عەبدوڵا ئۆجالان بە بۆنەى دامەزراندنی پەکەکەوە: هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی سەردەکەوین

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دامەزراندنی پەکەکە دەشوبهێنێت بە کۆبوونەوەی ١٢ حەوارییەکەى عیسا و لەبارەی نهێنیی پەکەکەوە دەڵێت، "دوای خەونی هەرزان ناکەوێت. بەڵێنی پرستیژ و بەرژەوەندیی کەسی بە هیچ ئەندامێکی خۆی نادات".

٢٢ گەنج لە رۆژانی ٢٦ و ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی فیس لە ناوچەى لیجەى ئامەد بە نهێنی لە ماڵێکدا کۆبوونەوە، لەوێیەوە نەک تەنها دەستیان بە گۆڕینی کوردستان کرد، بەڵکو لە هەمان کاتدا بوونە هۆکاری گۆڕانکارییەک، کە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی دەهەژاند. ئەو گەنجانە کاتێک بڕیاریاندا حیزبێک بە ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە دروست بکەن ئیدی  گرنگترین بناغەى تێکۆشانیشان داڕشت. شۆڕشێک هاتبووە بەر دەرگا، بەڕێوەچوونە هەڵگەڕاوەکەی کوردستانی دەگۆڕی.

زۆربەى ئەو گەنجانە، کە ناویان وەک دامەزرێنەرانی پەکەکە لە مێژوودا تۆمار کراوە لە زانکۆی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەیانخوێند. دەستەی سەرەتایی ژمارەیان لە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک زیاتر نەبوو. ئەوەى وەک موگانتیسێک ئەوانی لە دەوری یەک کۆکردەوە عەبدوڵا ئۆجالان بوو... لەبەر ئەوەش بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ناو گەلی کورد و رای گشتیی تورکیادا بە ئاپۆییەکان دەناسران. یەکەم بناغەى دەستنیشانکراوی ئەم بزووتنەوەیە ئەمە بوو: "کوردستان کۆلۆنییەکە (کوردستان داگیرکراو و بندەستە)".  

لە سەردەمی جیهانی دوو جەمسەریی دژ بە یەک و لە گەرمترین ساڵەکانی شەڕی سارددا قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان زاڵ بوو بوون. لە نیوەی دووەمی ساڵانی ١٩٧٠ دا لە تورکیاش لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە قەیران و گێژاوهەبوو. دوای ئەوەى لە  سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠ تاوەکو کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠ لە باکووری کوردستان نکوڵی لە کورد دەکرا و کورد بە نەبوو دەزانرا، کە ئەو ماوەیە لە مێژووی نزیکی کوردستاندا بە "ماوەی مردن" دەناسرێت. لەو دۆخەدا و لە سەرەتای ١٩٧٠کاندا کورد هەندێک خۆی جوڵاندبوو، بەڵام شتێکی گەورە و روون دیار نەبوو، بۆشایی، ترس و بێ باوەڕی هەبوو. پارچەکانی تری کوردستانیش لە یەکتر دابڕابوون، کۆمەڵگەى کورد پارچە پارچە کرابوو، بە تایبەتی دوای ئاشبەتاڵە گەورەکەی بزووتنەوەى باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا ئیدی لە هەموو پارچەکانیش خەون و خەیاڵی هەموان شکابوو.

"پەکەکە سەنتەزی رۆژهەڵات – رۆژئاوایە"

لە گوندێکی بچووکی کوردستان، لە گوندی فیس کە تاوەکو ئەو کاتە ناوی نەبیسترابوو، دەستەیەک بە پێشەنگایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی ئەو تاریکاییەی سەر کوردستان دەستیان بە جموجوڵ کرد. ئەرکی قورس و دژوار و رۆژانی ئاگرین چاوەڕێیان بوو. ئۆجالان لە بەرگرینامەکەیدا بە ناوی "بەرگرینامە بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، لە دەوڵەتی راهبیی سۆمەرەوە بەرەو کۆماری گەل"، کە لە ئیمراڵی نووسیی و لە ساڵی ٢٠٠١دا بڵاوکرایەوە، بەمشێوەیە باسی هەڵمەتی سەرەتای پەکەکە و مۆدێلی رزگاری دەکات:

