کاڵکان: لە سەردەمی بەرخودانداین و لە هەموو شوێنێک پێویستی بە تێکۆشان هەیە

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە رایگەیاند، لە سەردەمی بەرخوداندان و دەبێت هەموو کەس لە هەموو شوێنێکیدا بەپێی توانایی و دەرفەت و هێزی خۆی بۆ تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێبکۆشێت.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە بەشداریی بەرنامەى ئولکەدەنی کەناڵی ئاسمانیی مەدیا خەبەر تیڤی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووس هۆشەنگ یڵمازی دایەوە.

"کەس سیستمی ئیمراڵی قبوڵ ناکات"

کاڵکان باسی لە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بەرخودانی دژ بەو گۆشەگیرییە کرد و وتی، "بە راستی تێکۆشانێکی گەورە لەو گۆڕەپانەدا هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە لە کوردستان تێکۆشان بە قوڵی و بەرفراوانی بەردوەامیی هەیە. لەم دواییانەدا هەندێک راگەیاندراوی لە تورکیا و ئەوروپا بڵاودەکرێنەوە. سەرەتا چاوپێکەوتنەکان قەدەغەکران و دوای ئەوەش وتیان، پەیوەندیی تەلەفونیش بۆ ماوەى ٦ مانگ قەدەغە دەکەن. پاساوی ئەوەش ئەو نەخشەڕێگایەیە، کە ساڵی ٢٠٠٩ ئامادەکرا و پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرا. کاتێک نەخشەڕێگاکە ئامادە کرا، ئاکەپە دەیگوت ئەوان "کرانەوەى کوردی" دەکەن!. لە رێگەی پارێزەرانی رێبەر ئاپۆوە بۆچوونی زۆرێک لەلایەن و کەسایەتییەکان وەرگیران. یانی کارێکی شاراوە نەبوو، کارێک بوو، کە رۆشنبیران، سیاسەتمەداران و هێزە دیموکراتیکەکان تیایدا بەشداربوون و بۆچوونی خۆیان بۆ رێبەر ئاپۆ خستەڕوو. لە دوایدا لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٩ پێشکەشی حکومەت و دەوڵەت کرا، لەبەر ئەوەى ئاکەپە نەخشەڕێگاکەى شاردەوە، دوای ماوەیەک پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرا. لەبەر ئەوە، ئەو سزای دیسیپلینە، کە سەپاندوویانە، هیچ مانایەک و بناغەیەکی نییە".

کاڵکان باسی ئەوەیکرد، کە تاوەکو ئێستاش وەڵامی داوای بنەماڵە و پارێزەران بۆ سەردانکردن نادەنەوە و وتی، "ئەگەر وەڵام نادەنەوە، ئەوە نیشانەى ئەوەیە، کە چەند زەحمەتی دەکێشن و بۆیان قورسە. ئەنجامێکی گرنگ، کە مرۆڤ لەوە بەدەستی بهێنێت ئەوەیە. ئیدی کەس سیستمی ئیمراڵی قبوڵ ناکات و بە تەواوەتی ریسوا بووە. دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دوای ئەو ئاستەیان ئیدی ناتوانن فاشیزمەکەیان بەڕێوەببەن. بەو نزیکایەتی و رەفتارانە، کە دنەى دۆخەکە دەدەن، هەوڵ دەدەن، لاوازییەکەى خۆیان بشارنەوە. هەوڵ دەدەن بیسپێرن بە هەندێک پاساو. بەڵام بەڵێنیان دابوو، لە هەمو ئاستەکاندا بەڵێنینان دابوو، لە وەزیری داد تاوەکو سەرۆک کۆمار بەڵێنیاندابوو، کە رێگری لە سەردان و چاوپێکەوتنی پارێزەران و بنەماڵە نەکەن.

