زمان مەرجی مرۆڤبوونە

نووسەر عیرفان بابائۆغلو بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە رایگەیاند "زمان هەبوونی مرۆڤەکانە، دەبێت ئێمە خاوەنداری لە زمانی خۆمان بکەین و لەناو گەلدا بڵاوی بکەینەوە. ئێمە زمانی کوردی دەکەینە زمانی رۆژانە و نووسین".

نووسەر عیرفان بابائۆغلو بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە رایگەیاند "زمان هەبوونی مرۆڤەکانە، دەبێت ئێمە خاوەنداری لە زمانی خۆمان بکەین و لەناو گەلدا بڵاوی بکەینەوە. ئێمە زمانی کوردی دەکەینە زمانی رۆژانە و نووسین".

ڕۆژی ١٥ی ئایاری ساڵی ١٩٣٢ / ٢٦ی گوڵان، گۆڤاری هاوار، وەک هاواری زمانی کوردی لەلایەن ڕۆشنبیر و زمانزانی کورد جەلادەت عالی بەدرخان و هاوڕێکانییەوە لە شام دەرکرا. ڕۆژی دەرکردنی ئەو گۆڤارە کوردییە ١٥ی ئایار / ٢٦ی گوڵان وەک جەژنی زمانی کوردی دەناسرێت و رۆژەکە پیرۆز دەکرێت.

جەلادەت عالی بەدرخان و برا و خزمان و هاوڕێکانی وەک 'کامەران بەدرخان، قەدری جان، عوسمان سەبری، جگەرخوێن، نورەدین زازا' بە گۆڤاری هاوار خۆیان گەیاندە هاواری کوردان. بەهۆی خەباتی گرانبەهای دەستپێکی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری هاوارەوە، ڕۆژی دەرچوونی گۆڤارەکە بە جەژنی زمانی کوردی دیاریکراوە و لە سەرانسەری کوردستاندا ١٥ی ئایار / ٢٦ى گوڵان وەک جەژن پیرۆز دەکرێت.

هاواری کوردان: هاوار

هاواری زانین و تێکۆشانی زمانی کوردی، گۆڤاری هاوار 'ماوەی ١١ ساڵ'، واتە لە ساڵی ١٩٣٢ هەتا ساڵی ١٩٤٣ بەردەوام دەردەچوو. لەو ماوەیەدا ٥٧ ژمارەی بە زمان و وێژەی کوردی چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەوەش وەک کۆلکسیۆنێک و ئەرشیڤێکى بێ هاوتایە. لەهەمان کاتیشدا یەکەم گۆڤار بوو، کە بە شێوەیەکی سیستماکییانە و بەردەوام وەشانی خۆی بە پیتی لاتینی کردووە. یەکەمین ژمارەی گۆڤاری هاوار لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢دا دەرچوو، گۆڤارەکە هەتا ١٥ی ئابی ١٩٤٣ / ٢٦ى گەلاوێژ، ٥٧ ژمارەی لێ دەرکرا.

جێگای کار و چاپی گۆڤارەکە لە شام (دیمەشق)ی پایتەختی سوریا بوو. مانگی دوو جار دەردەکرا و گۆڤارێکی سیاسی و وێژەیی بوو. گۆڤارەکە لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخانەوە دەردەکرا. گۆڤاری هاوار، کە لە مێژووی چاپ و بڵاوکراوەی کوردیدا خاوەن پێگەیەکی گرنگە، هاوکارێکی گەورەی زمانی کوردییە. لە گۆڤارەکەدا بە چڕوپڕی لێکۆڵێنەوە، چیرۆک و هەڵبەستی هەڵبژێردراو لە ئەدەبیاتیی کوردیدا بڵاوکراونەتەوە. لەژمارەی یەکەم و لە سەروتاردا جەلادەت بەدرخان نووسیویەتیی "هاوار دەنگی زانینە، زانینیش خۆناسینە، خۆناسینیش رێگای خۆشگوزەرانیمان بۆ دەکاتەوە. هەر کەسێک کە خۆی دەناسێت، دەتوانێت خۆی بە کەسانی تر بناسێنێت. هاواری ئێمەش بەر لە هەر شتێک راستیی زمانی ئێمەیە و بەوەش دەتوانین خۆمان بناسێنین. لەبەرئەوەیە کە زمان مەرجی راستیی لە پێشینەیە".

