هەپەگە:لە خواکورک ٨ سەربازی تورک کوژران

گەریلاکانی هەپەگە/یەژاستار ٢٣ی ئەم مانگە لە خواکورک لە چوار قۆڵەوە لە دژی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا. لە ئەنجامی چالاکییەکەدا ٨ سەربازی تورک کوژران.

لەم بارەیەوە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:

"لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری شەهید باگەر و شەهید رۆنیادا هێزەکانمان لە ٢٣ی شوبات لە گردی شەهید ئاخین-ی سەر بە هەرێمی خواکورکی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لە دژی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا. لە ئەنجامی چالاکییەکەدا لە چوار لاوە زەبری کوشتندە لە سەنگەر و حەشارگەکانی دوژمن درا و کۆنتەینەرێک، سەنگەرێک و حەشارگەیەکی دوژمن بە تەواوەتی رووخێنرا. لە ئەنجامی ئەو زەبرە سەرکەوتووانەدا ئاشکرا بوو کە ٨ سەربازی دوژمن کوژراون. دوای چالاکیەکە سەر لە ئێوارەی هەمان رۆژ سوپای داگیرکەری تورک بە هەلیکۆپتەری سکۆرسکی سەربازە کوژراو و بریندارەکانیان لە ناوچەکە دوور خستەوە. یەکینەکەشمان کە چالاکییەکەیان ئەنجامدا بە سەلامەتی گەڕانەوە شوێنی خۆیان.

هێرشە ئاسمانییەکان

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا. لەم چوارچێوەیەدا:

٢٣ی شوبات کاتژمیر ١٦:٢٠ فڕۆکە جەنگییەکان ناوچەی سنینی سەر بە هەرێمی خواکورکیان بوردومان کرد.

٢٤ی شوباتیش فڕۆکە جەنگییەکان لە کاتژمێرەکانی نێوان ١٤:١٠-١٥:٠٠ ناوچەی گۆلکای سەر بە هەرێمی مەتینا و دەوروبەری گوندی سلێ-ی سەر بە هەرێمی قەندیلیان بوردومان کرد.

لە ئەنجامی ئەم بوردومانانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە.   

گەریلایەک شەهید بوو

٢٤ی شوبات هەڤاڵمان رێزان جودی (رێزان کارا) بە هۆی نەخۆشییەوە شەهید بوو.

زانیارییەکان لەسەر هەڤاڵە شەهیدبووەکەمان بەم شێوەیە یە:

نازناو: رێزان جودی

ناوی تەواو: رێزان کارا

ناوی دایک و باوک: عەزیمە – عەبدولا

شوێن و بەرواری شەهیدبوون: ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٠ – هەرێمەکانی پاراستنی میدیا

هەڤاڵمان رێزان جودی لە ساڵی ١٩٩٢ لە ناوچەی قلابانی شرنەخ لە ناو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزدا لە دایک بوو. هاوڕێ رێزان کە بە هۆی زوڵم و فشارەکانی دوژمن لەسەر خاکی بۆتانەوە، کە چەندین ژن و پیاوی قارەمانی پیگەیاندووە، لە منداڵییەوە لەگەڵ خانەوادەکەی بە ناچاری کۆچیان کرد بۆ مەخمور، لە تەمەنی لاویدا هەستی بە سیاسەتی فاشیست و داگیرکەری دەوڵەتی تورک کرد. هاوڕێ رێزان کە بە هەستی وڵاتپارێزی پێگەیشت، لە تەمەنی لاویدا بزوتنەوەی ئازادی ناسی و ساڵی ٢٠١٢ بۆ ئەوەی لە دژی دوژمن بە چالاکانە تێبکۆشێت بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. هاوڕێمان بۆ ئەوەی ئەو خاکەی تێیدا لەدایک بووە و تێیدا گەورە بووە، پاکی بکاتەوە لە دوژمن، رێگایەکی شکۆمەندانەی گرتە بەر و لەسەر فکری رێبەرایەتی خۆی کرد بە ملیتانێکی شۆڕشگێری زیرەک و بوو بە خاوەن هەڵوێستێکی ملیتانی و هەموو ئەو ئەرکانەی بزتنەوە پێی سپارد بە سەرکەوتووانە جێبەجێی کرد.

هاوڕێ رێزان بە دڵپاکی و راستی و بێ دوودڵی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەڤاڵانی بەجێ هێشت. تا ئەو کاتەی شەهیدیش بوو، هاوڕێ رێزان بە دروشمی "رێبەرایەتی ئازاد، کوردستانی ئازاد" ژیا و بوو بە یەکێک لە ملیتانە فیداییەکانی پەکەکە.

بە تایبەت سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە سەربەرزەکەی هەڤاڵە شەهیدەکەمان و گشت گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین و سوێندیش دەخۆین، شەڕی ئازادی کە شەهیدانمان هەنگاو بە هەنگاو بەڕێوەیان بردووە، بە سەرفرازی بەڕێوەی دەبەین و هەمیشەش لە یادی شەهیدانماندا بین."

ز.ش