ئەوە سیستمی دیلکردنە

لە دوایدا سی پی تی رایگەیاند، ئەوە ئەشکەنجەیە و ئەشکەنجە هەیە. چەند رۆژ پێشتر ئەنجوومەنی ئەوروپا گفتوگۆی لەسەر راپۆرتەکەى سی پی تی کرد و راپۆرتەکەى قبوڵکرد، داوایکردن بە خێرایی رێوشوێن بگیرێتەبەر. دەیەوێت دۆخەکە بگۆڕدرێت و بڕیاری بۆ دەردەکات. لە راستیدا بەرپرسیاری سەرەکی، ئەنجوومەنی ئەوروپایە. رێبەر ئاپۆ وتبوی، رۆڵی تورکیا لێرەدا پاسەوانیکردنە. بەڵی دەوڵەتی تورک پاسەوانی دەکات. سیستمەکە ئەوان دروستیانکرد، بەڵام چۆن دەبێت، ئەو کەسانەى سیستمەکەیان دروستکردووە و بڕیاریان لەسەری داوە، بڕیارەکەى خۆیان جێبەجێ نەکەن. پاسەوان بەڵێن دەدات، بەڵام جێبەجێی ناکات. سیستمێکی بەو شێوەیەیە. بۆیە دەکرێت بەوە بڵێین، سیستمی دیلکردن و ئەوەش جارێکیتر ئاشکرا بوو".

ئۆجالان تاکە هێزی چارەسەرییە

کاڵکان ئاماژەى بەوەکرد، ئەوەى لێرەدا گرنگە تێکۆشانە و وتی، "بۆ ئەوەى سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەى ئیمراڵی تێکبشکێنرێت و رێبەر ئاپۆ لە رووی جەستەییەوە ئازاد بببێت، لە  چوارپارچەى کوردستان و هەر چوارلای جیهانەوە تێکۆشانێک بەڕێوەدەچێت. ئەوە رێگا بە رووی پێشکەوتنی گرنگدا کردووەتەوە. لە راستیدا دۆخەکە ئەوەیە، گەلی کورد لە چوارپارچەى کوردستان و سەرتاسەری جیهان هەستاوەتە سەرپێ. لەوەش گرنگتر لە هەر چوار لای جیهانەوە بە تایبەتی رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، کرێکاران، زەحمەتکێشان و ژنان گەیشتوونەتە ئەو ئاستە، کە خاوەنداری لە دۆزەکە و کێشەکە بکەن. بەشداری لە چالاکییەکاندا دەکەن و دەیانەوێت سیستمی ئیمراڵی تێکبشکێت، بۆیە ئێمە سڵاو لە هەموویان دەکەین".

دوران کاڵکان ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ئازادیی کوردان، بۆ ئاشتی و ئازادی لە کوردستان و تورکیا تاکە هێزی چارەسەری عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە و وتی، "هیچ کەسێکی تر ناتوانێت ئەوە بکات. ئێمە ئەو بۆچوونەی خۆمان جارێکیتر لێرەدا دووبارە دەکەینەوە. بەڵام ئێستا لە هەر چوارلای جیهانەوە، لە هێزە دیموکراتیک و ئازادیپارێزەکانەوە وەڵام بۆ ئێمە هاتووەتەوە. رایانگەیاندووە، نەک تەنها بۆ ئازادیی کوردان، نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ ئاشتی، دیموکراسی و ئازادیی لە سەرتاسەری جیهاندا، رێبەر ئاپۆ بە رۆڵێکی بنەڕەتی و گرنگ هەڵدەستێت. بۆیە دەبێت لە رووی جەستەییەوە ئازاد بکرێت".

کاڵکان باسی ئەوەشیکرد، رێبەری گەلی کورد بووەتە رێبەرێکی جیهانی و وتی، "هەموو بندەستەکان خاوەنداریی لێدەکەن. لە بۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆدا، بۆ رزگاریی خۆیان بە دوای چارەسەریدا دەگەڕێن. لەسەر ئەو بنەمایە خاوەنداریی لێدەکەن. ئەوە دۆخێکی زۆر روون و ئاشکرایە. جێگای ئومێد و هیوایە. تێکۆشان بەرەو پێش دەڕوات".

