گەریلاکانی یەرەکە: دوژمن ناتوانێت ئیرادە و ورەی ئازاد گۆشەگیر بکات

گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) رایانگەیاند، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد گۆشەگیرییە لەسەر هەموو گەلی کورد و گەلانی بندەست و وتیان، "بە دڵنیاییەوە دوژمن ناتوانێت ئیرادە و ورەی ئازاد گۆشەگیر بکات".

گەریلاکانی یەرەکە لەبارەی گۆشەگیریی قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و داگیرکەریی سەپێنراو بە سەر کوردستان دا و ئەرک و بەرپرسیاریی گەلی کورد بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

گەریلا سەرحەد هارون رایگەیاند، لە کەسایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا گۆشەگیریی قورس بەسەر گەلی کورد و گەلانی بندەستدا سەپێنراوە و وتی، "دوژمن خۆیشی باش دەزانێت، کە ناتوانێت ئیرادە و ورەی ئازاد گۆشەگیر بکات. هەر خۆی ئەوە لە هەموو کەس باشتر دەزانێت، بەڵام سەرباری ئەوەش پێداگری لە گۆشەگیریدا دەکات، چونکە دەیەوێت بەو سیاسەتەی رێبەر ئاپۆ و گەل لە یەکتر داببڕێت. بەڵام ئێمە هەموومان و دوژمنیش دەزانێت، کە رێبەر ئاپۆ تاکە کەس نییە، بەڵکو فیکر و فەلسەفەیە، گەلی کورد و گەلانی بندەست بەو فەلسەفەیە دەژین. بۆ ئەوەش ناتوانێت گۆشەگیری لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆدا درێژە پێ بدات، چونکە هەر یەک لە ئێمە و هەر تاکێکی کۆمەڵگەکەمان لە هەر کوێ بێت، بە فیکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دەژی. راستە ئەمڕۆ رێبەرمان لە رووی جەستییەوە لە زینداندایە، ئەوە بۆ ئێمەى گەریلا و گەلەکەمان شەرمە و پێویستە هەموو کەس بە ئەرک و بەرپرسیاریی خۆی هەستێت و راپەڕێت، چونکە رێبەر ئاپۆ ساتێکی پاڵدانەوە و بێ خەمی و بێ باکیی بۆ خۆی قبوڵ نەکردووە. لە ناو زیندانیشدا رۆژ بە رۆژ فیکر و بەرخودانی خۆی گەورەتر کرد. پێویستە ئێمەش وەک گەیلاکانی رێبەر ئاپۆ، گەلی کورد و گەلانی بندەست لە بەرامبەر نادادی بێدەنگ نەبین و راپەڕین. هەموو کەس بە نیشاندانی ئیرادە و ورە و هێزی خۆی دەتوانێت پەیامی "تۆ ناتوانیت رێبەرەکەرەکەمان گۆشەگیر بکەیت" بە دوژمنی داگیرکەر بدات. ئێستاش کاتی ئەوەیە، کە هەموو کەس بە ورە و ئیرادەی خۆی لە دژی داگیرکەری بوەستێتەوە، نەک تەنها ئەرکی گەلی کورد یان گەریلایە، بەڵکو پێویستە ئێمە هەموومان دەست لە نا دەستی یەکتر پێکەوە بە یەک ئیرادە لە بەرامبەر داگیرکەری بوەستینەوە، تاوەکو بتوانین پێکەوە پەیامێک بە دوژمن بدەین. دوژمن دەیەوێت گەل لە رێبەرایەتی دوور بخاتەوە، بەڵام ئێمەش دەزانین کە رۆژ بە رۆژ رێبەر ئاپۆ لە ناو دڵی هەمو گەلی کورد و گەلانی بندەستدا زیاتر جێی خۆی دەکاتەوە. ئێستا کە ئێمە سەیر دەکەین، ئەو بزووتنەوەیە کە رێبەر ئاپۆ بونیاتی ناوە رۆژ بە رۆژ لە هەموو شوێنێکی جیهان لە هەموو وڵاتانەوە خەڵکی ئازادیخواز دێن و بەشداری ریزەکانی دەبن. ئەوەش نیشانی دەدات، کە بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ بڵاو بووەتەوە و هەموو کەسیش ئەو بیر و رامانە قبوڵ دەکات".

