کۆنفڕانسی رۆژئاوا لە پەرلەمانی ئەورۆپا: داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک تەنها دڕندەییە!

لە پەرلەمانی ئەورۆپا لەبارەی داگیرکەرییەکانی تورکیا و پاکتاوی نەژادی و پەیوەندییەکانی لەگەل تیرۆستان و هەلوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان، کۆنفڕانسێک سازکراو تێیدا جەخت کرایەوە کە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک جگە لە دڕندەیی هیچ شتێکی دیکە نییە.

یەکەمین رۆژی کۆنفڕانسەکەی پەرلەمانی ئەورۆپا تایبەت بوو بە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و پاکتاوی نەژادی و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەل تیرۆستان و هەروەها هەلوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەو پرسە، کە لە لایەن فراکسیۆنی سەوز و بەرێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رێکەوتنی پاراستنی ئازادی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە ساز کرابوو. ئەم دانیشتنەی پەرلەمانی ئەورۆپا پێشوازییەکی بێوێنەی لێکراو هۆڵی کۆنفڕانسەکەی پڕ کردو جێی دانیشتنی تێدا نەما.

هەڤرین خەلەف بەبیر هێنرایەوە

لە کۆنفڕانسەکەدا لەسەر ناوی فراکسیۆنی رێکەوتنی ئازادی-ی پارتی سەوز فرانچۆیس ئالفۆنسی کە لە هەمان کاتدا ئەندام پەرلەمانی یەکێتی ئەورۆپایە رایگەیاند ئەوان دڵخۆشن کە ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن فراکسیۆنی سەوزەوە رێکخراوە. ناوبراو، هەڤرین خەلەف ژنە سیاسەتمەداری کوردی بەبیر هێنایەوە کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراو وتی:" پێویستە ئەمڕۆ ئەویش لێرە بوایا. بە شێویەیەکی سیمبۆلیک شوێنێکمان بۆ ئەو دیاری کردووە. دەوڵەتی تورک پێویستە بە هۆی تاوانی شەڕەوە دادگایی بکرێت."

دوای ئەم وتانە، وەک رێزێک بۆ گیانی شەهید هەڤرین خەلەف ئامادەبووان خولەکێک بە بێدەنگ بە پێوە وەستان.

ئالفۆنسی: لەگەڵ داگیرکردنی عەفرین بارودۆخی کورد لە ناوچەکە خراپتر بووە

ئالفۆنسی تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەوان لە پەرلەمانی ئەورۆپا گروپی دۆستایەتیی کوردستانیان دروست کردووەو وتی:" تەنها پشتیوانی گروپێکی بەم شێوەیە بەس نییە بۆ کورد، بەڵکو پێویستە ئەوانەی لە ئەورۆپا دەژین، ئاگاداری بارودۆخی کورد بن. کورد لە هەر جێگایەک بن، لە ناو هەڵومەرجێکی سەخت و نالەباردا دەژین. بە تایبەت دوای داگیرکردنی عەفرین بارۆدۆخیان قوڕسترو خراپتر بووە. بۆ ئازادی و سەرکەوتنیان لە دوارۆژدا، ئێمە لەگەڵیانین."

دواتر مزگین ئامەد هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا مافی قسەکردنی وەرگرت و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە دژی زمانی کوردی سیاسەتی لەناوبردن پەیرەو دەکات.

مزگین ئامەد هەروەها رایگەیاند، ئامانجی یەکەمیان لەم کۆنفڕانسە ئەوەیە سەرنج رابکێشن بۆ سەر گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆمەڵکوژی و تاڵانییەکانی دەوڵەتی تورک و ئاماژەی بەوەش کرد، دەوڵەتی تورک لە هەوڵی ئەوەدایە کە سیستمی رۆژئاوای کوردستان لەناو ببات و جەختیشی کردەوە کە پاراستنی سیستمی دیمۆکراتیک لە رۆژئاوا بۆ ئەوان زۆر گرنگە و وتی:" بۆ دروستکردنی ئەم سیستمە ١٢ هەزار شەهیدمان داوە. بە دەیان هەزار بریندارمان داوە. ئێمە لەم کۆنفڕانسەدا هێوادارین داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بوەستێنرێن و ئەوانەی بە ناچاری ئاوارەو دەربەدەر بوون، بگەرێنرێنەوە سەر جێگای خۆیان و لە دژی تاوانەکانی شەڕ دۆسیەی تایبەت پێشکێش بە دادگایەکی نێودەوڵەتی بکرێت."

لە کۆتایی قسەکانیشیدا مزگین ئامەد هاوسەرۆکی بەرێوەبەرایەتی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جەختی کردەوە کە پێویستە دەوڵەتانی رۆژئاوا نەبن بە هاوکار بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و تاوانەکانی شەڕ.

گاولاوم تۆرنییە سەرۆکی رێکەوتنی پاراستنی ئازادی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی کە یەکێکی دیکە بوو لە رێکخەرانی کۆنفڕانسەکە قسەی کردو وتی:" داوایەکی ئاشکرا ئاڕاستەی ئەورۆپا دەکەین کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە. رێکەوتنی پاراستنی ئازادی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بانگ لە ئەورۆپا دەکات، لە بەرامبەر پاراستنی هاوڵاتی و رێکخراوەکانی، بەپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. ئەمە تەنها ئەرکێک نییە، بەڵکو ئاستێکی ژیانکردنە. پێویستە مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکرێن. پێویستە یەکسانی جێبەجێ بکرێت. پێویستە ئەورۆپا بێدەنگ نەبێت لەو رووداوانەی ئەمڕۆ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا روودەدەن."

