فیلمی 'سەردەمی توتڕک' لەسەر گەریلا، لە ئەوروپا نمایش دەکرێت

فیلمێک لەسەر گەریلا بە ناوی 'سەردەمی توتڕک' بەشداریی ئەوروپا ڤیژن دەکات. فیلمەکە یەکەمجار لە ٢١ی ئایار لە پاریس و کۆلن نمایش دەکرێت. سینەماکار سەرحەد هولاکو وتی، دەیانەوێت فیلمەکە لە ١٥٠ شاری ئەوروپادا نمایش بکەن.

فیلمەکە لە کتێبی "سەردەمی توتڕک" وەرگیراوە، کە کتێبەکە لەلایەن موراد تورکەوە نووسراوە. فیلمەکەش لەلایەن هاشم ئایدەمیر درهێنەری فیلمی "١٤ی تەمووز" دەرهێنانی بۆ کراوە. فیلمەکە لە ناوچەى پێنجوێنی باشووری کوردستان تۆمار کراوە و چەندین گەریلا بەشدارییان تێدا کردووە.

فیلمەکە ئاماژە بە چەندین ڕووداوی کوردستان لە ساڵانی ١٩٩٠دەکاندا دەکات. سوتاندنی گوندەکان، زوڵم و چەوساندنەوەی سەر گەلی  کوردستان، ئەو گەنجە کوردانەی لە دژی ئەو زوڵمە وەستانەوە و بەرەو چیاکان ڕۆیشتن و هەروەها ژیانی ئەو گەنجانە لە فیلمەکەدا دەگێڕدرێتەوە و نمایش دەکرێت.

فیلمی سەردەمی توتڕک باس لەژیانی گەریلایەک دەکات، کە لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا برینداربووە و بەبرینەکانییەوە و بە تەنها خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە و بەردەوام بووە، چیرۆکی گەریلایەکە، کە بە برسێتی لە هەلومەرجی سەخت و قورسدا بەرەو ئازادی ڕێدەکات.

٢١ی ئایار لە پاریس و کۆلن نمایش دەکرێت

فیلمی "سەردەمی توتڕک" لە ٢١ی ئایار لە چوارچێوەی هەفتەی ڕۆشنبیری و چاندی کورد لە پاریس و لە هەمان ڕۆژیشدا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا نمایش دەکرێت.

سینەماکار سەرحەد هولاکو سەبارەت بە فیلمەکە و نمایشی فیملمەکە لە ئەوروپا ڕاگەیاند، فیلمەکە لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و قورس دا ئامادەکراوە.

هولاکو ڕاشیگەیاند، فیلمەکە لە ئیسپانیا و بەنگلادیش و هۆڵەندا و چەندین وڵات و لە فیستیڤاڵەکاندا نمایشکراوە و وتیشی: "ڕۆژانی داهاتوو لە فیستیڤاڵەکانی ئەڵمانیا و سویسرا نمایش دەکرێت. لە پاریسیش لە ٢١ی ئایاردا لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی چاند و رۆشنبیریی کورد لە پاریس نمایش دەکرێت، هەر هەمان ڕۆژیش لە کۆلن نمایش دەکرێت. هەروەها لە هامبورگ، کیل، مارسیلیا و لە چەندین شار نمایش دەکرێت. دەمانەوێت لە ١٥٠ شاری ئەوروپادا نمایشی بکەین".

ژ.ت