گەریلا چیاکۆ ئارمانج-یش سەرنجی خستەسەر گرنگیی خەبات و کەسایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتی، "بێگومان ساڵەهای ساڵە گەلی کورد کێشەى بندەستیی هەیە. دوای ماوەیەک وەک هەر گەلێکی ئازادبوو دوای ئازادیی خۆی کەوتووە. رێبەرێکمان بۆ پەیدا بوو بە ناوی رێبەر ئاپۆ. رێبەرێکی راستەقینە، رێبەرێک، کە گەلی کوردی لە مردن رزگار کرد، سەرلەنوێ ژیاندییەوە و ژیانێکی نوێی پێشکەشمان کرد. کەسایەتییەکی نوێی لە هەر تاکێکی کورددا دروستکرد و ئێمەى فێری رێبازی ژیان وەک ژیانی مرۆڤەکان کرد. بێگومان لە ناو ئەو رێبازانەدا بنەڕەتیترینیان رێبازی ئەخەلاقیانەیە. رێبەری لەو شێوەیە لە ناو مرۆڤایەتیدا کەم پەیدا دەبن. پێشتر ئەو جۆرە رێبەرانە دەرکەوتوون و رێگاکەشیان بەردەوامە، بەڵام لەم سەد ساڵەدا، کە بە تایبەتی بەرەو مردنی مرۆڤایەتی دەڕۆین، یانی مرۆڤەکان بوونەتە گۆڕهەڵکەنی یەکتر، رێبەرێکی لەو جۆرە بۆ ئێمەى گەلی کورد پەیدا بوو، کە پێشەنگایەتی بۆ مرۆڤایەتی دەکات و بیر و رامانی نوێی پێشخستووە. لە هەموو رۆشنبیران و شۆڕشگێڕانی مێژوو تاوەکو ئێستا رێکخستنێکی گشتیی دروستکردووە و بۆ هەموو کێشەکانی جیهان، کێشەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکەوە ژیانی گەلان بووەتە هێزی چارەسەری و بووە مەترسییەکی گەورە بۆ لە ناوبردنی سیستمی سەرمایەداریی پاکتاوکەر.  بێگومان ئەوە زیانێکی گەورەی لە سیستمی باڵادەستی سەر جیهان دا. لەسەر ئەو بنەمایە گۆشەگیری لەسەر مرۆڤایەتی و ئازادی داسەپێنرا. ئەو گۆشەگیرییەى ئەمڕۆ بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە، گۆشەگیریی سەر ئازادی، مرۆڤایەتی، ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانە. لەبەر ئەوە لە بەرژەوەندیی سیستمی باڵادەست دا نییە، کە ئەو بابەت و چەمکانەى رێبەر ئاپۆ بچەسپێنرێت و زیندوبکرێنەوە و کرداری بەهامەندانە بۆ مرۆڤایەتی لە ناو گەلاندا نەمێنێت. کاتێک رێبەر ئاپۆ دەستگیرکرا، دەیان هاوڕێمان بە دروشمی "کەس ناتوانێت رۆژمان تاریک بکات" جەستەى خۆیان دایە بەر ئاگر. بێگومان ئەوەش ئەمڕۆ لە شێوازی گەل و گەریلادا دەژی و هەیە. هەر کەس دڵۆپێک لە زانستی رێبەر ئاپۆی بەرکەوتبێت و خواردبێتییەوە، تاوەکو دوا هەناسەی درێژە بەو رێگایە دەدات. وەکو گەلی کورد و گەریلاکانی یەرەکە، ئێمە خۆمان لە بەرامبەر ئەو قۆناغەدا بە بەرپرسیار دەزانین. دیلکردنی رێبەر ئاپۆ، دیلکردنی ئازادییە، بەڵا دوژمن ئەوەى بۆ سەلماوە، کە ئازادی دیل ناکرێت، چونکە رێبەر ئاپۆ لە ناو ژوورێکی تاکەکەسیدا زیاتر گرنگیی ئازادی و فەلسەفەکەی پێشخست و زیاتر رووی راستەقینەى ئەو سیستمە دەسەڵاتدارەی ئاشکرا کرد. ئەرکی ئێمە ئەوەیە، کە خاوەنداری لە رێبەرەکەمان بکەین، چونکە ئەو سات بە ساتی ژیانی خۆی فیدای ئێمە کرد".

