چیرۆکى شەهید سیروان رەئوف؛ هونەری ئاوێتەى ئاگر

سیروان ڕەئوف پێشمەرگەیەکی هونەرمەند لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رفاندن و ڕادەستکردنەوەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بە تورکیا، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پێش شەهید بوونی وتی: هەست بە گەورەترین بە ختەوەری دەکەم".

سیروان ڕەئوف پێشمەرگەیەکی هونەرمەند لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رفاندن و ڕادەستکردنەوەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بە تورکیا، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پێش شەهید بوونی وتی: هەست بە گەورەترین بە ختەوەری دەکەم، بە بچووکترین کاری دەزانم، کە بۆ ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کوردم ئەنجامداوە".

شەهید سیروان ڕەئوف ساڵی ١٩٦٣ لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی لە دایکبووە. حەوت برا و دوو خوشکی هەبوە. دووەم منداڵی گەورەی ماڵ بوو. سیروان رەئوف قۆناغی سەرەتایی خوێندی لە خوێندگەی سەرەتایی چوارباخ تەواو کردووە و دواتر قۆناغی ناوەندیی لە خوێندنگەی ناوەندیی سلێمانی تەواو کرد، بەڵام بەهۆی خولیاى پێشمەرگایەتییەوە قۆناغی دواناوەندی تەواو ناکات و هەستی نەتەوەیی دڵ و دەرونی پڕ دەکات.

لە پێشمەرگایەتی وەر ناگیرێت

 لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا و بە ئامانجی بوون بە پێشمەرگە دەچیت بۆ شاخ بۆ ئەوەی پەیوەندی بە حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە بکات، بەڵام لەبەر کەمیی تەمەنی، ئەو حیزبە وەریناگرێت. لەو کاتانەدا ئەوە باو بووە، بۆ ئەوەى کەسێک بە پیشمەرگە وەربگیرێت و نیاز پاکیی بۆ پێشمەرگە و ڕقی خۆی بەرامبەر دوژمن پیشان بدات، لە ناوشاردا نارنجۆکێکی هەڵدەدایە ناو ئۆتۆمبێلی سەربازی و ئەمنی، یان بنکەی دوژمن، سیروان رەئوف هەوڵیدا هەمان چالاکی ئەنجام بدا، بەڵام لە بەر ئەوەی نارنجۆکی دەست نەکەوتبوو، باینجانێک دەگرێت بەدەستەوە و هەڵیدەداتە ناو ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى جۆری ئیڤا، کە پڕ بووە لە سەرباز، سەربازەکان وا تێگەیشتبوون، کە نارنجۆک هەڵدراوەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەیان، بۆیە هەموویان لە ترسا ڕایانکردبوو و کەوتبوون بەسەر و ملی یەکتردا و یەک دوو کەسیان دەستیان شکا بوو. ئەو ڕووداوە لە سلێمانی دەنگیدایەوە.

 لەو کاتەدا، کە هەوری ڕەش ئاسمانی کوردستانی داپۆشیبوو و ترسێکی زۆر هەبوو، شەهید سیروان ڕەئوف بەو چالاکییە خەندەی خستە سەر لێوی هەموو خەڵک و وەک ڕووداوێکی خۆش بڵاوبوویەوە. لە هەمانکاتدا ورە و ئیرادەی گەنجانی کوردی بەرامبەر ڕژێمی سەر دەست پیشان دەدا. کاتێک پێشمەرگە ئەو چالاکییەی بیست، سیروان ڕەئوف-یان لە ڕێزەکانی خۆیاندا وەرگرت و بوو بە پێشمەرگەی حیزبی سوسیال دیموکراتی کوردستان و نازناوی (سیرە شبر)ی پێ بەخشرا، کە شبر بە واتای کەسێکی چاو نەترس و ئازا دێت.

