راگەیاندراوى ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە بۆنەى رۆژى جیهانیى زمانى دایکەوە

١٠ رێکخراو لە شاری مەریوانى رۆژهەڵاتى کوردستان بە بۆنەى رۆژى جیهانیى زمانى دایکەوە راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

 لە راگەیاندراوی ئەو رێکخراوانەدا هاتووە "لە کۆی ٢٠٠ وڵاتی جیهان، ئێران لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە خوێندن و فێربوونی زمانی دایکیی تێیدا ڕێگەپێنەدراوە".

راشیانگەیاندووە "سەپاندنی سیستەمی خوێندن و فێرکاری فەرمی تەنیا بە یەک زمان، هێمایەکی ڕوونی زمان کوژییە کە دەبێتە هۆی لاواز بوونی پێگەی کۆمەڵایەتی زمانەکانی دیکەی ئێران و ئاڵۆز کردنی جەوهەر و ناوەرۆک و هەروەها دەوری گواستنەوەیان لە نەوەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو".

دەقی راگەیاندراوی ریکخراوەکانى مەریوان

بە بۆنەی ٢١ی فوریە، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیی

"کوشتنی زمانی دایکیی هەمان ڕەگەزپەرەستی و پاکتاوی نژادییە. کۆمەڵگایەک کە تاکە یەک زمان بە سەر زمانەکانی دیکەدا دەسەپێنیت، کۆمەڵگەیەکی ڕەگەزپەرەستە. هیچ جیاوازییەک نییە ئەگەر ئێوە ڕەگەزێک داسەپێنن بە سەر ڕەگەزەکانی دیکەدا یا زمانێک، یا ئایینێک، یا ئیدئۆلۆژییەک؛ هەمووی هەر ڕەگەزپەرەستییە."(دوکتۆر موحسێن ڕەنانی - ١٣٩٥)

لە کۆی ٢٠٠ وڵاتی جیهان، ئێران لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە خوێندن و فێربوونی زمانی دایکیی تێیدا ڕێگەپێنەدراوە. دیارە لەبەرچاو نەگرتنی جیاوازییە زمانی و نەتەوەییەکان و سەپاندنی زمان و ئەدەبیات و فەرهەنگی یەک نەتەوە، خزمەت بە هەمان پرۆژە شکست خواردوەکەی "یەکدەست کردن"ی وڵاتە. ئەو پرۆژە و ڕوانگە، تەنیا یەک زمانی لا گرێنگە و بایەخێکی ئەوتۆ بۆ زمانی دایکیی دەیان ملوێن مرۆڤی دیکە لە وڵاتێکی پان و بەرینی وەک ئێران دانانێت.

زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی، بەلوچی و تورکەمەنی وەکوو زمانی دایکیی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، پیشاندەری لایەنێک لە فەرهەنگ و کەسایەتی جیاوازی ئەو نەتەوانەیە و لە هەمان کاتدا ئاوێنەی باڵانوێنی داب و نەریت و بیر و بڕوا و بایەخەکانیانە. ئەو بایەخ و کەسایەتیانە کە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تازە دەگوێزرێتەوە. بۆیە گومان لەوەدا نییە کە سەپاندنی سیستەمی خوێندن و فێرکاری فەرمی تەنیا بە یەک زمان، هێمایەکی ڕوونی زمان کوژییە کە دەبێتە هۆی لاواز بوونی پێگەی کۆمەڵایەتی زمانەکانی دیکەی ئێران و ئاڵۆز کردنی جەوهەر و ناوەرۆک و هەروەها دەوری گواستنەوەیان لە نەوەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو.  

٢١ی فوریەی هەموو ساڵێک، وەبیرهێنەری ڕۆژێکی زۆر گرینگی جیهانییە. لەم ڕۆژەدا سازمانی یۆنسکۆ لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا، بە پێشنیاری فەرمی وڵاتی بنگلادش لە نوامبێری ساڵی ١٩٩٩ی زایینی، ڕۆژی زمانی دایکیی بۆ هەموو وڵاتانی جیهان ڕاگەیاند. یۆنسکۆ هەروەها سیستەمی فێرکاری چەند زمانەی بۆ ئەو وڵاتانەی کە دانیشتوانی لە چەند زمان و چەند نەتەوەی جیاواز پێک هاتوە، پێشنیار کرد.

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، وێڕای پیرۆزبایی و بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیی، لە سەر ئەو بڕوایەن کە بەفەرمی ناسینی زمانە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی سیستەمی فێرکاری چەند زمانە لە کۆمەڵگادا، هیچ ناتەباییەکی لە گەڵ پاراستنی یەکپارچەیی وڵات و بەهێزکردنی گیانی هاوپێوەندی نێوان دانیشتوانی ئێراندا نییە. بەڵکوو بێبەشکردنی مرۆڤەکان لە فێرکاری و خوێندن بە زمانی دایکیی و ئەو هەست بە بەشخوراوییەیە کە ئەوان تووشی داڕمان و وێرانکاریی و دابڕان دەکات.

کەوایە ئێمە؛ ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان وەک ویژدانی هوشیار و نوێنەرانی راستەقینەی  فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەم نیشتمانە، بەوپەڕی پێداگریەوە خوازیاری دامەزراندنی سیستەمی چەند زمانە لە ئێرانداین و خوێندن و فێرکاری بە زمانی کوردی لە هەموو خوێندنگاکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە باخچەی ساوایانەوە تا دوایین قۆناغی خوێندن، بە پێویستیەکی بێ ئەم لاوئەولا دەزانین و نامانەوێت لەمە زیاتر سیاسەتی زمان کوژی و پێشێل کردنی مافە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانمان درێژە بکێشێت.

٢/١٢/١٣٩٧ی هەتاوی 

ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی  - هونەری ڤەژین

ناوەندی زانستی - فەرهەنگی ڕۆنان

ئەنجومەنی خەڵكیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان – ژیانەوە

ئەنجومەنی سەوزی چیا

ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی ڕۆجیار

ئەنجومەنی نمایشی مەریوان

یەکیەتی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان - یەمامە

ئەنجومەنی پیشەیی مەعەلمان(مامۆستایان) مەریوان

ئەنجومەنی سڵامەتی ژین

ر.م