دوران کاڵکان لە وتەکانیدا بە بۆنەى ٢٨هەمین ساڵیادی شەهادەتی بێریتان (گوڵناز کاراتاش) لە کەسایەتیی بێریتاندا بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستانی بەرز راگرت و وتی، "هێڵی بەرخودانی بنەڕەتیی هەڵمەتەکەمان بە ناوی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە" هێڵی بێریتانە. ئێمە بە شێوازی بێریتان لە قۆناغەکە نزیک دەبینەوە و ئێمە بێریتانانە بەرخودان و بەرەنگاری دەکەین و سەر دەکەوین".

هێرشکرایە سەر شەنگالی خۆبەڕێوەبەر و دیموکراتیک

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە سەرنجی خستەسەر رێککەوتنی نێوان عێراق و حکومەتی باشووری کوردستان لەسەر شەنگال، کە بەبێ ئیرادەی سەربازی و سیاسیی شەنگال ئەنجامیانداوە، بۆیە ئەو رێککەوتنە لەلایەن شەنگال و گەلی کوردستانەوە قبوڵ نەکرا.

کاڵکان وتی، "ئاشکرایە ئەو هێزانەی کە لە بەرامبەر هێرشی داعشدا هەڵھاتن دەیانەوێت سەرلەنوێ دەست بەسەر شەنگالدا بگرنەوە. یانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەیەوێت دەست بەسەر شەنگال دا بگرێتەوە. ئەو رێککەوتنەش جگە لەوە هیچ مانایەکی دیکەى نییە. پێیان ئەنجامدان، بۆیە سەرەتا بەرێوەبەریی ئەمریکا خواستی بەو شێوەیە بێت. کەس ناتوانێت ئەوە لە خۆییەوە ببینێت و بیکات. ئەمریکا دەیەوێت چی بکات، دەبێت لە شەنگال ئاشکرا ببێت. درێژە بە دەستوەردانی خۆی دەدات، ئەو دەستوەردانە سوودی بۆ کێ دەبێت و زیانی بۆ کێ دەبێت؟ ئەوە بە چ میکانیزمێک ئەنجام دەدات؟ دەبێت ئێمە ئەوە ببینین. دەیەوێت لە چوارچێوەی ئامانجەکانی ئەمریکادا، بەڕێوەبەریی عێراق، تورکیا و باشووری کوردستان یەکبگرن و لە دژی پەکەکە بوەستنەوە. ئامانجەکە دەستنیشانکرا. پەکەکەیان کردە ئامانج، دواتریش هێرش دەکەنە سەر هەموو ئەو شتانەى کە لە وان نییە. جاروبار هەندێک کەس دەدەنە پێش و هێرشیش دەکەنە سەر پەکەکە. پەکەکە دەکەنە ئامانج. ئەوەی بە ناوی پەکەکەوە دەیکەنە ئامانج، کوردایەتیی ئازادە، شەنگالی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە. هەوڵ بۆ تێکدان و لەناوبردنی ژیانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و ئازادی کۆمەڵگەى کوردی ئێزدیمان دەدەن. ئێمە لەوە تێدەگەین. تورکیا داوای ئەوەیکردووە. بۆ ئەوەى رەوایی بە رێککەوتنەکە بدەن ئەوەیانکرد. بۆیە بڕیارێک و رێککەوتنێکە، کە لەسەر داوای ئەمریکا و بە سەپاندنی تورکیا ئەنجامدراوە. دەبێت هەموو کەس لەوە تێبگات.

