١٥٤ هونەرمەند و نووسەر پشتگیریی ناڕەزاییەکانی گەلانی ئێران دەکەن

١٥٤ هونەرمەند، نووسەرو چالاکوانی مەدەنی بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لەگەڵ پشتگیریی ناڕەزاییەکانی خەڵک، داوایانکرد، کە هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون بەبێ مەرج ئازادبکرێن.

شەوی ڕابردوو، ڕاگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە کە لەلایەن ١٥٤ نووسەر، هونەرمەند و چالاکوانی مەدەنی دیاری ئێرانی واژۆکراوەو تێیدا ڕایانگەیاندووە، کە ڕیشەی ناڕەزاییەکان، کێشەی ئابوری، نادادگەریی کۆمەڵایەتی، جیاکاری ئیتنیکی، ڕەگەزی و مەزهەبی و کۆنەپەرستیی دەسەڵاتدارییە لە ئێران.

مهرئەنگیز کار، مۆسحن مەخمەلباف، عەلی باباچاهی، سەید عەلی سالحی و پەرەستوو فروهەر ژمارەیەک لە واژۆکەرانی ئەو ڕاگەیەندراوەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پشتگیریمان بۆ ناڕازاییان ڕادەگەینین کە لەلایەن حکومەتەوە بە بەکرێگیراو و خەڵەتێندراو لەلایەن هێزە دەرەکییەکان و مونافق و زبڵ ناونراون، ڕایدەگەیەنین و بە ناوی مەرۆڤایەتییەوە داواکارین، کە هەموو داواکارییە بەحەقەکانیان جێبەجێ بکرێت و هەموو دەستگیرکراوانیش بەبێ مەرج ئازادبکرێن.

پێشتریش ١٠٢ هونەرمەند و نووسەری دیکەی ئێرانی پشتیگری خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران ڕاگەیاندبوو.

جێگای ئاماژەیە، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پاش خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران ٣٧٠٠ کەس دەستگیرکراون و پێنج دەستگیرکراویش لە ناو زیندانەکاندا کوژراون.