لاپەڕەی فەرەنسى و عەرەبى لەگەڵ پەڕەی کوردیدا

لەگەڵ ئەوەی گۆڤارەکە بە زمانی کوردیی دەردەچوو، بەڵام لە هەر ژمارەیەکدا ٣ تا ٤ لاپەڕەی بە زمانی فەرەنسیی بوو. هەتا ژمارە ٢٣ نووسینی گۆڤارەکە بە ئەلفوبێی لاتینی و عەرەبیی دەردەچوو، بەڵام لەدوای ئەو ژمارەیەوە ئیدی گۆڤارەکە تەنها بە ئەلفوبێی لاتینی دەردەچوو. هەر ٥٧ ژمارەى گۆڤارەکە ٨٠٨ لاپەڕەیە. لە ژمارەکانی دەستپێکی گۆڤارەکەدا جەلادەت و براکەی کامەران عالی بەدرخان کە ئەوکات ئەویش چووبووە لوبنان بابەتەکانی گۆڤارەکەیان دەنووسی، بەڵام لە ژمارەکانی دواتردا چەندین ناوی تر دەرکەوتن و ژمارەیەکی زۆریشیان دواتر بوون بە کەسانی نووسەر و ناوداری نێو وێژە و ئەدەبی کوردی.

"هێزی خۆی لە مێژوو وەردەگرێت"

نووسەر عیرفان بابائۆغلوو دەربارەی فشار و رەوش و خەباتی زمانی کوردی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد. عیرفان تیشکی خستە سەر ئەوەی، کە زمانی کوردی سەدان ساڵە لەلایەن نەتەوەپەرستانەوە گەمارۆ دراوە و هەموو دەوڵەتانیش دەیانویست زمانی کوردی لەناوبەرن، بەڵام زمانی شیرینی کوردی هێزی خۆی لە مێژوو وەردەگرێت و  تا ئەم سەردەمەش بەرخۆدان دەکات.

بابائۆغلوو روونیکردەوە، مەترسی و سیاسەتی پشتگوێخستنی زمان کۆتاییان نەهاتووە و رایگەیاند "لە چوار بەشی وڵات سیاسەتی رەتکردنەوە و پشتگوێخستن بێ پسانەوە بەردەوامە. بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا لە باکووری کوردستاندا بۆ ئەوەی، زمانی کوردی پێشنەکەوێت و قسەی پێ نەکرێت، لە هەرکوێیەک رێکخراوێک، دەزگایەک یان پەیڤێکی کوردی هەبێت قەدەغەی دەکەن. ئامانجی سەرەکیش ئەوە بوو کە ئەم زمانە کۆنە قەدەغە بکەن و نەیەڵن لە بیری کەسدا بمێنێتەوە، بەو شێوەیەش زمانەکە لەناو بەرن. لەگەڵ هەموو قەدەغە و فشارەکانی سەر زمانی کوردی، بەڵام زمانەکە لەلایەن ملیۆنان کەسەوە قسەی پێدەکرێت. ئەوەش هێزی خۆی لە مێژوو وەردەگرێت و ئەو هێزە و ئەو کلتورەش بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەتەوە".

"زمان مەرجی هەبوونی مرۆڤە"

بابائۆغلوو سەرنجی راکێشایە سەر ئەو سەردەمە کۆنەی کە گۆڤاری هاواری تێدا دەرکراوە و رایگەیاند "لەدەستپێکی وەشانی گۆڤاری هاوارەوە هەتا رۆژی ئەمڕۆ دەیان وەشانگەریی کوردیی وەشان دەکەن، بەڵام گۆڤاری هاوار ئیدی بنکەیەکی سەرەکی و گەورەی بۆ زمانی کوردی بونیاتناوە. بۆ پێشخستنی زمان، خەبات و تێکۆشان پێویستە. زمان بوونێکى زیندووە و دەبێت هەموو کات و ساتێک لەگەڵی بژیت. ئەگەر ئەم بوونە زیندووە پێشنەخرێت و لەگەڵیدا نەژیت، ئەوا هەمیشە لە شوێنی خۆیدا رادەوەستێت و پێشناکەوێت".

وتیشی "سیاسەتی دەسەڵاتداران چی دەبێت با ببێت، بۆ ئەوانەی کە سیاسەتیی پشتگوێخستن و پەراوێزخستن بەردەوامی پێ دەدەین، ئێمە وەک رێکخراو، نووسەر، سیاسەتمەدار و گەل هەر ڕۆژێک زیاتر و زیاتر خاوەنداری لە زمان دەکەن. لەبەرئەوەی زمان هەبوونی مرۆڤەکانە. دەبێت ئێمەش خاوەنداری لە زمانەکەمان بکەین و لەناو گەلدا بڵاوی بکەینەوە. ئێمە زمانی کوردی دەکەینە زمانی رۆژانە و نوسین".

ر.م