ژنانی کەرکوک بە دروشمی (نا بۆ ژن کوشتن) گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا

ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان لە کەرکوک داوا دەکەن کوشتنی ژنان ڕابگیرێت.

ئێوارەی ئەمرۆ لە شاری کەرکوک، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) لە دژی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنی ژنان لە بارەگای سەرەکی ڕێکخراوەکە گربوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

لە گربوونەوەکەدا مامۆستا دڵۆڤان ئەکرەم بەرپرسی کەرکوکی ڕێکخراوەکە بەیاننامەی ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و وتی: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ساڵی ٢٠٢٠ لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری ژنان خۆیان سووتاندووە یان خۆیان کوشتووە، شاری کەرکوکیش بەدەر نیە لەم کوشتنی ژنانە، بۆ نموونە ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو له گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکوک ژنێک بە کوژراوی دۆزرایەوە کە تەمەنی لە سەروی ٤٠ ساڵان دەبوو، بەهۆی ئەوەی ئەو ژنە هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە نەتوانراوە بناسرێتەوە، هەروەها لە چەمچەمال ژنێک و لە ڕانیەش دوو ژن خۆیان کوشتووە."

هەروەها مامۆستا دڵۆڤان ئەکرەم دەربارەی هەڵوێستی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان ڕاشیگەیاند، ئەوان وەکو ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان بێ دەنگ نابن لە بەرامبەر خۆسوتاندن و خۆکوشتنی ژنان، بەردەوام دەبن لە چالاکی و تێکۆشان و هۆشیارکردنەوەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان.

مامۆستا دڵۆڤان وتیشی:"ئەو ژنەی لە کەرکوک کوژرا، ناسنامەی دیار نەبوو بەڵام وەکو ژن ناسنامەی دیارە، وە داوا لە پەرلەمانتاران دەکەین بەتایبەتی پەڕلەمانتارانی ژنان لەگەل ڕێکخراوەکانی ژنان بەشداربن لە تێکۆشان دژی خۆکوشتن و خۆسوتاندنی ژنان."

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا مامۆستا دڵۆڤان ئەکرەم ڕایگەیاند، پێویستە یاسا و لایەنە ئەمنیەکان بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ پێش کوشتنی ژنان نەک دوای کوشتنی ژنان سەرپەرشتی کەیسەکە بکەن.

ز.ش