ناوەندی راگەیاندنی یەکەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) رایگەیاند، دوێنێ شەو کاتژمێر ٢٠:٤٥ لە نزیک مەزارگەى شەرەفەدین، کە ناوچەیەکی پیرۆزی کۆمەڵگەى ئێزدییە، ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە.
یەبەشە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە ئەو ئۆتۆمبێلە چۆن و کێ تەقاندوییەتەوە.
لە راگەیاندراوەکەى یەبەشەدا ئاماژە بە پڕوپاگەندەی دەزگاکانی راگەیاندنی سەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کراوە و تیایدا هاتووە "ئەوەى جێگای سەرنجە، هەندێک هێز و هێزەکانی پەدەکە رایانگەیاندووە، ئەوە هێرشێکی ئاسمانییە، بەڵام لەو کاتەدا، کە ئەو ئۆتۆمبێلە تەقیوەتەوە فڕۆکەى چاودێری و فڕۆکەى جەنگی لە ئاسمانی شەنگالدا نەبووە".
یەبەشە ئەوەشی راگەیاند، ئەو شوێنەى ئۆتۆمبێلەکەى تیایدا تەقیوەتەوە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پەدەکەیە و ئەو ناوچەیە لە دەست هێزە چەکدارەکانی پەدەکەدایە.
یەبەشە ئاماژەى بەوەشکردووە، پڕوپاگەندە لەسەر ئەو رووداوە دەکرێت و هەوڵ دەدەن ئەوە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەى شەنگالییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەکار بهێنن و راشیگەیاندووە "دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئەوە نیشان بدەن، کە دۆخی ئاسایش لە شەنگال ئارام نییە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە، دوای تێکۆشانی ٦ ساڵ ئەو ئارامییە لە شەنگال دەستەبەرکراوە لە هیچ شوێنێکی تری عێراق و باشووری کوردستاندا نییە. ئەو کەسانەى کە دەیانەوێت بەو پڕوپاگەندە و یاریکردنانە ئارامیی شەنگال بخەنە مەترسییەوە، بە دڵنیاییەوە بە ئامانجەکەیان ناگەن".
ژ.ت