چوارەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەسپێکرد

چوارەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی بە ئامادەبونی هونەرمەندان و کەسایەتیە سیاسێکان و ڕۆشنبیران لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد . ١٣٥ فیلم لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداریی کردووە.

ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی بۆ چوارەمین جار لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ڤیستیڤاڵ بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و گروپی (ڕەستاک) ئاهەنگی کردنەوەی ڤیستیڤاڵی گێڕا و بە چەند گۆرانیەک جۆش و خرۆشی خستە نێو ئامادەبوانەوە، پاشان مەلا بەختیار وتەی کردنەوەی ڤیستیڤاڵی پێشکەش کرد و وتی:"لە دەسپێکدا ئێمە بەخێرهاتنی هەمو میوانان دەکەین و دەڵێین ئەمە ڤیستیڤاڵی ئێوەیە و بەڵێن دەدەین تاکو شەشەمین ڤیستیڤاڵ نەوەستین و بەردەوام بین".

لە ڤیستیڤاڵەکەدا سینیڤزیۆنێک لەسەرمێژوویی شاری سلێمانی پێشکەشکرا و تیایدا ڕۆڵی ئەو شارە خرایە ڕو، هەر لە بواری ڕۆشنبیری و ژینگەپارێزی و ئابوری و کەرتەکانی دیکە.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتەی خۆی پێشکەشکرد و جەختی کردەوە کە هەوڵ دەدەن ڤیستیڤاڵی لەوجۆرە پەرە پێبدەن و سلێمانی ڕەنگاو ڕەنگ بکەن.

 لە درێژەی ڤیستیڤاڵەکەدا چەند خەڵاتێک پێشکەشکرا و یەکەم خەڵاتیش درایە کەسایەتی ناوداری سلێمانی (فاروقی مەلا مستەفا) کە پاڵپشت و هاوکاری ڤیستیڤاڵی کردوە، بەڵێنی دا کە پڕۆژەیەک بەرپا بکات بۆ خزمەتی ڕاگەیاندن و بەرهەمهێنانی فیلم لە هەرێمی کوردستان.

خاڵاتی کایەی مەزن (ئەحمەد کایا) بەخشرایە دەرهێنەرێک بە ناوی مەمەد ئەکتاش لە باکوری کوردستان لە پای ئەرک و ماندوبونی و هەروەها خاوەن ڕۆڵێکی گرینگ لە سینەمای کوردیدا ، هەروەها خەڵاتی تەهای کەریمی بەخشرایە دەرهێنەر هەوراز محەمەد.خەڵاتی بەرچەم لە ڕۆژئاوا بەخشرایە شارۆ خازری و خەڵاتی جوانتی سیناریۆی نوسراو بەخشرایە نوسەر جەلال سەعید بۆ نوسینەوەی سیناریۆی هێڵە سپیەکان.

ڤیستیڤاڵەکە بە فیلمی خوشکانی چەک دەستیپێکرد کە ئەو فیلمە باس لە هێرشکرنی داعش دەکات بۆ سەر شەنگال و ئێزیدێکان، هەرەها باس لە ڕۆڵی شەڕڤانان دەکات لە ئازادکردنەوەی شەنگال.

ڤیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی هەفت ڕۆژ بەردەوام دەبێت .

ک-ش