ناتوانن چاوپۆشی لە ئابی ٢٠١٤ بکەن

لێرەدا ئەوەى رۆڵی بنەڕەتی دەگێڕێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە. پەدەکە هەڵەیەکی مێژوویی کرد؟ بەڵێ کردی. تاوانی کرد، بەڵی کردی. دەبێت رەخنەی خۆی بدات و داوای لێبوردن بکات، ئەگەر هەڵەى کردبێت دەبێت هەڵەکە راست بکاتەوە. نەک حسابی وا بۆ بەشێک لە مێژوو بکات و ئابی ٢٠١٤ وەک ئەوەى هیچ رووی نەدابێت، سەیر بکات. ناتوانێت وا سەیری ئاب بکات، کە هیچ نەبووە و هیچ رووی نەداوە. وەک ئەوەى خۆی دەیەوێت شتەکان پەردەپۆش بکات و بیانسڕێتەوە، بەڵام بەو شێوەیە نابێت. هێرشکاری و دوژمنایەتی بەو شێوەیە دەکات. لە بریی ئەوەى بڵێت، من پشتیوانی لە گەلی شەنگال دەکەم، پشتگیری لە ژیانی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەر و ئازادی کوردانی ئازاد دەکەم و بەو شێوەیە خۆی بسەلمێنێتەوە، بەڵام دێت هەڵە و تاوانەکانی پێشتری دووبارە دەکاتەوە.  دەیەوێت بە زۆری هێز کاریگەریی دروست بکات و خۆی بسەپێنێت و بۆ ئەوەش هەموو هێزەکانی خۆی تەیار کردووە. ئەوەی پەدەکە دەیکات راست نییە. دەوڵەتی تورک و پەدەکە لە پێشتی هێرشکردنە سەر شەنگالن. ئەمریکاش خواستی، عێراق ناچاری ئەو کارە بکات. بەڕێوەبەریی بەغدا هیچ کات و بە تایەبتی لە دژایەتیکردنی کورددا نەچووبوونە سەر هێڵی دەوڵەتی تورک و پەدەکە، ئەوە زۆر زۆر گرنگە. ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئەوە هەڵەى مێژوویی دەکات. بەوە قاچی خۆی دەبڕێتەوە. بەوە گورز لە خۆی دەدات. ئێمە ئەوە پەیوەست بە رووداوەکانی تر لە گۆڕەپانەکانی تر دەبینین".

کوردایەتیی پەدەکە بووەتە جێگای مشتومڕ

کاڵکان سەرنجی خستەسەر دوژمنایەتی، پاکتاوکردن و کرداری ئەم سەد ساڵەى دەوڵەتى تورک و لەبارەى ئەوەى دۆخی پەدەکە لەگەڵ ئەم دەوڵەتەدا بۆ بەم ئاستەى ئێستای گەیشتووە وتی، "ئەوە بووەتە بابەتی مشتومڕ، کە تا چەند کوردە، دیموکراتبوونەکەى، ئازادیپارێزییەکەى ئیدی هەر لە خۆیدا ئێستا کەس قەناعەتی پێناکات. بەڵام ئێستا کوردایەتییەکەشی بووەتى جێگای مشتومڕ. سەرنج بدەن، لە هەولێر بەرپرسێکی میت کوژرا، لەبەر ئەوەش هەوڵ دەدەن ٢ گەنجی کوردی باکوور لە سێدارە بدەن. ئەوە بابەتەتێکە، کە قسەى زۆری لەسەر دەکرێت".

کاڵکان ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە پلاندانەری کوشتنی دیار غەریب، کە مرۆڤێکی خەڵکی باشووری کوردستان بوو، لەلایەن ئەو کەسەی میتەوە لە هەولێر دانرا و وتی، "ئێستا مرۆڤێکی کورد هیچ بەهایەکی نییە، یانی بەپێی پەدەکە مرۆڤێکی خەڵکی باشووری کوردستان هیچ نرخێکی نییە، بە ئاسانی دەکوژرێن، خاوەندارییان لێ ناکەن، بەڵام کاتێک بە کرێگیراو و سیخوڕێکی تورک دەکوژرێت، کاتێک بکوژێک کوژرایەوە، ئەو کاتە بۆ دونیا دەبێتە قیامەت. بۆ ئەوەش ئەو هەموو دادگایکردنانەیان بەڕێوەبرد. نازانم سزای لەسێدارەدان دەدەن، ئەوە روون نییە. بەڵام دۆخەکە بە گشتی لە بەرچاوە، چی روودەدات؟ بۆیە دەڵێم، کە کوردایەتییەکەى پەدەکە بووەتە جێگای گومان و مشتومڕ. حەزکردن لە تورکان و خوشویستنی تورکان، حەزکردن لە میت و خۆشویستنی میت بەو رادەیەش باش نییە. دەبێت هەموو کەس ئەوە ببینێت و لێی تێبگات".

