کچانی رۆژ لە دژی داعش

"بوونی ئێوە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنە، رابوون لەدژی ستەمکاریی سەرکەوتنە، شەڕکردن سەرکەوتنە، تاکە شتێک کە ئەوان دەیکوژن، ترسی ئێمەیە ، لە جێگەی هەر ژنێک کە ئێوە دەڕفێنن، شەڕڤانێکی نوێ دروست دەبێت".

ئەو وتانەی وەک هەڵبەستێک نوسراوەتەوە، هەڵبەست نین، ئەو وتانە لە دیالۆگی فیلمی' کچانی رۆژ' دا وتراون. فیلمی کچانی رۆژ باس لە تێکۆشانی ژنانی کورد دەکات دژ بە چەتەکانی داعش.

فیلمی 'کچانی رۆژ لە ٧١هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان لە فەرەنسا یەکێک بوو لەو ٢١ فیلم کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی زێڕین، لە پێشبڕکێدایە. فیلمەکە سەرنجی هەموانی لەسەر بوو، چەندین جار نمایش کرا.

فیلمی ' کچانی رۆژ' باس لە شەڕی ژنانی کورد دەکات دژ بە داعش، ماوەکەی یەک کاتژمێر و ٥٥ خولەکە، بابەتی فیلمەکە وەک تێکۆشان لە دژی داعش دەبینرێت، سەرەنجی مرۆڤ بۆ سەر خۆڕاگری وئیرادەی ژنان بۆ سەرکەوتن ڕادەکێشێ. دەرهێنەری فیلمەکە ئێڤا هوسۆن کە کەسایەتیی ئێزیدیە چیرۆکی فیلمەکەی باس لە کچێک بە ناوی بەهار دەکات کە لەلایەن داعشەوە بە دیل گیرابوو، پاشان ئازاد کراوە.

سەرکەوتنی ژنی کورد

فیلمەکە بە دیمەنەکانی دراما، ئەکشن و کێشمەکێش دەستپێدەکات، بە تێڕوانینی ئەمانوێل بێرکۆت 'ماتیڵدە' کە وەک رۆژنامەوانێکی فەرەنسیی کار دەکات، دەوترێتەوە. فیلمەکە سەرنج دەخاتە سەر هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال، هەروەها کۆمەڵکوژیی و بە دیلگرتنی ژنان و سەرکەوتنی ژنان لە شەڕی دژ بە داعشدا نیشان دەدات.  سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن دەرهێنەری فیلمەکەوە نوسراوەتەوە و بۆخۆی دەڵێت "هەواڵەکان دەربارەی ستەم، کۆمەڵکوژیی و بە دیل گرتنی ژنان کاریگەرییان لەسەر من دانا و ئەو کاریگەریانە وای لێکردم کە سیناریۆکە بنووسم".

شەڕ، مردن و شڵەژان

کارەکتەری سەرەکی لە فیلمەکەدا بەهارە. ئەو کارەکتەرە لەلایەن خامنە ئەکتەری ئێرانی گوڵشیفتە فەراهانییەوە بەرجەستە دەکرێت کە گوڵشیفتە لە سیرگون-ی فەرانسا دەژی و لە فیلمەکانی بەهمەنی قوبادی'دا ناسراوە. لە دەستپێکی فیلمەکەدا رۆژنامەوانی فەرەنسیی مات هیلدە بە رێگای هەلیکۆپتەرێک دەگاتە چیای شەنگال و لەلایەن شەرڤانانی ژنەوە پێشوازیی لێدەکرێت. لە گفتوگۆکانی کاتی پێشوازیەکەدا دەردەکەوێت کە ئەو رۆژنامەوانە پێشتر لە کۆبانێ بووە و چەند شەڕڤانێکی ژنی ناسیوە. لە فیلمەکەدا کە تێیدا شەڕ، مردن و شڵەژان تێپەڕدەبن، ماتهیڵدە و بەهار ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و شەڕڤانانی ژنی کورد هەوڵ دەدەن گوند و شارۆچکەکان لە داعشیەکان رزگار بکەن.