 "کاریگەریی شۆڤێنیزمی کۆمەڵایەتیی چەپی تورکیا لەسەر کێشەى کورد و هەروەها کاریگەریی بەهێزی نەتەوەپەرەستیی کۆن و بورژوای کورد، هەلومەرجی سەرەتای قورستر و دژوارتر دەکرد. لەگەڵ هەڵە و کەموکوڕییەکانی ئەو هەلومەرجە ئایدۆلۆژی و کردارییە، بۆشایی گەورە هەبوون و کێشەى کوردی تیادا بوو، ئەوانە بوونە هۆی ئەوە، کە هەندێک هەوڵی بچووک بۆ بونیاتنانێکی بەهێز و پێشکەوتوو بئافرێنرێت. هێزی بونیاتنان و پێشکەوتنی خۆی نەدەسپارت بە شارەزایی، یان بونیاتێکی پێشکەوتووی رێکخستنی. کێشەکە خاوەنی نەبوو، بۆیە خاوەنداریکردن، هەوڵە کەمەکان، بەڵام جەوهەری، توانیبووی تەقینەوە پێویستەکە ئەنجام بدات. لەو رووەوە لە بزاوت و رسکانی پێغەمبەرەکان دەچوو.

دەزانرێت، کە عیسا بە زۆر ١٢ حەوارییەکەى لە دەوری خۆی کۆ کردووەتەوە. هەژاری دەورووبەری تەنیبوون، کە چاوەڕیی موعجیزە بوون. سەرباری ئەوەش گەورەترین بزووتنەوەى ئیرادە و بڕوای مێژووی بەدیهات. پەکەکە بە زۆری دەشوبهێت بە بزاوتی ئەو حەوارییانە، کە ئەوەش بەهۆی دۆخ و تایبەتمەندیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە. بونیاتنانی رێکخستنیی هاوچەرخی رۆژئاوایی نەیتوانیبوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە مۆدێل. جیاوازیی ناسنامەى کولتوری و مێژووییەکەی کاریگەری لەسەر بونیاتنان و بناغەى چالاکی و رێکخستنی دروست دەکات. دەتوانرێت بوترێت، پەکەکە لەو واتایەدا، سەنتەزی ناسنامەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کلاسیک و بناغەى سۆسیالیستی نیوە مۆدێڕنە. لە مانایەکی تردا، نیشانەى سەنتەزی رۆژهەڵات – رۆژئاوایە. هێزی خۆی و لاوازیی خۆی لەو سەنتەزەوە وەردەگرێت".

هەروەها عەبدوڵا ئۆجالان ریبەری گەلی کورد سەرنج دەخاتە سەر جدیترین لایەنی پەکەکە لە سەنتەزی رۆژهەڵات – رۆژئاوادا و رادەگەیەنێت، پەکەکە تەنها ناوەندێکی دۆگماتیکی پەیوەندیدار نییە و باسی ئەو نھێنییە دەکات، کە پەکەکە لە ناو کۆمەڵگەى کورددا بە دەستیهێناوە و دەڵێت، "دوای خەون و خولیای هەرزان ناکەوێت. مرۆڤە راست و دروست و ئازاکان بۆ خۆی دەکاتە بنەما. بەڵێنی پرستیژ، یان بەرژەوەندیی کەسی بە هیچ یەک لە ئەندامەکانی نادات. خاوەنی هەڵوێستێکە، کە دەرگاکانی بە رووی راستی، دادپەروەری، لێکۆڵینەوە و شیکاریدا دەکاتەوە و ئازاد دەکات. لە ناو ژیاندا یەکسانی و رەنجدان بۆ خۆی دەکاتە بنەما. هەر کە بەرەوە پێش دەڕوات و کۆمەڵگە ئەو تایبەتمەندییانە بە چاوی خۆی دەبینێت، ئیدی ئەوانیش باشتر خاوەنداری لە رێکخستن دەکەن. لە قسەکانیان زیاتر، شێوەی ژیانیان بووەتە جێگای سەرنج. ئەوەى بووە هۆی پێشکەوتنی دەستپێک و کارەکتەر و تایبەتمەندییەکانی ئافراند، ئەو تایبەتمەندییەیە".

"ئێمە بڕوامان بە راستیی خۆمان هەبوو"

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بڕوای خۆی بۆ تێکۆشان بەمشێوەیە باس دەکات، "کاتێک ئێمە پەکەکەمان وەک رێکخستنێکی رزگاریخوازی نەتەوەیی هاوچەرخ پێناسە کرد و دەستمان بە تێکۆشان کرد، وەک ئەو بڕوایەی بە قورئان هەبوو، ئێمەش بەو شێوەیە بڕوامان بە راستیی خۆمان هەبوو و دەمانزانی، کە ئێمە سەردەکەوین". بەپێی ئەوەش پەکەکە بە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی خۆی، کە مۆری لە سەدەی ٢٠ دا، دەکرێت وەک شەپۆلێکی پراتیک – پۆلەتیک لێکدانەوە و شیکاریی بۆ بکرێت، کە پشتبەستوو بووە بە بەهاکانی سۆسیالیزمی زانستی و دۆخی کوردستان.