کورد و عەرەب دوو هێزی بنەڕەتین

دوران کاڵکان باسی لە گرنگیی ناڕەزایەتییەکان لە جیهانی عەرەب لە دژی دەوڵەتی تورک کرد و وتی، ئیدی ئاشکرا بووە، کە دەوڵەتی تورک دوژمنی کورد و عەرەبە، ماسکی دەموچاوی لادراوە و راستیی پاکتاوکەر و فاشیتسیی سەنتێزی تورک – ئیسلام بۆ هەموان ئاشکرا بوووە و ئیدی هەموو کەس دەیزانێت.

دوران کاڵکان گرنگیی هاوپەیمانیی کورد و عەرەبی شیکارکرد و وتی، "ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕدرێت دوو هێزی بنەڕەتی ئەوە دەکەن، ئەوانیش کورد و عەرەبن. ئازادیی کورد و دیموکراسیی عەرەب تەنها دەتوانێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بونیات بنێتەوە. ئەوەش بە هاوپەیمانیی کورد و عەرەب و بە تێکۆشان لە دژی دیکتاتۆریی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە بەدی دێت. ئیدی ئەوە لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێت. بزووتنەوەیەکی گشتی روودەدات. ئێمە ئەوە بە گرنگ دەزانین. دەبێت زیاتر بەهێزتر بکرێت. دەبێت ئەوە بە سەرتاسەری جیهانی عەرەبدا و بە تەواوی جیهاندا بڵاوببێتەوە".

کاڵکان باسی ئەوەیکرد، ئەوانەى گۆڕانکاریی دیموکراتیکیان دەوێت، ئەوانەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراسییان دەوێت، دەبێت پشتیوانی لە هاوپەیمانی و تێکۆشانی کورد – عەرەب بکەن و وتی، "ئێمە سڵاو لەو بایکۆتکردنەى دەوڵەتى تورک دەکەین. با رۆشنبیران و سیاسەتمەداران زیاتر هێڵی رێبەرایەتی بخوێننەوە و لێی تێبگەن. با بەرگرینامەکانی رێبەرایەتی بخوێننەوە. با تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، تێکۆشانی پەکەکە باشتر بناسن، بۆ عەرەبستان و بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەستنیشان دەکات، دەبێت لەوە تێگەیشتن دروست ببێت. با بەپێی روانینیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە بڕیار لەسەر کوردان نەدەن. هێڵی پەکەکە جیاوازە. با ئەمە ببینن، بەو شێوەیە هەم لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى تورکی فاشیست و خۆبڵاوکردنەوەی ئەو دەوڵەتە هەڵوێستی چالاک نیشان بدەن و هەم هەڵوێست و تێکۆشان بە هاوپەیمانی و پشتیوانیی لەگەڵ هێزە دیموکراسیی و ئازادییەکانی کورددا یەکبخەن. بانگەوازمان لەسەر ئەو بنەمایەیە. وەک بزووتنەوەى ئازادیی کورد ئێمە هەم ئامادەین بۆ ئەوانە و هەمیش بۆ بەدیهێنانی ئەوانە چیمان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەین".

