چاودێرانی سیاسی: هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە بەلکو خۆیان رێکدەخەنەوە

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەمریکا بە چۆلکرنی هەندێک بنکەی سەربازی لە عیراق هێزەکانی ناکشێنێتەوە بەلکو هێزەکانی رێکدەخاتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ.

دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە چەندین بنکەی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەستیان بە کشانەوە کرد بۆ دوو بنکەی سەربازی، کە ئەوانیش بنکەی سەربازی عەین عیسا لە پاریزگای ئەنبار و بنکەی سەربازی هەریر لە پارێزگای هەولێر، ئیستاش هێزەکانی ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی لە هەولیر و بنکەی سەربازی عەین ئەسەد جێگرکردووە تا رێگا لە هەر هێرشێک بگرێت کە بکرێتە سەر هێزەکانی لە عێراق، سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کردنە ئامانجی هەندێک سەرکردە و گروپی حەشدی شەعبی بەم نزیکانە دەست پێدەکات، گروپە چەکدارەکانی وەکو حزبوللە-ی عیراقیش هەرەشەی وەڵامدانەوەی توند لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک بنکەی سەربازی رێکەوتنێکی ئاشتیانەی نێوان ئەمریکا وعێراق نیە

سەبارەت بە هۆکاری ئەو هەنگاوەی ئەمریکا ناویەتی بە کشانەوەی هیزەکانی لە چەندین بنکەی سەربازی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق، مامۆستا محەمەد نەسرەدین سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی شاری کەرکوک، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەل حکومەتی عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ، سەرەتای ئەم قۆناغە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک بنکەی سەربازی دەستیپێکردووە ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک لە بنکە سەربازییەکان رێکەوتنێکی ئاشتیانەی نێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق نیە بەلکو لە ژێر کاریگەری ئەو هێرشانەیە کە گروپە شێعەکانی سەر بە ئێران کردویانەتە سەر بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا."

ئەمریکا تێگەیشتووە کە حکومەتی عێراق ناتوانێت رێگر بێت لە هێرشکردنە سەرهێزەکانی لە عێراق

سەبارەت لە بێ ئومید بوونی ئەمریکا لە حکومەتی عیراق، محەمەد نەسرەدین ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ئەمریکا چەندین جار داوای لە عێراق کرد رێگر بێت لەبەردەم هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە لایەن گروپە شێعەکانی سەر بە ئێران،ئەمریکا بەتەواوەتی تێگەیشتووە کە حکومەتی عێراق حکومەتێکی بێ تواناو لاوازە و ناتوانێت رێگر بێت لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق."

کشانەوەی هێزەکانی نیە لە عێراق بەلکو ئەمریکا بەو هەنگاوەی هێزەکانی خۆی رێکدەخاتەوە

سەبارەت بە ئامانجی ئەمریکا لە کشانەوەی هیزەکانی لە بنکە سەربازیەکانی عێراق، محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: "ئەمریکا لە ئیستادا لەو بنکە سەربازیانە کشاوەتەوە کە بە ئاسانی هێرش دەکرایە سەری، کشانەوەی ئەمریکا لەو بنکە سەربازیانە کشانەوەی هێزەکانی نیە لە عێراق بەلکو ئەمریکا بەو هەنگاوەی هێزەکانی خۆی رێکدەخاتەوە بە جۆرێک کە ئەمریکا بتوانێت پارێزگاری لە هێزەکانی بکات لەو بنکانەی هێزەکانی تێدا رێکخستن دەکاتەوە."

کاریگەری گەورەتری دەبێت لەو گورزانەی دەیوشێنێت لەدژی گروپە چەکدارە شیعەکان

دەربارەی ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا ئەنجامی دەدات لەم قۆناغە نوێەدا دژ بەو گروپانەی هێزەکانی دەکەنە ئامانج لە عێراق، محەمەد نەسرەدین ڕایگەیاند: "یەکیک لەو هەنگاوانەی ئەمریکا ئەنجامی دەدات لە قۆناغی نوێی لەگەل عێراق لێدانە لە هێزە چەکدارە شێعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا دەینێت ئەگەر هەنگاوی کاریگەرتری بەدواوە بێت بەتایبەتی لە بواری ئابوریدا سەزای ئەم حکومەتەی عێراق بدات بەهۆی نزیکبوونەوەی لە ئێران و پابەندنەبوونی بە ئابولقەکانی سەر ئێران ئەوە کاریگەری گەورەتری دەبێت لەو گورزانەی دەیوشێنێت لەدژی گروپە چەکدارە شیعەکان."

پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەچێتە قۆناغێکەوە کە ئالۆزی و کێشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت

دەربارەی زیاتر ئالۆزی و زیادبوونی کێشەی نێوان عێراق و ئەمریکا لەم قۆناغە نوێیەدا، ئەو چاودێرە سیاسیە ڕایگەیاند: "ئەوەی ئیستا روودەدەن هەمووی ئاماژەن بەوەی کە پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمریکا دەچێتە قۆناغێکەوە کە ئالۆزی و کێشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، هۆکارێکی دیکەی ئالۆزی و زیادبوونی کێشەی نێوان عێراق و ئەمریکا دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە هەندێک لە گروپە شیعەکانی عێراق بەتەواوەتی ملکەچی ئێرانن و ئەجندای ئێران جێبەجێ دەکەن کە ئەمەش عێراق دەکاتە ئەو گۆرەپانەی کە ململانەی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەو گۆرەپانە یەکلایی دەبێتەوە."

