"هیچ ڕێکەوتنێک بە بێ ڕەزامەندی ئێمە جێگەی قبوڵ نیە"

"شەنگال و ئێزدیەکان وەک پێشتر نین ئیستا گەل وشیارە، کەس ناتوانێت هیچ رێکەوتنێک بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت کە ئێمە ڕەزامەندیمان لەسەری نەبێت، یەبەشە و یەژەشەمان هەیە و بەسمانە، پێوستمان بەهیچی تر نیە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکێشی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) و حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر قەزای شەنگال و گەلی ئێزدی رێکەوتنێکیان ئیمزا کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ نوێنەرێکی راستەقینەی ئێزدیەکان ئاگاداری ئەو ڕێکەوتنە نین و هیچ یەکێکیان تێدا بەشدار نیە.

ئێزدیەکان هەر زوو ئەو ڕێکەوتنەیان ڕەتکردەوە و دەڵێن، ئێمە بە هیچ شێوەیەک هیچ ڕێکەوتنێک قەبوڵ ناکەین کە بەسەر ئێزدیەکاندا بسەپێنرێت، بە تایبەت ئەگەر نوێنەری ڕاستەقینەی ئێزدیەکان، لایەنێکی ڕێکەوتنکە نەبێت و ڕەزامەندی ئێزدیەکانی لەسەر نەبێت.

چالاکی و ناڕەزایەتیەکانی گەلی شەنگال لە دژی ئەو ڕێکەوتنە بەردەوامن و وەکو فەرمانێکی تر بۆ سەر ئێزیدیەکان پێناسەی دەکەن، دەربارەی هەڵوێستی خۆیان لەسەر رێکەوتنەکە هاوڵاتیانی ناحیەی سنونی سەر بە قەزای شەنگال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)قسەیان کرد.

حاجی دەهال هاوڵاتیکی ناحیەی سنونە و هەموو تەمەنی خۆی هەر لە سنون ژیاوە، ئاماژە بەوە دەکات:" گەلی ئێزدی ئاگای لەو ڕێکەوتنە نیە و هیچ پرس و ڕایەک بە گەلی ئێزدی نەکراوە بۆ ئەو ڕێکەوتن و پەیمانەی کە بەسەر ئیزدیەکان سپێنراوە و دەڵێت، ئێمە ژیانێکی خۆش و ئاراممان دەوێت، ئێمە دەمانەوێت هەموو هێزەکان یەکێتی خۆیان دروست بکەن."

هەروەها حاجی دەهال وتیشی:" کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) ڕایانکرد و گەلی ئێزدیان لە چنگی چەتەکانی داعشدا بەجێهێشت، بەڵام پەکەکە هات و گەلی ناوچەکەی پاراست، ئەوان بەرخۆدانێکی مێژووییان کرد. پێمان باشە نوێنەری ڕاستەقینەی ئێزدیەکان لە هەموو ڕێکەوتنێک ئاگاداربن و خۆیان بریار لە سەر چارەنوسی خۆیان بدەن."

هاوڵاتیەکی تر بە ناوی ڕەشید داود دەڵێت:" ئێمە لێرە پشتگوێ خراوین، ڕێکەوتن لەسەر ئێمە دەکەن و بە کەیفی خۆیان لەسەر ژیانی ئێمە بریار دەدەن، ئێمە قبوڵی ناکەین ئەو هێزانەی کە پێشتر لە شەنگال ڕایانکرد و گەلی ئێزدیان بێ پاراستن هێشتەوە، بگەرێنەوە بۆ شەنگال."

عادل حاجیش کە یەكێکی ترە لە هاوڵاتیانی دانیشتووی ناحیەی سنون، دەڵێت:" ئێمە  پێمان باشە ئەو هێزەی کە ناوچەکە دەپارێزێت، لە پێکهاتەی خودی ناوچەکە بێت و ناکرێت هێزێکی ترهەبێت کە لە کاتی مەترسیدا گەلی ئێزیدا بە جێ بهێڵێت و ڕادەستی داگیرکەرانی بکات."

قەندیل تلحزێر هاوڵاتیکی تری ئێزدیی خەڵکی کۆمەڵگا خانە سورە و دەڵیت:" ئێمە بە هۆی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بووینەوە و بە هەزاران ژن و کچی ئێزدی ڕفێندران و منداڵ بی دایک بوون، کچ بێ ماڵ بوون. دوای ئەو فەرمانەش، جارێکی تر پەدەکە لە ساڵی ٢٠١٧ شەنگالی ڕادەستی حەشدی شەعبی کردەوە. ئێمە قەبوڵی ناکەین جارێکی تر پارتی بمان فرۆشێت."

هەروەها وتیشی:" ئێزدیەکان ئێستا وەکو پێشووتر نین، ئیستا گەل وشیارە، بە هیچ شێوەیەک هیچ ڕێکەوتن و پەیمانێک قەبوڵ ناکەین کە نوێنەری ڕاستەقینەی ئێزدیەکانی تێدا بەشدارنەبێت. ئیستا گەلی ئێزدی خاوەنی هێز و پاراستنی خۆیەتی، پێوستمان بە هیچ هیزێکی تر نیە، ئێمە یەبەشە و یەژەشەمان هەیە و بەسمانە."

ز.ش