کەجەکە بە بۆنەى کۆچی دوایى مامۆستا عەبدولکەریم شارباژێڕییەوە پەیامێکى سەرەخۆشیى بڵاوکردەوە

کەجەکە بە بۆنەى کۆچی دوایى مامۆستا عەبدولکەریم شارباژێڕییەوە سەرەخۆشیی لە بنەماڵەکەى، زانایانى ئایینى و گەلی کورد کرد. لە پەیامەکەدا هاتووە "داوا لە گەلەکەمان، بە تایبەتى زانایانى ئایینى دەکەین خاوەنداری لە رەنج و بۆچوونەکانى مامۆستا عەبدولکەریم  بکەن".

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى کۆچی دوایى مامۆستا عەبدولکەریم شارباژێڕییەوە پەیامێکى سەرەخۆشیى بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەى کەجەکەدا هاتووە "بە پەژارەوە هەواڵی کۆچی دوایى زانای گەورە و ناوداری ئایینى ئیسلامی-ی کوردستان، وڵاتپارێزی گەورە و دۆستمان، مامۆستا عەبدولکەریم سەعید ناسراو بە مامۆستا عەبدولکەریم شارباژێڕیمان بیست. ئەو وڵاتپارێزە گەورەیە تاوەکو دوا هەناسەى هەوڵی دا تێگەیشتنى راست و دروست لەسەر ئیسلام دروست ببێت و ژیانى خۆی کردە دیاری بۆ ئازادیى گەلی کورد. هیوادارین ئەو زانا ئایینە گەورە و وڵاتپارێزەمان رەحم و بەخشندەیى خودای بەسەردا ببارێت. ئێمە خۆمان بە هاوبەشی ئازار و خەمی بنەماڵە هێژاکەى دەزانین. سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەى و زانایانى کوردستان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین".

دەقی پەیامەکەى کەجەکە:

"مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی رەحمەتی، لە زانابوون و تێگەیشتن دا، لە دادپەروەری، ئازایەتى و خاکى بووندا خاوەنى چەندین وەسف و فەزیلەت بوو. ئەو وەسف و فەزیلەتانەی لە کەلەپور و رۆشنبیریى گەورەى ئیسلام و رۆشنبیریى کوردانەوە بوو. مەلا عەبدولکەریمی رەحمەدتی ئەو دوو کەلەپوور و نەریتەى بە باشی جێبەجێ کرد و لە کەسایەتیى خۆیدا بەرجەستەى کردن. ژیانى خۆی لەو پێناوەدا کردە دیاری بۆ ئەوەى لەگەڵ ئەو نەریتانەدا بژی و دەوڵەمەندیان بکات. ئەوەى بینى، کە بەهۆی راست و دروست تێنگەیشتن، یان بە هەڵە تێگەیشتن لە راستیى گەوهەریى ئیسلام، کێشەى گەورەی کۆمەڵایەتى و سیاسیى قورس لە جیهانی ئیسلام دا روو دەدەن، بۆ ئەوەش لە پێناو ئەوەدا، کە پەیامی ئیسلام بە شێوەیەکى دروست تێگەیشتنى لەسەر دروست ببێت لە تێکۆشانێکى گەورەدا بوو. بە بەردەوامى بانگەوازی بۆ ئەوە دەکرد، کە ئیسلام توندوتیژی، رەق، نفرەت و نەزانى رەتدەکاتەوە و پەیامی ئەبەدیى ئیسلامى ئاشتی، برایەتى، دادپەروەری و رووناکبیرییە. پەیوەندیى توندوتیژی، رق، نفرت و نەزانی لە رێگەى داگیرکەری و دەسەڵاتەوە ئیدانە و ریسوا دەکرد و پەیوەندیى ئاشتی، برایەتى، دادپەروەری و رووناکبیبریى لە رێگەى دیموکراسییەوە دەخستەڕوو. بۆیە بە حەماسەت و بایەخێکى زۆرەوە پیشوازیى لە تێگەیشتن و تێزی ئیسلامى دیموکراتیکی رێبەرمان کرد و بۆ پێشخستى ئەو تێگەیشتن و تێزە تێکۆشا. لەو چوارچێوەیەدا لەسەر ئاستى پێشەنگایەتیدا کارێکى زۆری ئەنجامدا.  

مەلا عەبدولکەریمی رەحمەتی، کێشەى ئازادیى کورد و رێنوێنییەکانى ئیسلامی بە باشی شرۆڤە کرد و سەلماندی کە مرۆڤ بە بێ تێکۆشانی ئازادی ناتوانێت ببێتە مسوڵمانێکى باش. سەلماندی، کە وەستانەوە لە دژی نکۆڵی و زوڵم یەکێکە لە مەرجە بنەڕەتییەکانى ئیسلام و بەرخودان لە دژی زومڵم شێوەیەکە لە عیبادەت. هەروەها لە نێوان تێکۆشانی ئازادیى کورد و تێزی ئومەتى ئیسلام دا پەیوەندییەکى بەهێزی دروستکرد. دەستنیشانیکرد، کە ئومەت بە مانای نکۆڵیکردنی قەبیلە، قەوم و نەتەوە نییە، بە پێچەوانەوە، بە ماناى یەکێتیى جیاوازییەکانە. لەبەر ئەوەش بە بەردەوامی باسی ئەوەیدەکرد، کە خاوەنداریکردن لە تێکۆشانی ئازادیى کورد مەرجێکى خاوەنداریکردنە لە ئومەت. لەسەر ئەو بنەمایە تاوەکو دوا چرکە ساتی تەمەنی بەشداریى لە تێکۆشانی ئازادیى هەموو پارچەکانى کوردستاندا کرد و پشتیوانیى لێکردن. مەلا عەبدولکەریمی رەحمەتی بۆ هاتنەدیى یەکێتیى نەتەوەیى زۆر کاری کرد و رەنجێکى زۆریدا.

گەلی هێژامان!

لەم کاتەدا، کە گەلەکەمان لە تێکۆشانێکى بەرفراواندایە، کۆچی دوایى دۆستێکی زۆر هێژای بزووتنەوەکەمان، کۆچی دوایى مەلا عەبدولکەریمی رەحمەتى، بۆ ئێمە لە دەستدانێکى گەورەیە. بێگومان رەنج و بۆچوونەکانى لە ناو تێکۆشانی ئێمەدا بە گەورەى دەمێنێتەوە و گەشە دەکات و مەزنتریش دەبێت. ئێمە بانگ لە گەلەکەکان بە تایبەتی زانایانى کوردستان دەکەین، کە خاوەنداری لەو رەنج و بۆچوونانەى بکەن و گەشەى پێبدەن. جارێکیتر رایدەگەیەنین، هیوادارین ئەو زانا ئایینە گەورە و وڵاتپارێز و برایەمان رەحم و بەخشندەیى خودای بەسەردا ببارێت. ئێمە خۆمان بە هاوبەشی ئازار و خەمی بنەماڵە هێژاکەى دەزانین. سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەى و زانایانى کوردستان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین".

ر.م