هێرشی نوێی داگیرکەری بۆ سەر رۆژئاوا

دوران کاڵکان رایگەیاند، رووسیا و دەوڵەتى تورک نەیانتوانی لە لیبیا، ئیدلب و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا شەڕی یەکتر بکەن، لە قەوقاز لە دژی یەک وەستانەوە، ئەوەى پێیان دەوت شەڕی  ئەرمینیا – ئازەربایجان، ئەوەى کە بە شەڕی قەرەباغ ناوی دەبرێت، ئەو راستییەی تیادا بوو. ئیدی بەڕێوەبەریی رووسیا بە روون و ئاشکرا باس لەوە دەکەن. شەڕ لەوێ بە بنبەست گەیشتووە، گەیشتووەتە ئاستێک، کە تورکیا ناتوانێت لەوێ ئەنجام بە دەست بهێنێت. لەبەر ئەوەش سەرلەنوێ رووی کردووەتەوە سەر باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ئەوەش لەم دواییانەدا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر رۆژئاوا زیاتر کرد.

کاڵکان وتیشی، "رەنگە هێرشی گەورەتر بکات، رەنگە هەوڵ بدات داگیرکەریی تر بکات. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە پێویستیی بەوە هەیە. نابێت هیچ کەس بکەوێتە هەڵەوە. ئەگەر دەرفەت و بواریان بۆ بڕەخسێت بە دڵنیاییەوە ئەو کارە دەکەن. یانی ئەگەر لەلایەن ئەمریکا، رووسیا و ئەوروپاوە مۆڵەتیان پێ بدرێت، وەک ئەوەى لە عەفرین، لە سەرێکانی روویدا، دووبارە هێرش دەکەنەوە. هەر خۆیان ئێستا هێرش دەکەن. لە دێرک تاوەکو کۆبانێ هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنێک. لە عەفرین و سەرێکانی بەردەوامە لە کوشتار و پاکتاوکردن. بە فڕۆکە هێرش دەکات، بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرش دەکات، هاووڵاتییانی مەدەنی دەکوژێت، دۆخێکی جدی و دۆخێکی نوێ هەیە".   

کەس ناتوانێت بەو شێوەیە قسە لەسەر کوردان بکات

بابەتێکی تر، کە کاڵکان شیکاریی بۆ کرد ئەوە بوو، کە لە چاوپێکەوتنەکانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا ئەنەکەسە دژایەتیی پەروەردە و خوێندنی بە زمانی کوردی کردبوو و کاڵکان لەوبارەیەوە وتی، "گفتوگۆ لەسەر ئەوەی زمانی کوردی ببێت بە زمانی پەروەردە و خوێندن یان نەبێت لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا و لە رۆژئاوادا راست نییە و هیچ مانایەکیشی نییە. مرۆڤ دەتوانێت ئەو جۆرە گفتوگۆیە وەک تاوانبارکردن ببینێت. کەس ناتوانێت بەو شێوەیە لەسەر کوردان قسە بکات و ئەو گفتوگۆیەیان لەگەڵ بکات. بە کوردی قسە بکرێت یان نەکرێت، خوێندن و پەروەردە بە کوردی بێت یان نا، ئەو جۆرە گفتوگۆیە تاوانە. ئەوە سوکایەتیکردنە بە کوردایەتی. باشە کۆمەڵگەیەکی تر گفتوگۆ لەسەر هەبوونی خۆی دەکات؟ قسەکردن یان خوێندن و پەروەردە بە زمانێکی تر دەبێت بە بابەتی گفتوگۆ یان نا. باشە بۆ کورد ناو خۆیاندا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن؟ هێزێک بە ناوی ئەنەکەسە بۆ ئەو گفتوگۆیە دەکات. ئەو ئەنەکەسە چییە؟ لە کوێوە هاتووە، کە ئەوەندە کاڵوکرچ و پێنەگەیوە، دەڵێن، گوایە لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا ئەنەکەسە هەیە، دەڵێن، گوایە شەڕی ئازادیی رۆژئاوای کردووە، نرخ و بەهایەکی وەهایان پێدەدەن. شتێکی لەو شێوەیە نییە. ئێمە ئەو هێڵە باش دەناسین، لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠ەوە لە دادگاکانی دەوڵەتی تورک گفتوگۆی "کورد هەیە یان نییە" دەکرا. هەبوونی کوردیان کردبوو بە بابەتی گفتوگۆ و مشتومڕ. ئێستاش لە رۆژئاوا زمانیان کردووەتە بابەتى گفتوگۆ. ئەوانە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردایەتی، نەتەوەپەرستی، کولتور و رۆشنبیری و پێشکەوتنی کوردەوە نییە. هەموویان بۆ بەرژەوەندیی ماددی دەجوڵێنەوە و کار دەکەن. نەتەوە پەرستییەکەشیان و کوردایەتیەکەشیان هەر بەو شێوەیەیە. جارێکیتر ماسکی سەر دەموچایان لابرا و رووی راستەقینەیان ئاشکرا بوو. هەموو قسەیەک بە قەسە نازانرێت، هەموو گفتوگۆیەیک بە گفتوگۆ دانانرێت. کۆمەڵگەی کوردیان بە تەواوی ئازاردا. ئەو گفتوگۆیانە ئازاری دان، دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت و لێیان تێبگات".

