فیلمی «ژیان» باسی ژنانی خۆڕاگری ڕۆژئاوا دەکات

داستانی فیلمی ژیان، داستانی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازە کە لە ڕۆژاوای کوردستان له‌ به‌رخۆداندان. ئەو فیلمە بۆ یەکەمجار لە ٨ی مارس/١٧ی ڕەشەممە، نمایش دەکرێت.

فیلمی بەڵگەنامەیی «ژیان»، بۆ یەکەم جار لە ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، لە فێدراسیۆنی باکووری سووریا دەچێتە سەر شاشە. به‌رنامه‌ی نمایشی فیلمه‌كه‌ له‌ فێستیڤاڵه‌كانیش، هەتا کۆتایی مانگی شوبات، ئاشکرا دەبێت.

لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی فیلمدا ده‌رباره‌ی فیلمه‌كه‌ وترا: «ئەو ژنانە کێن کە دوێنێ لە کۆبانێ و ئەمڕۆ لە عەفرین به‌رخۆ دەدەن؟ ئەوانە تێرۆریستن یاخوود شەڕڤانانی ئازادین؟ واتای شۆڕشی ژن چییە؟ چیرۆکی ژیان وەکوو فیلمێكی بەڵگەنامەیی درێژ، وه‌ڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە. 

هه‌ر له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كرا؛ چەتەکانی داعش هەر لە سەرەتاوە لە به‌رانبه‌ر شەڕڤانانی یەپەژە تێکشکان. «هالوک ئونال»، یەکێك لە دەرهێنەرانی ئەو فیلمە لە بەردەمی ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند؛ ئەگەر ڕووی کامێراکەی لە شۆڕشی ڕۆژاوا وەرگێڕابا، ئەوا خیانەتی لە خۆی دەکرد. هەروەها ناوبراو باس لەوە دەکات کە تورکیا لەلایەن دیکتاتۆرێکی فاشیستەوە بەڕێوە دەبرێت.

ش. م