ئاژانسى هەواڵی رۆژ نیوز بڵاویکردەوە، هێزەکانى پێشمەرگە رۆژی ٢٢ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ١ی پووشپەڕ ٥ شاخیان لە ناوچەى زاخۆ بۆ سوپای تورک چۆڵکردووە و ئەو شاخانەیان رادەستى ئەو سوپا داگیرکەرە کردووە.
یەکێک لەو شاخانە کە رادەستى سوپای تورک کراوە شاخی سەرزێرک-ە لە ناوچەى بادینان. ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەى ٢٠ ساڵ بوو، کە بارەگاى پێشمەرگە لەو شاخەدا بوو. هاوکاتیش ناوەندی هەواڵگری و سیخوڕیى تورکیاشی تیادا. لە ئێستادا ئەو شاخە بە تەواوەتى رادەستى سوپای تورک کراوە.
شاخەکانى تریش کە لەلایەن پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە)ەوە رادەستى سوپای تورک کراون بریتین لە: شاخی خەمگین لە بەرامبەر شاخی بارۆخ، شاخی کاسوس لە سەروی گوندەکانی گرکا و قورمی لە هەرێمى بەرواری، ٢ شاخ و خاڵی تریش لە نزیک تونێل لە چیای سپیی زاخۆ رادەستى سوپای تورک کراون.
لە ناوچەى تونێل لە شاخی سپی پێشتر سەربازانى تورک و کەلوپەلی سەربازیى سوپای تورک لەگەڵ پێشمەرگەدا پێکەوە بوون، بەڵام ئێستا پێشمەرگە ئەو شوێنانەى بە تەواوی بۆ سوپای تورک چۆڵکردووە و رادەستى ئەو سوپا داگیرکەرەى کردوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، دانیشتوانى ئەو ناوچانە ناڕەزایەتییان لە دژی رادەستکردنى ئەو ناوچانە بە سوپای تورک دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، سوپای تورک ماوەى ٢١ ساڵە لە ناوچەى بادیناندایە.
راشیانگەیاندووە "حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنها بە ناو بوونی هەیە، جگە لە ناوەکەى، هەموو شتەکانى تر لە دەستى تورکەکاندایە".
لە کانی ماسی ٦ شاخی تر رادەستى دەوڵەتى تورک کراون
پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) لە رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١٩ / ٣١ی جۆزەردان و لە کاتى سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ئەنقەرە، گرنگترین وستراتیژیترین شاخ و خاڵی ناوچەى کانی ماسی-یان رادەستى سوپای تورک کردبوو.
لەو رۆژەدا و هاوکات لەگەڵ سەردانەکى نێچیرڤان بارزانى بۆ ئەنقەرە، بە گشتی ٦ شاخی ناوچەى کانی ماسی رادەستى سوپای تورک کران، کە شاخەکانى دلمان و بارۆخ-یان لە ناودایە.
دواى رۆژێک لە چۆڵکردنى ئەو شاخانە لەلایەن پێشمەرگەکانى پەدەکەوە، سوپای تورک بە چەند قافڵەیەک چوونە ئەو شاخانە و خۆیان تیادا جێگیرکرد.
ر.م