مەراسیمی سپاسگوزاری ئاو و ئاوەدانی له‌ زەردۆیی هەورامان بەڕێوەچوو

لە گوندی زەدۆیی سەر بە شاری پاوەی هەورامان، مەراسیمی دێرینی سپاسگوزاری ئاو و ئاوەدانی(بوکە بەبارانێ) بەڕێوەچوو.

لە گوندی زەردۆیی سەر بە شارۆچکەی باینگانی شاری پاوەی هەرێمی هەورامانی بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەڕاسیمێکی ناوازە و دێرین بە ڕێوەچوو. مەڕاسیمەکە کە بە مەراسیمی سپاسگوزاری ئاو و ئاوەدانی(بوکە بەبارانێ) بەناو دەکرێت، لە دێرزەمانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ڕیشەیەکی هەزاران ساڵەی هەیە، کە ئەمڕۆش بەڕێوەدەچێت و دەوترێت، ڕیشەکەی بۆ سەردەمی میترایزم دەگەڕێتەوە.

لە مەراسیمەکەدا،  بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و ەنینی موزیکی کوردی و ڕێکخستنی ڕەشبەڵەکی کوردەواری و هەڵکردن و هەڵگرتنی ئاگر و دروستکردنی بوکەڵە لە شێوەی ژن و پیاو، سپاسگوزاری لە سروشت دەکرێت و بەشداران هیوا دەخوازن سروشت و یەزدان لە باران و ئاو وئاوەدانی زێد و وارەکەیان بێبەش نەکەن.

هەر لە مەراسیمەکەدا، بەشداران بوکەڵەکان کە لە شێوەی ژن و پیاو دروستکراون، دەخەنە چۆم و ڕوبارەکانەوە و بەو شێوەیەش سپاسگوزاری ئاڕاستەی سروشت و یەزدان دەکەن و داخوازیان لێ دەکەن، تا ساڵی داهاتووش پڕ بێت لە باران و فەڕ و خێر و بەرەکەت و لەگەڵ بارانی بەڕەحمەتیشدا، ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی داڕژێنن بەسەریاندا. 

جێگای ئاماژەیە، هەرێمی هەورامان، لانکەی بەشێکی زۆر لە مەراسیمی جۆراوجۆر،  فەرهەنگ و کلتور و خوڕەوشتی دێرینی کوردەواریە کە تا ئەمڕۆش بەشێکیان پارێزراون و لەنێو کۆمەڵگەدا درێژەیان پێدەدرێت و ئەنجام دەدرێن، لە وانەش: مەراسیمەکانی، ئاو و ئاوەدانی، کۆمسای، زەماوەندی پیرشالیار، مەراسیمەکانی نەورۆز، مەراسیمەکانی چنینەوەی بەروبووم وەک گزی و بارەکڵە، لۆکەنەی، کۆکردنەوەی بەروبوومەکان بە هەرەوەزی. هەروەها ئەم مەراسیمانەش بوونیان هەبووە و ئەمڕۆ نەماون وەک، مەراسیمی بابا نەورۆز کە کەسایەتیەکی وەک بابا نۆئیلی هەبووە و لە نەورۆزا دیاری بەسەر منداڵان و خەڵکیدا بەخشیوەتەوە و پێدەچێت بابا نەورۆز لە بابا نۆئیل دێرین تر بێت. هەروەها مەراسیمی و کۆبوونەوەی ژیلا مەرێ کە وەک کۆبوونەوەی پارلەمانی ئێستا وەها بووە، مەراسیمی هەڵبژاردن، کە هەر کاندیدێک ناوی جۆرە میوەیەکی لە خۆ ناوە و هەڵبژێرەکانی ئەو جۆرە میوە-وانەیان بۆ دەنگدان بەکارهێناوە و پاشان بە ژماردنی جۆری ئەو میوەکان کاندیدی براوە دەستنیشان کراوە. هەڵبەتە ئەم مەراسیمانەی لە دواییدا ناویان هاتووە مەخابن نەماون و بوون بە بیرەوەری و یادگاری دێرینی هەرێمی هەورامان.

هـ.هـ