ئێمە لە سەردەمی بەرخودانداین

کاڵکان سەرنجی خستەسەر گوشار و زۆرداری لە باکووری کوردستان و بە تایبەتی لەسەر هەدەپە و سیاسەتی دیموکراتیک و وتی، "بۆ ئەوەى هەدەپە بێکاریگەر بکەن چییان لە دەست بێت لە دژی هەدەپە ئەنجامی دەدەن. بۆ پاکتاوکردنی هەدەپە و هەدەکە هیچ نەماوە ئەنجامی نەدەن. هەوڵیاندا بەرەو کوردستان خۆیان پێشبخەن، بەڵام نەیانتوانی، هەوڵیاندا رێگەیان لێبگرن و نەهێڵن بڕۆنە پەرلەمان و دەریان بکەن، بەڵام نەیانتوانی، هەموو رۆژێک دەستگیریان دەکەن، گوشاریان دەخەنە سەر، حیزبەکە داناخەن، بەڵام لە داخستن خراپتریان بەرامبەر دەکرێت. دەترسن، بە راستیش ئەگەر هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک هەبێت، ئەوا هەدەپە دەبێتە حیزبی یەکەم. لە ئاستی بەرخودان لە دژی فاشیزمدایە. لە دژی هێرشکارییەکان بەرەنگاری دەکات، دەبێت هێشتا زیاتر بەرەنگاری و بەرخودان بکات. دەڵێن، ئێمە هێزێکی ئاشتین، بەڵام ئەوەى بەرامبەریان هێزی شەڕە. لە دژی هێزێکی شەڕ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دەبێت مرۆڤ شەڕ بۆ ئاشتی بکات. بۆیە دەبێت بەرخودانی دژە فاشیست بە بنبەست نەگات و نابێت نا روون و لێڵ بکرێت. ئەم سەردەمەى کە ئێمەی تیادایە سەردەمی بەرخودانە. هەر کەس لە شوێنی خۆیدا بەپێی دەرفەت و هێزی خۆی دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەى فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێبکۆشێت. ئەو هەوڵە بۆ هەڵوەشاندنەوە نابێت تەنها لە هەڵبژاردن و تێکۆشان لە پەرلەماندا کورت بکرێتەوە. چونکە ئەوە دەسەڵاتێکە، کە بە هەڵبژاردن ناڕوات. ئێمە ناڵێین، هەڵبژاردن ناکات، دەتوانێت بیکات، بەڵام کەنعان ئەڤرەنیش هەڵبژاردنی دەکرد. هەڵبژاردن لە تورکیا ئیدی بەو شێوەیەیە. تەنها بە هەڵبژاردن ناڕوات. روون و ئاشکرایە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە هێرشی پاکتاوکاریی فاشیستییانەی ئەم سەردەمە ئەنجام دەدات، بۆیە لە دژی ئەوەش بەرخودانێکی هەمەلایەنە پێویستە. لە هەموو گۆڕەپانەکەدا پێویستی بە تێکۆشان هەیە. بەڵام کاری بنەڕەتی ئەوەیە، بەو زمانەى کە فاشیزم لێی تێدەگات، دەبێت وەڵامی بدرێتەوە. تێکۆشان بەڕێوەببرێت و دەبێت بەرخودانی شۆڕشگێڕی لە هەموو شوێنێکدا بکرێت. دەبێت بە هێز بکرێت و دەبێت لە دژی ئەو بکوژە فاشیستانە رێکخستنکردن و هۆشیارانە و بەئاگاییەوە هەڵوێست نیشان بدرێت".