ئازار، لەدەستدانی خۆشەویستان و دڵدارانی ئازادی

بەهار کارەکتەرێکی گورجوگۆڵ، بە حرس و دیسپلینە. رۆژنامەوانە فەرەنسیەکە هەوڵ دەدات هەموو شت  وەک خۆی بێت. بەڵام تایبەتمەندیی هاوبەشیان ئەوەیە کە هەردووکیان ژن و دایکن. ئەوەش ئەو دوو ژنە زیاتر لەیەکتر نزیک دەکاتەوە. بەهار لە فەرەنسا خوێندوویەتیی و کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ شەنگال بەمەبەستی سەردانی بنەماڵەکەی، بەهۆی هێرشی داعشەوە هاوسەرەکەی لەدەست دەدات و خۆی و کوڕەکەشی لەلایەن داعشەوە دەڕفێنرێن و دەستدرێژیان دەکرێتە سەر. پاشان بەهار ئازاد دەکرێت و دەبێتە شەڕڤان. ماتهیلدە هەواڵنێریی جەنگە و هاوسەرەکەیشی کە هەمان پیشەی هەبوو، لە شەڕێکدا گیانی لەدەست دەدات و کوڕەکەشی بە تەنها لە فەرەنسایە و هەمیشە دڵ و مێشکی لایەتی. لەدەستدان و گەڕانەکانیان لە ژن و دایکبوونیان زیاتر دەبێت، هەروەها ئازارەکانیشیان زیاتر دەبن.

تێکۆشان دژ بە پیاوسالاریی

فیلمی 'کچانی رۆژ' تەنها باس لە شەڕی ژنانی کورد دژ بە داعش ناکات، بەڵکو ژیانی شەڕڤانی و تێکۆشەریی ژنان لە شەنگال دەخاتە پێش چاوان. بەتایبەتی سەرنج دەخاتە سەر کۆمەڵێک شەرڤانی پیاو لە شەنگال کە نایانەوێت تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ ژنان بەرێوەبەرن. شەرڤانانی ژن کە بەهار فەرماندەیانە لەلایەک دژ بە چەتەکانی داعش دەجەنگن و لەلایەکی ترەوە دژ بەو کلتوری پیاوسالاری.

لە فیلمەکەدا، سەرەڕای تایبەتمەندیی شەڕڤانان و بەرخودێرییان، لایەنکانی سۆزداریی، هەستیاریی و مرۆیی ژنانی کورد نیشان دەدرێن. هەروەها لە فیلمەکەدا گۆرانی سۆرانی دەچڕدرێت و گۆڤەند و هەڵپەڕکێ دەگیردرێت و ئاماژە بە ژیانی گەریلاکانی کورد دەکرێت.

هەروەها لە فیلمەکەدا باس لە هەوڵەکان دەکرێت بۆ ڕزگارکردنی ژنە بە دیلگیراوەکان و دۆخی ئەو ژنانەش دەخرێتە ڕوو کە لە بازاڕەکاندا فرۆشراون. هاوکات ڕۆڵی ئەرێنیی هەندێک مەلای ئاینییش نیشان دەدرێت و دەرهێنەر لەو بواری ئاینیدا، باوەڕیی داعش و ئاینی ئیسلام لەیەکتر جودا دەکاتەوە.

'کچانی ڕۆژ' فیلمی ژنانە

لە کۆتایی فیلمەکەدا شەڕڤانانی ژنی کورد بە ڕێگای تونێل لێدان، دەدەن بەسەر ناوەندی چەتەکانی داعشدا. لە کاتی ئەو هێرشەدا هەندێک ژنی شەڕڤان ژیانیان بەخت دەکەن. لەکاتی شەڕی ناو شاریشدا، بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگیەکانی هێزی هاوپەیمانانەوە ڕۆژنامەوان ماتهیڵدە بریندار دەبێت. هەر لە کۆتایی فیلمەکەدا بە سەدان منداڵی دیلی ژێر دەستی چەتەکانی داعش ڕزگاردەکرێن کە یەک لە منداڵەکان کوڕەکەی بەهارە.

لە ڕۆڵی سەرەکی فیلمەکەدا گوڵشیفتەن فەراهانی، ئێمانوێل بێرکۆت بەشدارن. ئەکتەری ئێزدی زوبەیدە بولوت ڕۆڵی لامیا بەرجەستە دەکات.

کچانی رۆژ یەکێک لەو ٣ فیلمەیە کە دەرهێنەرەکانیان ژنن و بەشداری فێستیڤاڵێ ئەمساڵی کان-یان کردووە و پێشبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی  خەڵاتی زێڕین. ئەگەری ئەوە هەیە کە هەرچۆنێک بێت ئەو فیلمە خەڵاتێک وەربگرێت. ئیمانوێل بێرکۆت و گوڵشیفتە فەراهانی  لەناو لیستی پاڵێوراوانی خەڵاتی 'باشترین ئەکتەری ژن-دا ناویان ببێت.

ک-ش