لە بەردەوامیی ئەو گفتوگۆیانەدا گەریلا ئاگر عەفرین باسی ئەوەیکرد، کە بەرخودانی ئیمراڵی بۆ هەموو گەنجانی کورد، گەریلا و گەلی کورد وەک فەرمان، رێنوێنی، هیوا و تێکۆشانە. عەفرین لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "دەیانەوێت گۆشەگیریی بەسەر هەموو کوردستاندا بسەپێنن، بۆ ئەوەش هەموو رۆژێک داگیرکەرێک بەسەر کوردستاندا دەسەپێنن، یان بەهۆی بەرەژەوەندیی خۆیانەوە پشتیوانی لەو سیاسەتە دەکەن و بۆ ئەوەش دەیانەوێت پلانەکانیان جێەجێ بکەن. ئەو گۆشەگیرییەی سەر رێپبەر ئاپۆ، ئەو شەڕەی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت و رۆژانە سیاسەتی خۆیان جێبەجێ دەکەن، وادیارە، کە لەلایەن هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپەوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەگەر لە راستیدا سەیر بکەین ئەوە دەبینین، کە لە پشت ئەو گۆشەگیرییەوە سیستم، یان سیاسەتی داگیرکەری هەیە. ئەگەر ئەمڕۆ ئاکەپە – مەهەپە لەو ئاستەدان، کە گۆشەگیری بەسەر رێبەر ئاپۆدا بسەپێنن و لە کوردستان سیاسەتی شەڕ، کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردن پێشبخەن، بێگومان بوێری و یارمەتی لەو سیتسمەوە وەردەگرن، کە پشتیوانییان لێدەکات. ئەو سیستمە، کە کوردستانی کردووە بە ٤ بەشەوە بەرژەوەندیی لە کوردستاندا هەیە و کوردستان تاڵان دەکات. ئەوە راستییەکە، کە سەد ساڵ لەوە پێش زۆر ئاشکرا و روون نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ هەم وەک بزووتنەوە، وەک گەریلا، وەک مرۆڤی کورد، کە لەم وڵاتەدا دەژین، ئەو سیاسەتە زۆر بە روونی و بە زەقی تێدەگەن و دەیبینن. چونکە لە کوردستاندا گوندێک نەماوە، کە گۆشەگیر نەکرابێت، شارۆچکەیەک نەماوە، کە گەمارۆ نەدرابێت، هەموو رۆژێک چیاکانی کوردستان بۆردومان دەکرێن، هەموو رۆژێک گەنجانی کورد دەکوژرێن، دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنانی کورد و دەوڵەمەندیی کوردستان وێران و خاپوور دەکەن، دەیدزن و تاڵانی دەکەن. ئەوانە بۆ هەموو کەس ئاشکرا و روونە، کە ئامانجیان ئەوەیە جارێکیتر کوردستان وێران بکەن و ورە و ئیرادەی ئازاد وشک بکەن. هەزاران گەنجی کوردیان زیندانیکردووە و سیاسەتی بڵاوکردنەوەى ماددە هۆشبەرەکان و شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبەن. بۆ ئەوەى گەلی کورد پاکتاوی کولتوری بکەن هەر چییەکیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن. بێگومان کەسانێک هەن، کە ئەم وڵاتە دەپارێزن، کە لە دژی ئەو سیاسەتە بە ورە و ئیرادەی فیدایانەوە تێدەکۆشن، رۆژانە چالاکی دەکەن و پلانەکانی دوژمن تێکدەشکێنن. بێگومان ئەوە سەرەتا بە هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ پێشکەوتووە، بۆیە ئەمڕۆ وەرچەرخاوە بۆ تێکۆشانەکەمان و هەموو شێوازەکانی تێکۆشانمان ئیمراڵییە. بەرخودانی ئیمراڵی، کە لە رێبەر ئاپۆ بەڕێوەی دەبات بۆ هەموو گەنجانی کورد فەرمانە، بۆ هەموو گەریلاکان رێنوێنییە و بۆ هەمووگەلی کورد هیوا و تێکۆشانە. داوا لە هەموو گەنجانی کورد دەکەم، بە هیوا و ورە و سەربەخۆ تێبکۆشن و لە بەرامبەر داگیرکەر چۆک دانەدەن".

ژ.ت