زیاتر لە ١١٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ئیدلب کوژراون

رووسیا و رژێمى سوریا دوێنێ هێرشیان کردە سەر سەربازانى تورک لە ئیدلب و بەو هۆیەوە زیاتر ١١٣ سەربازی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر کوژران.

فڕۆکە جەنگییەکانى رووسیا هێرشیانکردووەتە سەر سوپای تورک لە ئیدلب و ئەو هێرشە لە میدیاکاندا دەنگدانەوەى زۆری لێکەوتەوە. سەرباری ئەوەى دەوڵەتى تورک سەرەتا باسی کوژرانى ٩ سەربازی سوپا داگیرکەرەکەى لە ئیدلب کرد، بەڵام لە نیوەشەودا رایگەیاند، ٢٩ سەربازیان کوژراوە. هاوکات دەزگای رادیۆ و تەلەفزیۆنى دەوڵەتى تورک بڵاوکردنەوەى هەموو جۆرە وێنە و ڤیدیۆ، هەواڵ و راپۆرتی لەبارەى ئەو هێرشەوە لە میدکانى تورکیا و راگەیاندنەکانى سەر بە دەوڵەتى تورک و ئاکەپە قەدەغە کرد.

رێکخراوى چاودێریی مافەکانى مرۆڤ لە سوریا، کە بارەگاکەى لە شاری لەندەنی پایتەختى بەریتانیایە رایگەیاند، لە جەبەل زاویە، زاکوم و سحیل ئەلگ گابی بەلانیکەمەوە ٤٢ سەربازی دەوڵەتى تورک لەو هێرشەدا کوژراون.

ئاژانسى هەواڵی فوارت (ANF) بەهۆی تۆڕە بەرفراوانەکەى لە زانیاری و سەرچاوەى جۆراجۆر لە ناوچەکەدا بەدواداچونی بۆ ئەو هێرشە و زیانەکانى کرد. بەپێى زانیارییەکان بەلانیکەمەوە ١١٣ سەربازی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لەو هێرشەدا کوژراون و دەیان سەربازی تریش بریندار بوون.

بەشێک لە کوژراوان و بریندارەکان گواسترانەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانى دیلۆک و هاتۆچۆش لە رەیحانلی بەهۆی زۆری کوژراوان و بریندارانى سوپای تورک و گواستنەوەیان، بە رووی هاووڵاتیاندا داخرا. هەندێک فڕۆکەى جەنگیی سوپای تورک چوونەتە ئاسمانى ئیدلب، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بۆردومانێکیان ئەنجام نەداوە.

ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا لە سەرچاوە خۆجێیەکان لە نەخۆشخانەى رەیحانلی زانیاری بە دەستهێناوە و سەرچاوەکەیان رایگەیاندووە، تەرمی ١٠٠ سەربازیان بردووەتە نەخۆشخانەى رەیحانلی و تەرمی ٣٢ سەربازی تریش رەوانەى نەخۆشخانەى نوێی هاتای کراوە.

هەروەها هەموو بەش و خزمەتگوزارییەکانى نەخۆشخانەکانى دەوڵەت لە ئەسکەندەرون و هاتای بۆ وەرگرتنی سەربازانى برینداری سوپای تورک تەرخانکراون.

هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسێک لە نەخۆشخانەى دەوڵەت لە رەیحانلی بڵاویکردەوە، "ئێمە لە بەشی ساردخانە ٥٨ تەرممان ژمارد و تا ئێستاش هێنانى تەرم بۆ نەخۆشخانەکە بەردەوامە".

کەسێکى تریش دەڵێت "ئێمە توانیمان ٢٥ بۆ ٣٠ تەرم لە نەخۆشخانەى هاتای بژمێرین. هێشتاش تەرمی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازان لە ژێر داروپردوی بۆردومانەکەدان. دۆخەکە جدییە و زیاتر لەوەش بریندار هەیە".

کەسێکى تر دەڵێت "دۆخی ئێرە زۆر خراپە، بە بەردەوامی تەرمی سەربازان دەهێنن. هەموو ئۆتۆمبێلەکان پڕ بوون لە تەرمی سەربازان".