دەبێت هەڵوێستێکی وەک عەگید جڤیان نیشان بدرێت

کاڵکان سەرنجی خستەر هەڵوێست و وەستانەوەى فەرماندەی هەپەگە عەگید جڤیان و وتی، "هێڵی راست، هێڵی بەرخودێرانی حەفتانین، خواکورک و بۆتانە. هێڵی راست هێڵی عەگید جڤیانە. لە شەنگاڵ رێگری لە رووڕەشیی ناوچاوانی مرۆڤایەتی گرت و رووی مرۆڤایەتیی سپی کردەوە. هەموو کەس یادی بەرز رادەگرێت. بووە ئەوە فەرماندەیە، کە لە دژی پاکتاوکردن و کوشتاری داعش وەستایەەوە، بۆ یەکەمجار وایکرد، کە داعش تێکبشکێت. لەلایەن دیکتاتۆریی تەیب ئەردۆغان – دەوڵەتی باخچەلیەوە کوژرا. لە راستیدا لە بۆتان بە کوشتنی عەگید جڤیان هەوڵیاندا تۆڵەى تێکشکاندنی داعش لە شەنگال بکەنەوە. بەو رادەیە لەگەڵ داعش بوونەتە یەک. داعش ئید ناتوانێت جوڵە بکات، ناتوانێت شەڕ بکات، ناتوانێت تۆڵە بکاتەوە، بەڵام فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئەو بۆشاییەى ئەوان پڕ دەکەنەوە. درێژە بە خەت و هێڵەکەی دەدەن.

بە راستیش رۆڵەیەکی قارەمانی گەڤەر بوو. گەلەکەمان لە گەڤەر چەند پێی سەربەرز هەر شایەنێتی. لە هەموو روویەکەوە کەسایەتییەکی پێشەنگ و نمونەیی بوو. وڵاتپارێزیی قوڵ بوو، ئازادیپارێز بوو، هەوڵی دەدا بە قوڵی لە راستیی رێبەر ئاپۆ تێبگات، لە هێڵی ژیانی ئازاددا قوڵ بوو، شۆڕشی ئازادیی ژنانی قبوڵکردبوو و لەسەر ئەو بنەمایە بۆ ئازادیی کوردان و دیموکراتیککردنی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر هێڵی فیداییانە شەڕی دەکرد، جەنگاوەرێکی شۆڕشگێڕی وەها بوە، کە جگە لەوە هیچ ژیانێکی تری جیاوازی قبوڵ نەدەکرد. نمونە ئەوەیە. بۆ ئەوانەى کە دەڵێن، "دەبێت ئێمە چی بکەین" مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، دەبێت ئێمە وەک عەگید جڤیان بکەین. بۆ ئەوانەى دەڵێن، "دەبێت ئێمە چۆن بین" دەبێت مرۆڤ بڵێت، کە پێویستە ئێمە وەک عەگید جڤیان بین. فاشیزم چەند هێرشکاریش بێت، شۆڕشگێڕیی ئەوەندە قوڵ، بەهێز، ئازادیپارێز، دیموکراتیکە و لەسەر هێڵێک بە بەهێزی بەرەوە سەرکەوتن دەڕوات".

ژ.ت