فڕۆکە جەنگیەکانی تورک دوو جار شارباژێڕیان بۆردومان کرد

فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک، دووجار سنووری گوندی قامیشیان لە شارباژێڕ بۆردومان کرد و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە سنورەکە کەوتووەتەوە و تا ئێستاش نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

کاتژمێر ٠١:٣٠ی خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک، زیاتر لە جارێک بۆردومانی سنووری گوندی قامیش لە شارۆچکەی ماوەت سەر بە پارێزگای سلێمانی-یان کرد.

بەپێی زانیارییەکانی کامەران حەسەن، قایمقامی شارۆچکەی ماوەت، بۆردومانەکە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بووە کە لە کاتژمێر ٠١:٣٠ی خولەکی ئەمڕۆ دوو جار لەو سنوورەکەی داوە و وتی: بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکان خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بەو هۆیەوە ئاگر لە شاخی باڵۆسە بەربووە کە تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نە کراوە و کۆنترۆڵکردنیشی زەحمەتە.

کامەران حەسەن، باسی لەوەشکرد کە هەموو ئەم کێشانە و بابەتی بۆردومانەکانمان گەیاندووەتە سەرووی خۆمان و پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی سنووردانان بۆ هێرشەکان، وتی: ئەگەرچی قسەمان کردووە و دانیشتنی هەرێم لە گەڵ باڵیۆزی تورکیا هەبووە بەڵام دیارە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ئەم بۆردومانانە لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوومانگ دەبێت بە تایبەتی ناوچە سنوورەکانی شارباژێر سەر بە پارێزگای سلێمانی لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بە ئامانج دەگیرێت و تا ئێستاش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان هیچ هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە و هەڵوێستێک لەو بارەیەوە نەنراوە.

ف.ق