چەمچەماڵ، گەنجانی وڵاتپارێز داوا لە هاوڵاتیان دەکەن کاڵای تورکی بایکۆت بکەن

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپاریزی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ژنانی گەنجی تێکۆشەر داوایان لە هاوڵاتیان کرد کە کاڵای تورکی بایکۆت بکەن.

لەچوارچێوەی چالاکییەکانی لەژێر دروشمی (لەسەر بنەمای هەڵمەتی وەرن بۆ جەنگی ئازادی)دا کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپاریزی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پاریزگای سلێمانی، بەشداری ئەو چالاکییە بوون بەڕێگەی ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ بایکۆت کردن و مامەڵە نەکردن بە کاڵای تورکی.

ئەحمەد حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە باشوری کوردستان، بەناوی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستانەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تیدا هاتبوو:

" ئێمە وەک گەنجانی وڵاتپاریز لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، لەبەرامبەر هێرشەکان و دزی و تاڵانیەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری بەرێوبەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە)، ئێمە شەرمەزاری دەکەین، و لەدژی ڕادەستکردنی خاکی پیرۆزی کوردستانین بۆ دەوڵەتی فاشستی تورک و پێکهێنانی پەیمانی لۆزان."

هەروەها ئەحمەد حەسەن وتیشی: '' ئێمە وەک گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە دژی پارچەکردنی و ڕادەستکردنی کوردستانین کە کردوویانە بە چوار پارچە ئێستاش ئەوان ئەیانەوێت بیکەنە شەش پارچە و ئێمەش بەتوندی ئیدانەی دەکەین، بانگی ئێمە بۆ تەواوی گەنجانی چوار پارچەی کوردستان و گەنجانی تەواوی جیهان ئەوەیە لەدژی فاشیستی سەدەی(٢١) ئەردۆگان، تێکۆشانی بکەن و وەرنە سەر شەقام."

هەروەها لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دروشمەکانی (نابۆ کڕین و فرۆشتنی کاڵای تورکیا) و (بەڵی بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی)، دەست بە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی تایبەت بەهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان کرا بۆ بایکۆتی کاڵای تورکی.

ف.ق