هێزەکانی ئەمریکا نەیتوانی هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی حکومەتی عێراق دروست بکات

سەبارەت بە کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی کەیوان لە شاری کەرکوک و کاریگەری لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچە دابرێندراوانە، محەمەد نەسرەدین ڕایگەیاند: "بنکەی کەیوان لە شاری کەرکوک لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە رۆلێکی گەورەی نەبوو بۆ نموونە نەیتوانی هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی حکومەتی عێراق دروست بکات لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، بنکەی سەربازی کەیوان لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئوکتۆبەرەوە تەنها لە چوارچێوەی رووبەربوونەوەی جموجۆلەکانی رێکخراوی داعش رۆڵی دەبینی."

هێزەکانی ئەمریکا رێگربوونە لەوەی کە حکومەتی عێراق هەنگاوی خراپتر بنێت بەرامبەر کوردانیکەرکوک

دەربارەی لێکەوتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کەرکوک، محەمەد نەسرەدین ووتی: "کشانەوەی ئەم هێزەی ئەمریکا لە شارێکی وەکو کەرکوک کە ململانەیەکی گەورەی لەسەرە کاریگەریەکی خراپی لەسەر دەرونی کوردانی کەرکوک دەبێت بەوپێیەی کە کوردەکان پیان وابووە کە ئەمریکییەکان هاوپەیمانی کورد بوونە وە توانیویانە هاوسەنگیەک بپارێزن لە نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی عێراقدا، هەرچەند بوونی ئەمریکا لە کەرکوک رێگربووە لە دروسبوونی شەری تایفی و رێگربووە لەوەی کە حکومەتی عێراق هەنگاوی خراپتر بنێت بەرامبەر کوردانی شارەکە، بۆیە چۆلکرنی بنکەی سەربازی کەیوان لەرووی دەرونی کاریگەری خراپی لەسەر کوردانی کەرکوک دەبێت."

کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق

لە کۆتایدا محەمەد نەسرەدین ووتی: "لەرووی ئەجینداوە لە ئایندە دەردەکەوێ کە ئایا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە چەندین بنکەی سەربازی لە عێراق بۆ لێدانی گورزە لە گروپە چەکدارە شیعەکانی سەر بەئێران، وە رێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا رۆڵی لەسەر داهاتووی عێراق دەبێت چونکە پێم وایە لە ئیستادا لەداوی شکستی سیاسی لە عێراق و ئیفلیجی حکومەت، ئەم خۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق."

کشانەوەی ئەمریکا لە بەشێک لە بنکە سەربازیەکانی عێراق کاتیە

ستار جەباری چاودێری سیاسی و شارەزای مێژوو، دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی عێراق لە زۆربەی بنکە سەربازیەکان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئەگەر ئەمریکا نەبوایە ناتوانرا رژێمی بەعس بروخێنرێت، بۆیە ئەمریکا قوربانیەکی زۆری داوە لە عێراق، بەپی ئەوە قوربانیەی ئەمریکا لە عێراق داویەتی ئەوەندی سودی نەبینیوە بەلکو بە پێچەوانەوە ووڵاتی ئێران دەستی بەسەر عێراقدا گرت دوای روخانی رژێمی بەعس، بۆیە کشانەوەی ئەمریکا لە بەشێک لە بنکە سەربازیەکانی عێراق کشانەوەیەکی کاتیە."

ئەمریکا پلانی هەیە گورزێکی گەورە لە گروپە چەکدارەکانی سەر ئێران بدات

دەربارەی پڵانی ئەمریکا لە کشانەوەی لەم بنکە سەربازیانەی لە عێراق ستار جەباری بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەمریکا هێزەکانی خۆی رێکدەخاتەوە لە عێراق چونکەئەمریکا پلانی هەیە گورزێکی گەورە لە گروپە شیعە چەکدارەکانی سەر ئێران بدات وە لەرێگای لێدانی لە گروپەکانی سەر بە ئێران ئەمریکا دەیەوێت گورزێک لە ئێران بدات."

لێدانی گورزێک لە گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەتوانین جارێکی دیکە پێشمەرگە بگەرێنینەوە شاری کەرکوک

دەربارەی چارەنووسی کەرکوک دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی کەیوان لە شاری کەرکوک، ستار جەباری چاودێری سیاسی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند: "ئێمە گەشبینین بۆ چارەنووسی شاری کەرکوک چونکە پێمان وایە کە بە لێدانی گورزێک لە گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەتوانین جارێکی دیکە پێشمەرگە بگەرێنینەوە شاری کەرکوک و کەرکوک بە یەکجاری بگەرێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان."

ئەمریکا بارودۆخەکەی زۆر لەبارە بۆ وەشاندنی گورز دژ بە گروپە چەکدارەکانی ئێران لە عێراقدا

لە کۆتاییدا دەربارەی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا و ئامادەکارییەکانی لەم کاتەدا، ستار جەباری ڕایگەیاند: "عێراق بۆتە یاریگەیەک کە ئێران و ئەمریکا یاری لەسەر ئەم یاریگایە دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ململانیەکانی نێوانیان، ئەمریکا ئەم هەنگاوانەی دەینێت بۆ یەکلاکردنەوەی ململانیەکەیە لە بەرژەوەندی خۆی چونکە لە ئیستادا بارودۆخی  ئێران زۆر خراپە لەرووی ئابوری و سیاسی و خەلکی ئێرانیش زۆر نارازین لە دەسەڵاتدارانی ووڵاتەکەیان، بۆیە لە ئیستادا ئەمریکا بارودۆخەکەی زۆر لەبارە بۆ وەشاندنی گورز دژ بە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، ئەمریکاش ئەگەر بەتەواوەتی بارودۆخەکە گونجاو نەبوایە بۆی ئەم هەنگاوانەی ئەنجام نادات."

ز.ش