خاون پەرەنسیبێکی بەرز بوو

سیرە شبر لە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە بە کەسیكی چاو نەترس و بوێر ناوی بڵاوبووبوویەوە. بەرپرسانی پێشمەرگە و هەڤاڵەکانی ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت و لەبەر ئازایەتی و بوێریی لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا خاوەن پەرەنسیبێکی بەرز بوو. لە ناوچەکانی سورێن، شارباژێڕ و قڕگە چەندین جار دەستی لە دوژمن وەشاندووە. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا ٣ جار لەلایەن رژێمى بەعسی ئەو کاتەوە دەستگیر کرا. بە گشتی ٣ ساڵ و نێو لە زیندا بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیانتوانیبوو هیچی لەسەر ساغ بکەنەوە ئازاد کراوە، سیروان ڕەئوف لە ژیانی پێشمەرگایەتیی بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٨٨ . لە دوای ئەنفال پێشمەرگە تووشی نسکۆ بوو و سیروانیش هاتەوە ناو شار.

ژیانی هونەری و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات

لەدوای ڕاپەرێنی بەهاری ١٩٩١ لە باشووری کوردستان سیروان ڕەئوف لە ژیانی پێشمەرگایەتی دوور کەوتەوە و دەستیکرد بە کاری فۆتۆگرافی و وێنەگرتن و لە ژیانی هونەریی خۆیدا ٥ پێشانگای کردووەتەوە. لە پێشانگاکانیدا و بە وێنەکانی ڕەخنەی لە دەسەڵاتی کوردی ئەو کاتە دەگرت، کە لە دوای راپەڕین دەستیان کردبوو بە تاڵانی و دزینی ماڵی گشتی، بۆیە لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتەوە ڕیگری لە کارەکانی دەکرا. هەر لەبەر ئەوەش لە یەکێک لە پێشانگاکانیدا، کامێراکەی لە ناو قەفەسێک نمایش دەکات، ئەوەش وەک سیموڵیک بۆ نەبوونی ئازادیی رادەربڕین و ئاستەنگی بۆ کاری هونەری.

لایەنێکیتر، کە سیروان ڕەئوف گرنگیی پێدەدا شێتەکانی سلێمانی بوون، کە بە هۆی گوشار و زۆرداری و ملهوڕیى ڕژێمی رووخاوی بەعسەوە، چەندین کەس لە ڕووی دەروونییەوە تێکچووبون. سیروان زۆر گرینگیی بە ژیانی شێتەکانی شار دەدا و لە پێشانگاکانیدا بە وێنە نمایشی کردوون و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە شێتەکان بەشێکن لە کۆمەڵگا و نابێت پەراوێز بخرێن. هەروەها زۆر گرینگیی بە ژیانی منداڵانی هەژار و کلێنس فرۆش و دەستگێڕەکانی سەر شەقامەکان داوە و لە پێشانگاکانیدا ئەوانیشی لە بیر نەکردووە و بە وێنە نمایشی کردوون تاوەکو لەو ڕیگایەوە نادادیی کۆمەڵگا پیشان بدات.

"رێگاى راستى نەتەوەیى و دیموکراتیک"

دارا ڕەئوف برای شەهید سیروان دەڵێت: لە ساڵی ١٩٩٢ ئێمە وەک دووم گروپی گەنجانی باشووری کوردستان ڕۆێشتین بۆ شام بۆ ئەوەی چاومان بە سەرۆک ئاپۆ بکەوێت، بەڵام لە کاتی چوونم بۆ شام هەر بیرم لەوە دەکردەوە، کە ڕۆێشتمەوە چۆن وەڵامی سیروانی برا گەورەم بدەمەوە. کاتێک گەڕامەوە هەموو ئەو شتانەی کە بیرم لێ دەکردەوە پێچەوانە بوویەوە و سیروان باوەشی پێداکردم و وتی، ئەو ڕێگایەی تۆ هەڵتبژاردووە ڕیگایەکی راستی نەتەوەیی و دیموکراتیکە، سەرکەوتنت بۆ دەخوازم. بەوەدا زانیم سیروانی برام سۆزی بۆ پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ هەیە.

