دەوڵەتی تورک دەیەوێت جۆ بایدن تاقی بکاتەوە؟

دەوڵەتى تورک بۆ داگیرکردنی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا لە نێوان مۆسکۆ و دیمەشق و بەغدا و هەولێر لە هاتووچۆدایە. هەوڵ دەدات بەوەش بەڕێوەبەرایەتیی نوێی ئەمریکا تاقی بکاتەوە.

دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی رۆژئاوا و باشووری کوردستان و بۆ هێرشە داگیرکەرییە نوێکانی، هەوڵ و گەڕەکانی بۆ رازیکردنی دەورووبەرەکەى زیاتر کردووە.

لایەکی ئەو گەڕ و سەردانانە بەغدا – هەولێرە و لایەکی تریشی مۆسکۆ – دیمەشە.

لەو گەڕ و سەردانانەدا، زیاتر سەرنجەکان خرایە سەر سەردانی وەزیری بەرگریی تورک خولوسی ئاکار و سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک یاشار گولەر بۆ بەغدا و هەولێر.

ئاکار دوای ئەوەى مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بینی، لە هەولێر لەگەڵ بارزانی کۆبوویەوە و هەڕەشەى داگیرکردنی شەنگالی کرد.

دوای ئاکار، سەرۆک کۆماری  تورک رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە دوای نوێژی هەینی رابردوو (٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١) لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا، کە پرسیی "ئاخۆ ئۆپراسیۆن دەکرێت بۆ سەر شەنگال؟"  وتی، "هەموو جارێک من قسەیەکم هەیە، ئەویش ئەوەیە، 'دەکرێت شەوێک لە ناوکاو بێین' ئەوە هەموو بابەتەکەیە".

دوای ئەو قسانەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی شەممە ٢٣ی کانوونی دووەم رایگەیاند، "تورکیا ئامادەیە ٥ ملیار دۆلار، کە لە کاتی کۆنفرانسی کوێت دا بەڵێنی دابوو، وەک هاوکاری بە عێراق بدات".

هەڵبەت کازمی، کە بەرەوە هەڵبژاردن دەڕوات، ئەو ٥ ملیار دۆلارە خێری خودایە بۆی، کە دەوترێت لە قاسە بەتاڵەکەى تورکیاوە پێیدەدرێت، مرۆڤ دەبێت لە لێکدانەوەى ئەو گەڕ و سەردانانەدا ئەوەش لە بیر نەکات...

 هاوکات لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا، ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) لە هەواڵێکیدا، کە پشتبەستووە بە سەرچاوە ئەمنییەکان، بڵاویکردەوە، "دەوڵەتی تورک کار بۆ ئەوە دەکات، کە لە یەک کاتدا هێرش بکاتە سەر شەنگال و شاری دێرک لە رۆژئاو".

لەوبارەیەوە هەندێک لە سەرچاوە ئەمنییەکانی باکوور – رۆژهەڕڵاتی سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)یان راگەیاند، "هەموو کات دەوڵەتی تورک ئامانجی ئەوەى هەبووە، کە هێرش بکاتە سەر ناوچەکە".

سەرچاوە ئەمنییەکان لەبارەی ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال و دێرک وتیان، "زانیارییەکی لەو شێوەیە هەیە".

هاوکات سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، "دەوڵەتی تورک بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دا دەستی بە جموجوڵ و هەوڵێکی زۆری دیپلۆماتیک کردووە".

لەبارەی قەبارەی هێرشەکانەوە ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، "هێشتا زووە مرۆڤ باسی ئەوە بکات، چونکە بۆ هێرشکی وەک ئەوەى سەر عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی هەندێک مەرج دانراون، بەڵام دەکرێت هێرشی وەک هێرشەکەى ساڵی ٢٠١٧ بۆ سەر قەرەچۆغ (قەرەچۆغی رۆژئاوا) رووبدات".

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ ئەوەى ناوچە داگیرکراوەکانی لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا بەرفراوان بکات، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە هەوڵ دەدات بە پەتپەتێن و هەڕەشە و گوڕەشە لە نێوان ئەمریکا و رووسیادا بەو ئامانجەى بگات و درێژەش بەو سیاسەتەى دەدات.

دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ رووسیا بۆ داگیرکردنی عەفرین رێککەوت، ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ ئەمریکا بۆ داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی رێککەوت، ئێستاش دەیەوێت ئەوە تاقی بکاتەوە، کە ئاخۆ دەتوانێت هەمان ئەو یارییانەی پێ ددووبارە دەکرێتەوە، یان نا.

دەوڵەتی تورک پێش ئەوەى بەڕێوەبەریی بایدن بێتە سەرکار لە دەرگای مۆسکۆی دا تاوەکو عەین عیسا داگیر بکات، بۆ ئەوەش هاکان فیدان راوێژکاری دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت) سەردانی دیمەشقی کرد.

لەلایەکەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەین عیسا و شەهبا درێژەی هەیە، دیمەشق و مۆسکۆش لە رێگەى چەتەکانی دیفاعی وەتەنیی رژێمی سوریاوە لە قامیشلۆ و حەسەکە دەستیان بەکاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە کردووە.

گەمارۆی رژێمی سوریا بۆ سەر ناوچەی شەهبا بەردەوامیی هەیە، دەوڵەتی تورکیش هاوکات لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا، تەل رەفعەتی کردە ئامانج و ٣ هاووڵاتیی شەهید کرد.

هەر ئەو رۆژە چەتەکانی دیفاع وەتەنی لە قامیشلۆ دەستیان بە کاری تێکدەرانە کرد و ئەوەش وەک رووداوێکی بە رێککەوت سەیر ناکرێت.

لاقێکی ستراتیژیی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی رۆژئاوایە، چونکە لە دوای سەردانی شاندەکەى دەوڵەتی تورک بۆ بەغدا و هەولێر، دەستکراوە بە هەڕەشە و گوڕەشە بۆ داگیرکردنی دێرک و شەنگال.

دەوڵەتی تورک لە دوای ئەو سەردانانە شەنگالی کردە ئامانج، رێککەوتنی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ی نیوان هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال بە هەماهەنگیی بەرێوەبەریی ترامپ ئیمزا کرا، تاقی دەکرێتەوە.

بە هەڕەشەی داگیرکردنی دێرک، کە لە سێگۆشەى رۆژئاوا، باکوور و باشووری کوردستاندایە و هەڵکەوتەیەکەی ستراتیژیی هەیە، هەم پەیوەندیی نێوان رۆژئاوا و باشوور دەکاتە ئامانج و هەم ئامانجی ئەوەیە هەنگاوێکی تر لە شەنگال نزیک بێتەوە.

لێرەدا ئەو هێزە سەرەکییەکەى کە تاقیی دەکەنەوە، بەڕێوەبەرایەتیی نوێی ئەمریکایە. دەیانەوێت بە هێرشی لۆکاڵی لە هەڵوێستی بەڕێوەبەریی نوێی ئەمریکا تێبگەن.

بەڵام هاوکات تاقیکردنەوەیەکی تریشە بۆ خودی دەوڵەتی تورک، ئەویش ئەوەیە لەو تاقیکردنەوەیەدا بۆی دەردەکەوێت، کە لەسەر هێڵی واشنتۆن – بەغدا – هەولێر بمێنێتەوە، یان لەسەر هێڵی مۆسکۆ – دیمەشق بڕوات.

ژ.ت