ڕووداوەکەی هوقەباز و بیری جیاوازی ناو پارتی

ڕووداوی کوشتنی جێگری کۆنسوڵی تورکیا عوسمان کۆسە لە ڕیستوارانتێکی هەولێر ناکۆکییەکانی نێوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ی فراوان کردووە. بەرپرسانی ئەو حزبە ناڕاستەوخۆ یەکتر تۆمەتبار دەکەن.

لە ١٧ تەمموزی ٢٠١٩ / ٢٦ی پووشپەڕ لە ڕیستوارانتێکی شاری هەوڵیر هیرشکرایە سەر عوسمان کۆسە  جێگری کۆنسوڵی تورکیا. دواتریش لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە، عوسمان کۆسە بەر پرسێكی گەورەی دەزگای سیخوڕیی تورک (میت) بووە و کوژراوە. ئەو ڕووداوە تاکو ئێستا زۆرترین قسە و باس و مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە. سەرەڕای ئەوەی شوێنی ڕووداکە بەناوچەیەکی تایبەتە و ئەمنییەتى زۆر بە‌هێزی بۆ دانراوە و هەر لە ناو ڕێستورانتەکەدا زیاتر لە ٢٠ کامێرای چاودێری بە کوالتیی باش دانراون، بەڵام تاکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان ڕوونکردنەوەیەکی بەرچاویان بۆ ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان نەخستووەتەڕوو.

هەرلە سەرەتای ڕووداوەکەوە ڕاگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) شڵەژانێکی پێوە دیار بوو و لە ڕاگەیاندنەکانی کوردستانیش چەند کەسایەتییەک تۆمەتبار کران. ئەو شڵەژان و ناکۆکییەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) تاکو ئێستا بەردەوامە و کار گەیشتووەتە ئەوەی، کە لە ڕێی کەسایتییە نزیکەکانی خۆیانەوە هێرش بکەنە سەر یەکتری. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەى رێبوار کەریم وەلی-یەوە هیرشی کردە سەر ئامۆزاکەی خۆی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی. مەسرور بارزانیش بە ناوی خوازراو و بەناوی فەرماندەی هێزی دژە تیرۆر، کە بە هێزیکی نزیک لە مەسرور بارزانی دادەنرێت وەڵامی توندی هێرشەکەى ئەو رۆژنامەنووسەى نزیک لە نێچیرڤانی داوەتەوە.

ڕێبوار کەریم وەلی ڕۆژنامەنووسی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا دەربارەی ڕووداوەکەی ریستورانتى هوقەباز ئەنجامەکانی، کە لە ڕاگەیاندنی باڵی نێچیرڤان بارزانی بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت: "بێدەنگیی دەزگا ئەمنییەكان و سستییان لە گەیاندنی زانیاری، رۆژ بە رۆژ ئەو گومانەی قووڵتر كردەوە كە شتێك روویداوە و دەبێ دابپۆشرێت".

 هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسەی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی دەشڵیت: "راستییەكەی هەم حكومەتی توركیا و هەم پارتیش پێیانباشە كە رووداوەكە وەك كردەوەیەكی تیرۆریستی وێنا بكرێت". و لە بەردەوامیى بابەتەکەیدا دەڵێت "بە ئامانجگرتنی پەكەكە و هەدەپە لەو رووداوەدا، باشترین ئادرێس بوون كە هەردوولا بەدوایدا دەگەڕان".

"هەمووان باجی نەگوتنی ڕاستیەکان دەدەن"

لە بەشێکی تری قسەکانی ڕێبوار کەریم وەلی دا ئەوە هاتووە "خەڵكێكی زۆر لەدوای ئەو رووداوەوە دەبنە قوربانی، دوور نییە هەدەپەش لە توركیا دابخرێت و رێگەی كاری سیاسی لێبگیرێت. دوور نییە هێرشێكی بەرفراوانی زەوینیش بۆ سەر پەكەكە بكرێت. دوایی دەردەكەوێت كە هەمووان باجی نەگوتنی راستییەكان دەدەن".

"ڕیبوار بە فیتی ئاغاکانی کار بۆ لاواز پێشاندانی حکومەت دەکەن"

لە بەرامبەردا کەسیك بە ناویی فەرماندەیکی هێزی دژە تیرۆری کوردستان کە بە هێزیکی نزیک لە  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت هەرێم و ئامۆزای نێچیرڤان بارزانی هەژمار دەکرێت لە ژێر ناو نیشانی "وڵامێکی توند بۆ ڕیبوار کەریم وەلی و ئاغاکانی"،  کە لە لاپەڕەی فەرمیی هیزی دژە تیرۆری کوردستان بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: ماوەیەکە ڕێبوار کەریم وەلی بە فیتی ئاغاکانی خۆی لە خەڵک کردووە بە موحەللی ئاخر زەمان، کار بۆ ئەو دەکات کە حوکەمت لاواز پیشان بدات".

"کلکی ئاغاکانی ڕیبوار لە ڕوداوەکە ئاشکرا بووە"

لە بەشێکی تری قسەکانی ئەو فەرماندەیە دژە تیرۆری نزیک لە مەسرور بارزانی ئەوەش هاتووە "رێبوار خەمی ئەوەیەتی کە دەزگاکانی ئەمنی توانیویانە زوو کلکی ئاغاکانی لەم ڕووداوەدا ئاشکرا بکەن".

پەیجی دژە تیرۆر لە دواى ماوەیەک بابەتى "وڵامێکى توند بۆ ڕێبوار کەریم وەلی و ئاغاکانى" سڕییەوە.

ر.م