لەو کاتەدا و بەهۆی شەڕی نە گریسی براکوژی لە ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٥ سیروان زۆر توڕە دەبێت و هەڵوێستی توندی بەرامبەر یەکێتی و پارتی دەبێت و چەندینجار بە چالاکییەکانی خۆی هەتا کەناری مەرگ دەبات لە پێناو ڕاگرتنی شەڕی برا کوژیدا. سیروان بەمشێوەیە لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و کارە هونەرییەکانی بەردەوام دەبێت تاکو ١٥ شوباتی ١٩٩٩ / ٢٦ی رێبەندان، کە هەواڵی رفاندن و ڕادەستکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە تورکیا، بلاوبوویەوە. سیروان ڕەئوف ناتوانێت خۆی بەرامبەر ئەو هەواڵە راگرێت و بۆ ناڕەزایەتى لە دژی ئەو پیلانگێڕییە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. دوای ئەوەی ئاگری لە جەستەی بەردا ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا و ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ژیاندا بوو و لە ئەنجامدا شەوی ٢٦/٢٧ی شوباتی ١٩٩٩ / ٨ لەسەر ٩ی رەشەمە بە یەکجاری چاوەکانی لێکدەنێت و شەهید دەبێت.

"هەست بە گەورەترین بەختەوەری دەکەم"

 لەو ماوەیەدا کە لە نەخۆشخانە بوو، ڕۆژنامەی وڵات چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجام دابوو، کە لە ژمارە ٣٣٦ی ١ ئاداری ساڵی ١٩٩٩ / ١٠ی رەشەمە، بڵاویان کردووەتەوە. پرسیاری لەبارەى تەندروستییەوە لێدەکەن و لێى دەپرسن "تەندروستیت چۆنە و هەست بە چی دەکەی لە دوای ئەو چالاکییە؟"

شەهید سیروان لە وەڵامدا دەلێت: "هەست بە گەورەترین بە ختەوەری دەکەم لەسەر زەوی، بە بچووکترین کاری دەزانم کە بۆ ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمم کردبێت، سەبارەت بە تەندروستیشم باشم و بەرەو باشتر دەچم".

کاریگەریى لەسەر نووسەران و شاعیران

شەهیدبوونی سیروان رەئوف لە باشووری کوردستان و بە تایبەتی لە شاری سلێمانی دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە تایبەتی بەشێکى زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی شاری سڵیمانی بە بیستنی هەواڵی شەهیدبوونی سیروان رەئوف خەمگین بوون و لە پێناو جوانی و هەڵوێستە مرۆڤ دۆستەکانی شەهید سیروان دا، هەر یەک لە نووسەران و شاعیران؛ دڵشاد محەمەد، دلاوەر قەرەداغی، شێرکۆ بێکەس، میدیا حسێن، دڵشاد مستەفا، ئومێد محەمەد و دەیان نووسەر و شاعیر تری باشوری کوردستان بە چالاکییەکەی سیروان رەئوف کاریگەر بوون و پەخشان هۆنراوەیان بۆ نووسی. کۆی ئەو بەرهەمانە، کە بۆ شەهید سیروان رەئوف نووسراون لە دوو تۆێى کتیبێک دا بە ناوی "وێنەیەکی پڕ پڕ لە کزەی جەرگ" کۆ کراوەتەوە.

چریکەى شێرکۆ بێکەس بۆ شەهید سیروان رەئوف

شێڕکۆی بێکەس لە وەسفی چالاکییەکەی شەهید سیراواندا نووسیویەتى:

ڕووتبوونەوە زەریایەک بوو لە بەردەمی

زەریای بێ باکاندا.

لە هەموو خۆشەویستییەکی گەورەدا

لوتکەیەک هەیە... لوتکەی توانەوەیە لە حەقیقەتدا...

لوتکەی بڕیار و نە گەڕانەوە

ئەسپی بە کورژن بە چەپۆکەکانی بەردی ئۆقرە لی بڕا.

لە وێدا... ژیان داوی مەرگێکی نوی دەکات.

لە وێدا... ڕەواڵەت جەوهەر لە یەکتر جوێ ئەبنەوە.

لە وێدا... خەونێکی هەتا هەتای ئە بینرێ و

زەمان ئەبی بە یەک زەمان

مەزنترین ئەوینداریش هەر ئەوانەن کە بەڕۆشانی جەستەی

سوتاوی خۆیان دڕ بەمەترسی دۆشدامان ئەدەن.

سیروان وایکرد.

ر.م