شەهبا، چوارەمین ڤیستیڤاڵی میتان دەستیپێکرد

سەرەڕای زەحمەتیەکانی بەردەم ژیانیان، لە هەرێمی شەهبا چوارەمین ڤیستیڤاڵی میتان دەستیپێکرد.

سەرەڕای دەرفەتی کەم و دۆخی کۆچبەری، چوارەمین میهرەجانی میتان لەسەر شانۆی چیای کورمانج لە ناوچەی ئەحدەس لە کانتۆنی شەهبا بە  پێشانگایەکی وێنەیی دەستی پێکرد.

لە میهرەجانەکەدا ٢٨ وێنە نمایشکران کە چیرۆکی بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین لە کامپ و خانووی وێرانبوو دەگێرێتەوە، هاوکات بە دەیان هاوڵاتی عەفرین لە کردنەوەی پێشانگاکەدا ئامادەبوون.

میهرەجانەکە بە دەقیقەیەک ڕێزگرتن دەستیپێکردو پاشان ئامادەکارانی میهرەجان خەڵاتکران.

محێدین ئەرسلان بەڕێوەبەری ناوەندی کلتورو هونەرو ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری میهرەجان لە وتەیەکیدا ئاستەنگی و زەحمەتیەکانی خەڵکی شەهبای هێنایە زمان.

ئەرسلان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جۆش و خرۆشی میهرەجان لە سەرەتادا لە کانتۆنی عەفرین بەرلەوەی داگیربکرێت لە ئەمن و ئاسایشدا بەڕێوەچوو.

محێدین ئەرسلان لە کۆتایی وتەکانیدا وتی، هیوای ئەوان ئەوەیە کە سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە عەفرین بچنە دەرەوەو خەڵکی عەفرین بگەڕێنەوە سەر واری خۆیان.

هەروەها میدیا هەمدیک بەڕێوەبەری ناوەندی کلتورو هونەری کانتۆنی شەهبا لە وتەیەکیدا شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی بەبیرهێنایەوەو وتی: میتان لە وەرزی چوارەمی خۆیدا عەفرین و شەهبا لەناو کامپدا دەگەیەنێتە یەک، میتان دەستپێدەکات تاکو ژیان سەرلەنوێ بڕوێنێتەوە و بەرخۆدان بەردەوام بکات و ببێتە سمبوڵی بەرخۆدانی ژنانی گەنج.

پاشان هەدیە یوسف ئەندامی کۆردیناسیۆنی گشتی کۆنگرەی ستار تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی گەلی عەفرین لە شەهباو وتی: جێگایەک کە چوارەمین میهرەجانی میتان تێیدا بەڕێوەدەچێت، جێگای ڕێزو شەرەفە.

پاش پێشکەشکردنی وتەی ئامادەبووان، بەشداربووان لەناو پێشانگاکەدا گوزەریان کردو شانۆیەک پێشکەشکرا کە باسی لە بەرخۆدانی خەڵکی کانتۆنی عەفرین و پەیوەستبوونی خەڵکەکەی بە خاکەکەیانەوە دەکرد.