لە کیلی ئەڵمانیا کارەکانی تیپی مۆسیقای منداڵان سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە

تیپی مۆسیقای ئەستێرەی منداڵان لە شاری کیلی ئەڵمانیا بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە کارەکانی راگرتبوو، بەڵام بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان سەرلەنوێ دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.

منداڵان لە کۆمەڵەی کورد لەگەڵ بنەماڵەکانیان کۆبوونەوە و رۆژی یەکشەممە بە چڕینی سرودە کوردییەکان دەستیان بەکارەکانیان کردەوە. هەروەها منداڵان لەگەڵ یەکێک لە مامۆستاکانیان بە ناوی غەزاڵ یڵماز گۆرانییان چڕی و دواى ئەوەش لەبەر تەمبەردا گۆڤەند و هەڵپەڕکێیان کرد.

غەزاڵ یڵماز یەکێک لە مامۆستاکانی تیپەکە وتی، دڵخۆشن دوای ماوەیەکى دوور و درێژ سەرلەنوێ دەست بەکار دەکەنەوە و وتیشی "ئێمە لە زۆر شوێن چووینەتە سەر تەختە، لەگەڵ چەندین کولتوری جیاجیادا کارمان کردووە. ئێمە لە وڵاتی خۆمان دورین و لە ماڵی خۆمان دورین، بۆیە ئامانجمان ئەوەیە منداڵەکانمان بە کولتوری خۆمان پەروەردە بکەین تاوەکو کولتور و هونەری خۆمانیان لە بیر نەچێتەوە".

غەزال یڵماز رایگەیاند، ئەوان لە بابەتی زمان، مێژوو، هەڵپەڕکێ و گۆڤەند، ئەدەب و وێژە و مۆسیقادا کار دەکەن و داوای لە هەموو کەس کرد خاوەنداری لە کولتوری کوردی بکەن و لە دژی سیاسەتی تواندنەوە منداڵەکانیان بێنرن بۆ خوێندنگە کوردییەکان.

بە مۆسیقا و گێڕانی گۆڤەند و هەڵپەڕکێ کۆتایی بە چالاکییەکەى ئەو رۆژە هات.

ژ.ت