مەسرور بارزانى بە نهێنی سەردانی تورکیای کردووە

مەسرور بارزانیى سەرۆکی حکومەتى هەرێمی فیدراڵی باشوور لە مانگی رابردوودا و لەو کاتەدا حیزبەکەى هێزى سەربازیی رەوانەى زینی وەرتێ کردبوو، بە نهێنی سەردانی تورکیای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری و دەرەوەى تورکیادا کۆبووەتەوە.

ماڵپەڕی سپی لە باشووری کوردستان بڵاویکردەوە، لە هەفتەی دووەمی مانگی نیساندا، واتە لەو کاتەدا قەیرانی زینێ وەرتێ بەهۆی چوونی پێشمەرگەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە گەیشتبووە لوتکە، مەسرور بارزانی بە سەردانێکی نهێنی چووەتە وڵاتی تورکیا و چاوی بە بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی ئەو وڵاتە کەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە مەسرور بارزانی لەو سەردانە نهێنییەدا لەگەڵ هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورک (میت) و هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەرپرسانی تورکیا لەو کۆبوونەوانەدا لەسەر پرسی ( ئاسایش) و بە تایبەتی پرسی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە. لە بەرامبەریشدا مەسرور بارزانی باسی لە دۆخی خراپی ئابووریی هەرێم کردووە.

لە راپۆرتەکەى سپی میدیادا ئەوەش خراوەتەڕوو، ماوەیەکە گەرموگوڕییەکی زیاتر لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و پەدەکەدا بەدیدەکرێت، هەر لەو چوارچێوەشدا حکومەتی تورکیا وەرگرتنەوەی قەرزەکانى لە حکومەتى هەرێم دواخستووە بۆ ساڵی ئایندە. بەپێی رێککەوتنەکانى نێوان هەرێم و تورکیا دەبوایە هەرێم مانگانە بڕی نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلار قەرز بە تورکیا بداتەوە، بەڵام تورکیا وەرگرتنەوەى ئەو قەرزەی بە شێوەى مانگانە بۆ ساڵی ئایندە دواخستووە تاوەکو گوشارە جۆراوجۆرەکانى سەر پەدەکە کەم بکاتەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم شەوی ٢٢ی ئایار لەسەر دۆخی ئابوریی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە هەرێم ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە، بەبێ روونکردنەوەی وردەکاریی ئەو قەرزە گەورەیە. ئەوە لە کاتێکدایە، هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی باس لە یەک ملیار دۆلارو نیو قەرزی تورکیا دەکەن لەلای هەرێم، ئەمە جگە لەو پارەیەی تورکیا لە نەوتی هەرێم و رۆیشتنی بە خاکەکەیدا دەستی دەکەوێت.

بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە، کە دواى زیاتر لە یەک مانگ لەو سەردانە نهێنییەی سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، حکومەتی هەرێم و هیچ دەزگایەکی فەرمیی تری هەرێم تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ژ.ت