لە دانیشتنی یەکەمدا کە لە ژێر چاودێری میکائیل گونتیر ئەندامی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورۆپا بۆ پرسی مەدەنی تورکیا (EUTCC) دا بەڕێوە چوو، لەسەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، پاکتاوی نەژادی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و یەکێتی ئەورۆپا و هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش و تاوانی دژی مرۆڤایەتی کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر پەنابەران، چەندین سیمینار پێشکێش کران.

کۆشنەر: جگە لە دڕندەیی هیچ شتێکی دیکە نییە

بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و هاوسەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنۆر سەرەتا لە سیمینارەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، ئەو بە ناوی رێکخراوەکەیان و دۆستایەتی نێوان ئەو و کوردەکان قسە دەکات و وتی:" ئەو رووداوانەی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا روو دەدەن جگە لە دڕندەیی هیچ شتێکی دیکە نییە. پشتیوانی من بۆ گەلی کورد هەمیشە هەبووە و بەردەوامیش دەبم لەو پشتیوانییەدا."

کۆشنەر هەروەها باسی لە بێدەنگی رێکخراو و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک کرد و بەم شێویە دوا:" هۆکاری ئەم بێدەنگییە روون و ئاشکرایە. کورد خاوەنی وڵاتی خۆیان نین. گەلێکە، بە داگیرکردن پارچەکراون. گەلی کورد گەلێک نییە تەنها وەکو پارچەکراو تەماشا بکرێت، ئەو نرخانەی کورد دەیانپارێزێت، نرخی هەموو ئەورۆپاشن."

داگیرکەرییەکانی قوبرس و رۆژئاوای کوردستان

بابەتی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی مرۆڤایەکی لە رۆژئاواو قوبرسیش لە لایەن کۆستاس ماڤریدەس ئەندام پەرلەمانی سەر بە قوبرسەوە پێشکێش کرا.

ماڤریدەس رایگەیاند کاتێک لەساڵی ١٩٧٤ قوبرس داگیر کرا، ئەو منداڵ بووەو وتی:"پێویستە وڵاتانی رۆژئاواو یەکێتی ئەورۆپا ئەوە بزانن کە تورکیا تاوانەکانی خۆی بە سیاسی کرد. ئۆپڕاسیۆنی قوبرسی ناو نابوو، 'ئۆپڕاسیۆنی ئاشتی'. ئۆپڕاسیۆنی رۆژئاواشی ناو نا 'ئاشتی'. لە دوای بیانۆکانیش، دەستی بە داگیرکەری کرد."

پێویستە رێگا بەوە نەدرێت دەوڵەتی تورکیا بە بێ سزا بمێنێتەوە

ماڤریدەس لە بەردەوامی قسەکانیدا رایگەیاند، ئەوەی تورکیا دەیکات پاکتاوی نەژادییە. ئەو ستراتیجییەی ئەردۆغان پەیرەوی دەکات، فەلاکەتێکی مرۆییە. پێویستە رێگا بەوە نەدرێت دەوڵەتی تورکیا بە بێ سزا بمێنێتەوە."  

رۆژنامەنووسێکی خەڵکی عەرەبستانی سعودی: دیکتاتۆریی ئەردۆغان لە دیکتاتۆریی هیتلەر و مۆسۆلینی دەچێت

سولەیمان ئانساری رۆژنامەنووسی خەڵکی عەرەبستانی سعودی، کە پسپۆری بواری ناسینی تیرۆریزمە لە بارەی ستراتیجی داگیرکەری و پاکتاوی نەژادیی دەوڵەتی تورک قسەی کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەردۆغان لە دژی ئەرمەنییەکان کۆمەڵکوژی ئەنجامداوەو وتی:"ئەردۆغان هەڕەشەیەک دروست دەکات کەوا لە سەرتاسەری جیهان بڵاو دەبێتەوە. دیکتاتۆریی ئەردۆغان لە شێوازی دیکتاتۆریی هیتلەر و مۆسۆلینی دەچێت."

ئانساری هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەردۆغان پشتیوانی لە ئیخوان مسلمینەکانی ئەورۆپاش دەکات و وتی:" لە هەمان کاتدا ئەردۆغان پشتیوانی لە گروپە تیرۆرستییەکەی داعش دەکات. ئێمەش لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، لەگەڵ ئێوەداین."

"ئەگەر داگیرکەریی نەبوایا، رۆژئاوا دەبووە جێگایەکی خۆش"

لۆئانیس مۆزالیس وەزیری پێشووی پەنابەرانی یۆنان باسی لە بارۆدۆخی پەنابەران کرد و سەرەتا باسی لە سەردانەکەی کرد بۆ رۆژئاوای کوردستان و وتی:" ئەگەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک نەبوایا، رۆژئاوا دبووە جێگایەکی خۆش، بەڵام بەداخەوە داگیرکەریی دەوڵەتی تورکی بەسەردا هات. یەکێتی ئەورۆپا بۆ یارمەتی پەنابەران پارە دەدات بە تورکیا، بەڵام بۆ ئەوانەی لە رۆژئاوان هیچی نەکردووە. پێویستە یەکێتی ئەورۆپا چاودێرەکانی بنێرێت بۆ ناوچەکە."

کۆنفڕانسەکە دوای دانیشتنی دووهەم، رۆژی ١٢ی کانونی یەکەم بەدەوام دەبێت.

ز.ش