سیمینارەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر ئەھوەن چیاکۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەبارەى دۆخی سیاسیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و کۆمەڵگای ڕۆژھەڵاتی کوردستان وتی: "یەکەم کێشەی گەلی کورد کوردستانێکی داگیرکراوە، کە دەبێت لە قۆناغی یەکەمیندا وڵات و نیشتمانی خۆمان ڕزگار بکەین لەبەر ئەوەی کاتێک وڵاتێک داگیر دەكرێت ھاوکات سەرجەم دەرفەتەکانی گەشەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، رێکخستنی و مافی ئازاد ژیان کردن و خۆبەڕێوەبردن لەو کۆمەڵگا دەسەنرێتەوە".
وتیشی: "ھاوکات دەبێت لە کاتی تێکۆشان بۆ قۆناغی یەکەمین بیر لە فۆرمی قۆناغی دوای تێکشکاندنی داگیرکەری بکەینەوە، فۆرمێکی سیاسی دەستنیشان بکرێت، کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی، ئازادیی ژنان و مافی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیک و کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکات و بنەماکەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک بێت. بەگشتی داگیرکەری لە لایەنی حقوقی و ساختار و زھنیەتدا لە گۆڕەپانەکەدا لابەرێت. بۆ ئەم تێکۆشانە دەبێت سەرجەم چین و توێژەکان ئاکادمیسیەن، ڕۆشنبیر، چالاکی مەدەن و سیاسی و ڕێکخراو و ئەحزابی سیاسی بە بێ تەوەھوم لە قۆناغی یەکەمیندا جێگە بگرن و شۆڕشگێڕانە چالاک بن".
چیاکۆ ئەوەشی وت: "دەبێت گەلی کورد لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرێت و لە مەترسییەکان خۆی بپاڕێزێت. دەرفەتەکان بۆ دروستکردنی یەکێتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بقۆزێتەوەو و مەترسییەکان بە سیاسەتێکی ژیر و عاقڵانە و سەنجیدە پوچەڵ بکاتەوە".
لە کۆتایشدا چیاکۆ ڕۆڵی رۆژھەڵاتی کوردستان، کە بە ئازادکردنی دەتوانێت ببێتە هۆکار و پاڵنەری ئازادبوونی گەلانی دیکە لە وڵاتی ئێراندا بە گرینگ و ستراتژیک وەسف کرد.
ھەر لەم سیمینارەدا یادی "کاک فواد مستەفا سوڵتانی"، "ئارگەش کارزان"، "تۆڵھەڵدان سنە"، "دلۆڤان فەدا"، "ڕۆژھات شەڕ"، "زانیار مورادی"، "لۆقمان مورادی" و "رامین حۆسین پەناھی"، کە لە مانگی خەرماناندا گیانیان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد پێشکەشکردووە بەڕز ڕاگیرا.
ژ.ت