەندەی بەرهەمهێنان و پاشەکەوتی وزەی کارەبا زیانی زۆر بە سروشت و ژینگەی هەرێمەکە دەگەیەنیت.

دانیشتوانی ئەو گوندانە جگە لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ، هاوکات باخدارییش دەکەن و ژمارەیەکی زۆریش پوورە هەنگیان هەیە. دانیشتوانی گوندی ئۆتلوجا رایانگەیاند "بەهۆی ئەو ناوەندانەی بەرهەمهێنان و پاشەکەوتی وزەی کارەباوە، رەز و باخ و لەوەڕگاکانیان وشک بوون و هەنگەکانیشیان دەمرن".

داواکارین ناوەندەکانی پاشەکەوتی وزەی کارەبا لاببرێن

گوندنشینان بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات 'ANF' قسەیان کرد و رایانگەیاند، رەز و باخەکانیان وەک جاران بەرهەم نادەن و یەک لە گوندنشینان کە بەهۆی باری ئەمنیەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ئاژانسەکەمانی وت "لە مانگەکانی وەرزی هاویندا رەز و باخەکانمان زۆر زوو وشک دەبن، مردنی مێشی هەنگەکانمان بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئێمە داوامان نەکردووە، کە ناوەندی بەرهەمهێنان و پاشەکەوتی وزەی کارەبا لێرە دروست بکەن، بەڵام سەرەڕای ناڕەزایەتیی ئێمەش، ئەو ناوەندانەیان دروستکردووە".

وتیشی "داواکارین هەرچی زووە ئەو ناوەندانەی بەرهەمهێنان و پاشەکەوتی وزەی کارەبا لاببە، چونکە زیانێکی زۆری بە سروشت و ژینگەی هەرێمەکەمان گەیاندووە".

ر.م