پارێزگاری هاتای: ٢٩ سەرباز کوژراون

هاوکات لەگەڵ ئەو زانیارییانەدا رەحمی دۆغان پارێزگاری دەوڵەتى تورک لە هاتای سەرەتا رایگەیاند، ٩ سەربازی سوپاکەیان کوژراون، بەڵام دوای ماوەیەک پارێزگار دیسانەوە رایگەیاند، ژمارەى سەرباز کوژراوەکانیان بووە بە ٢٢ سەرباز، بەڵام هەر دواى ماوەیەکى تر لەو نیوەشەدا پارێزگار رایگەیاند، ژمارەى سەربازە کوژراوەکان بووە بە ٢٩ و ٣٦ سەربازیش بریندار بوون.

فەرمانی سانسۆرکردن و شاردنەوە درا

ئەبوبەکر شاهین سەرۆکی دەستەى باڵاى رادیۆ و تەلەفزیۆنى دەوڵەتى تورک (RTUM) هۆشداریی بە هەموو راگەیاندن و میدیاکانى تورک داوە، کە نابێت هیچ هەواڵ و زانیاری و راپۆرت و وێنە و ڤیدیۆیەک لەبارەى ئەو هێرشەوە بڵاو بکەنەوە و تەنها دەبێت زانیارییەکانى دەوڵەت بڵاو بکەنەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگیران

دەوڵەتى تورک لە کاتژمێر ٢٣:٣٠ شەوی رابردووە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت تویتەر راوەستاند و ئەوانی تریشی زۆر خاوکردەوە. بەپێی زانیاریى نێتلۆکس، تویتەر لە سەرتاسەری تورکیادا راگیراوە.

کۆبونەوەى بە پەلەى ئەنجوومەنی باڵاى ئاسایشی دەوڵەتى تورک

میدیاکانى دەوڵەتى تورک بڵاویانکردەوە، کۆبونەوەى ئەنجومەنى باڵای ئاسایش بە سەرۆکایەتیى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار بەڕێوەچووە و وەزیری بەرگری خولوسی ئاکار، مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوە، یاشار گیولەر سەرۆکی فەرماندەیى گشتیى سوپای تورک، فەرماندەکانى هێزی ئاسمانى، وشکانى و دەریایى و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتى تورک (میت) بەرێوەچووە.

هاوکات مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیرى دەرەوەى دەوڵەتى تورک لە رێگەى تەلەفونەوەى پەیوەندیى بە ستۆلتین بێرگ سکرتێری گشتیى ناوتۆ کردووە و قسەى لەگەڵدا کردووە.

رووسیا: تورکیا رێککەوتننامەى سۆچیی پێشێل کردووە

لەو دۆخەدا وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "لایەنى تورکی رێککەوتننامەى سۆچیی پێشێلکردووە. لە ناوچەی بێ شەڕدا لە ئیدلب تۆپباران ئەنجام دەدات و یارمەتیى گروپە چەکدارەکان دەکات".

راشگەیاند، "تورکیا دەستی بەکارهێنانى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى درۆن کردووە و رۆژی سێشەممە کاتێک درۆنێکى تورک خواستی سنوور ببەزێنێت لەلایەن هێزەکانمان خرایە خوارەوە".

ترافیکی دانوستان

وەزیری دەرەوەى دەوڵەتى تورک مەلود چاوشئۆغڵو تەلەفونی بۆ سەرۆکی ناتۆ کرد و لەبارەى هێرشەکەوە قسەی بۆ کرد. هاوکات ئیبراهیم کالن وتەبێژی سەرۆک کۆماری دەوڵەتى تورک لە رێگەى تەلەفونەوە پەیوندیی بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیى ئەمریکا سەفیری باڵا رۆبێرت ئۆبرین کرد. لەبارەى ناوەرۆکی ئەو پەیوەندییانەوە هیچ زانیارییەک بڵاونەکراونەتەوە.

سەرۆکی راگەیاندنی دەوڵەتى تورک فەخرەدین ئاڵتون لەبارەى کۆبوونەوەى باڵاى ئاسایشیانەوە لە بێشتەپە لێدوانێکى دا و هەڕەشەى ئەوەى کرد "هەنگاو بە هەنگاو وەڵام دەدەنەوە".

ئەمریکا: با تورکیا دەستبەرداری ئێس ٤٠٠ ببێت

هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوانەدا و لە دواى هێرشی سوریا بە پشتیوانیى رووسیا بۆ سەر هێزەکانى دەوڵەتى تورک لە ئیدلب بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لە تورکیا کرد، دەستبەرداری سیستمی بەرگریی ئێس ٤٠٠ روسی ببێت.

ژ.ت