هەروەها رێبەری گەلی کورد ئەوە دەستنیشان دەکات، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راست و دروست شیکاری بۆ ئەو پێشکەوتنانە بکرێت، کە پەکەکە ئافراندویەتی، دەبێت راستیی سەدەی ٢٠ بە شێوەیەکی راست و دروست شیکاریی بۆ بکرێت و وتی، "هەبوون و کێشەى کورد پەیوەندیی بە وەسف و چوارچێوەی چاڵە رەشەکەی دەورووبەری خۆیەوە هەیە. ئەگەر تەنها و بە جیا هەندێک پێوەری نا روون و نادیار لەسەر بنەمای  جیاکاریکردن و توندوتیژانە لێکبدرێتەوە، ئەوا شیکارییەکی سۆبجەکتیڤ و لایەنگرانە دەئافرێنرێت".

چاوەڕێ بوون زوو کۆتایی پێ بێت

بزووتنەوەى پەکەکە هەر دوای دامەزراندنی بە ئاست و سەردەمی مەترسیداردا تێپەڕی. دەستەی فاشیستیی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لە تورکیا و باکووری کوردستان بووە هۆی ئەوە، کە چەندین کادێری پێشەنگی بزووتنەوەکە دیل بکرێن و ئەشکەنجە و دڕەندەییان بەرامبەر ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەش شۆڕشی ئیسلامیی ئیران، کە هاوسەنگیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گوڕی و هەروەها شەڕی عێراق – ئێران کە دوو پارچەی کوردستانی لە خۆ دەگرت. پەکەکە چۆن دەیتوانی خۆی لەو دۆخە تەنگاوە رزگار بکات، لەسەر پێ بمایایەتەوە، گەورە ببوایە و بەو شێوەیە وەربچەرخایە بۆ رێکخستنێک، کە کاریگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. رێبەری گەلی کورد لە بەرگرینامەکەیدا لەو بارەیەوە دەڵێت:

"دوای ئەوەی بزووتنەوەکە گەورە بوو، کێشەى جدیی کرداری و بەڕێوەبەریی روویاندا، کەموکوڕی هەبوو. لەو دۆخێکی لەو شێوەیەدا گوشار و زۆرداریی هێزەکانی سیستم وەک ئاوپێدان بوو بۆ خاراوکردنی پۆڵا. چوونە دەرەوە دەزانرێت، هەم لە مێژووی تورکیا – ئەنادۆڵ دا، هەم لە مێژووی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بووە هۆی قۆناغێکی نوێ. لە سەردەمێکدا، کە هاوسەنگییەکانی جیهان لە ناو شەڕێکی دژواردا بوون، هەلومەرجی سوریا، فەلەستین، ئیسرائیل و لوبنان دەرفەتی پێشکەوتنیان پێشکەش دەکرد. دواتر شۆڕشی ئێران و شەڕی ئێران – عێراق دۆخ و کەشەکەى باشتر گونجاو دەکرد. هەلومەرجی کودەتای ١٢ی ئەیلول لە تورکیا و  پێشوازیکردن لە کودەتاکە لە دەرەوە بووە ئاڤانتاژ و سوود. چاوەڕێ دەکرا، کە بونیاتنانی بزووتنەوەکە دوای ماوەیەکی کورت لە ئەنجامدا لە ناوچوون بە دوای خۆیدا بهێنێت و لە هەلومەرجە جیاوازەکاندا وەک رێکخستنێکی سنووردارکراو دەمێنێتەوە. لەو دۆخەدا قۆناغی ١٥ی تەباخ دەستیپێکرد. ئەو هەڵمەتە قۆناغێکی زۆر پلان بۆ دانراو نەبوو، بە زۆری بە شێوەیەکی خۆڕسک بەرەوپێشچوو. سەرباری ئەوەش ئەنجامەکانی گەورە بوون. قۆناغێکی پێشکەوتنی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کە لە پێش هەموانەوە رێبەرایەتی و ئەندامی پەکەکە و هیچ کەسێک مەزەندەی نەدەکرد".

ژ.ت